بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-08-15:49:00 - کۆدی بابەت: 5794
بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ

ناوه‌ڕۆك

کۆلیسترۆڵ

کۆلیسترۆڵ جۆرێکی چەورییە کە لەش پێویستی پێیەتی بۆ دروستکردنی پەردەی خانە و دروستکردنی هەندێک هۆڕمۆن، وە لەبەر ئەوەی ئەوەی کۆلیسترۆڵ لە ئاودا ناتوێتەوە، بۆیە جگەر ناچارە چەورییە پڕۆتینەکان دروست بکات کە کاردەکات بۆ گواستنەوەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا، لێرەوە بڵاوترین جۆرەکانی کۆلیسترۆڵ جیا دەبێتەوە بۆ چەند بەشێک و لە گرنگترینیان: کۆلیسترۆڵی سودبەخش، کە ڕێژەی پڕۆتین تیایدا لە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ زیاترە، هەروەها جۆری دووەم کە کۆلیسترۆڵی زیانبەخشە، کە ڕێژەی کۆلیسترۆڵەکەی زیاترە، کە ئەمەش واتای ئەوەیە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ کاریگەری نەرێنی زیانبەخشی هەیە لەسەر جەستە. 

هۆکارەکانی بەرزی کۆلیسترۆڵ 

هۆکاری زۆر هەن کە کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی کۆلیسترۆڵ، هەندێک لەو هۆکارانە دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵام هەندێکی تریان کۆنترۆڵ ناکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ناسینی هۆکارەکان زۆر گرنگە، گرنگترین ئەو هۆکارانەی دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن و ئەوانەشی کۆنترۆڵ ناکرێن بریتین لە:

ئەو هۆکارانەی دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن

  • تایبەتمەندی ژەمەکان: هەتا بڕی کۆلیسترۆڵ و شەکر و چەوری تێر و گۆڕاو زیاتر بێت لە ژەمەکاندا، هاوکاری بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ زیاد دەکەن.
  • کێش: چونکە قەڵەوی یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵە.
  • ڕاهێنانی وەرزشی: تاکوو ئەنجامدانی وەرزش و چالاکی جەستەیی کەمتر بێت زیاتر یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ.

ئەو هۆکارانەی کۆنترۆڵ ناکرێن

  • ڕەگەز: پاش گەیشتنی ئافرەت بە تەمەنی نائومێدی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە جەستەیدا زیاد دەکات. 
  • تەمەن: وەکوو بنەمایەکی گشتی، بە زیادبوونی تەمەن ئەگەر زیادبوونی کۆلیسترۆڵ زیاد دەکات، بەتایبەت دوای تەمەنی ٤٥ ساڵی لای پیاوان و ٥٥ ساڵی لای ئافرەتان.
  • مێژووی خێزانی: لە ئەگەری توشبوونی کەسێک لە خێزانەکە بە بەرزە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ پێشوەختە بەر لە ٥٥ ساڵ بۆ باوک و براکان و بەر لە ٦٥ ساڵ بۆ دایک و خوشکەکان ئەوە ئەگەری توشبوونی کەسانی تری خێزانەکە بە بەرزە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ زیاد دەکات. 
  • هەروەها جگەرە کێشان و هەندێک کێشەی تری تەندروستی وەکو شەکرە و تەمبەڵی ڕژێنی سایرۆید و هەندێک کێشەی گورچیلە هاوکارن لە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ .

نیشانەکانی بەرزی کۆلیسترۆڵ 

بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ بە شێوەیەکی بێدەنگ ڕوودەدات،  واتا نابێتە هۆی دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک، بەڵام دەکرێ کۆلیسترۆڵی زیادە بە شێوەی ئەڵقەیەکی ڕەنگ سپی یان ڕەساسی لە دەوری ڕەنگێنەی چاو دەربکەوێت، هەروەها ڕەنگە دەربکەوێت بە شێوەی وشکبوونی چاو و پێست و ژێی ماسولکەکان کە بارستەی ڕەنگ زەرد دروست دەکەن، لەگەڵ ئەوەی بە نەخۆشییەکی بێدەنگ دادەنرێت بەڵام مانەوەی بە بەرزی بۆ ماوەیەکی زۆر بە بێ هیچ چارەسەرێک دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو بڕە خوێنەی دەگات بەو ئەندامانەی کە ئەو خوێنبەرانە خوێنی بۆ دەبەن کە توشی ڕەقبوون بوون، کە دەبنە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشی مەترسیدار بۆ سەر ژیان، لە گرنگترینیشیان:

  • جەڵتەی مێشک.
  • جەڵتەی دڵ.
  • سینگەکوژێ (ئازاری سنگ).
  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن  
  • نەخۆشی لولە خوێنەکانی پەلەکان.
  • نەخۆشی گورچیلەی درێژخایەن. 

دەستنیشانکردنی بەرزی کۆلیسترۆڵ

بۆ زانینی ئەوەی ئایا ڕێژەی کۆلیسترۆڵ بەرزە یان نا، نمونەیەکی خوێن لە نەخۆشەکە وەردەگیرێت پاش ‌هیچ نەخواردنی زیاتر لە ١٢ کاتژمێر و ناردنی بۆ تاقیگە، کە ئەویش هەڵدەستێت بە دیاریکردنی ئاستی چەورییەکانی ناو خوێن، کە خۆی دەبینێتەوە لە:

  • کۆی گشتی کۆلیسترۆڵ.
  • کۆلیسترۆڵی زیانبەخش. 
  • کۆلیسترۆڵی سوودبەخش.
  • چەورییە سیانییەکان.

تێبینی: ڕێژەی ئاسایی هەر یەک لەوانە ئەوە بەم جۆرەیە:

  • کۆلیسترۆڵی گشتی: کەمتر لە ٢٠٠ ملگم/ دیسیلیتر، تا ژمارەکە نزمتریش بێت باشترە. 
  • کۆلیسترۆڵی زیانبەخش: لە ٧٠ بۆ ١٣٠ ملگم/ دیسیلیتر، تا کەمتریش بێ باشترە. 
  • کۆلیسترۆڵی سوودبەخش: زیاتر لە ٤٠ بۆ ٦٠ ملگم/ دیسیلیتر، تا ژمارەکە زیاتریش بێت باشترە، چونکە یارمەتیدەرە لە نەهێشتنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش.
  • چەوری سیانی: لە ١٠ بۆ ١٥٠ ملگم/ دیسیلیتر، تا ژمارەکە کەمتریش بێت باشترە. 

ڕێگاکانی چارەسەری بەرزی کۆلیسترۆڵ 

بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ پێویستی بە هەندێک هەوڵە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان، وەکوو هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی کۆلیسترۆڵ بۆ ئاستی ئاسایی خۆی، ئەگەر وێڕای ئەوەش هەر بە بەرزی مایەوە ئەوە ئەوکات پێویستە پەنا ببرێتە بەر دەرمان بۆ کەمکردنەوەی و گەڕاندنەوەی بۆ ئاستی ئاسایی، چارەسەرەکانیش بەم جۆرەن:

گۆڕینی شێوازی ژیان

  • سنوردارکردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کۆلیسترۆڵ: وەکو گۆشت و زەردێنەی هێلکە و شیرەمەنییەکان کە دەوڵەمەندن بە چەوری.
  • دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە چەوری گۆڕاو: وەکو ڕۆنی ڕووەکی و کێکی برژاوی بازاڕی. 
  • هەڵبژاردنی چەوری تەندروستتر: وەکو تاک چەوری ناتێر کە لە زەیتی زەیتووندا هەیە. 
  • هەڵبژاردنی دەنکی پڕ (پاقلەی پڕ بە نمونە).
  • زیادکردنی سەوزەوات و میوەجات. 
  • خواردنی ناسی بەسوود بۆ تەندروستی دڵ: وەکو ماسی سەلەمون و ڕەنجە. 
  • خۆدوورگرتن لە خواردنەوەی بڕێکی زۆری کهول.
  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشت بە شێوەیەکی ڕێکخراو. 
  • دوورکەوتەنەوە لە جگەرە کێشان.

دەرمانەکان

لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک کارتێکەر، وەکوو تەمەنی نەخۆش و حاڵەتی نەخۆشییەکەی و ڕێژەی ئەگەری ڕوودانی کاریگەری لاوەکی تیایدا، گرنگترین دەرمانەکیش بریتین لە:  نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک کارتێکەر، وەکوو تەمەنی نەخۆش و حاڵەتی نەخۆشییەکەی و ڕێژەی ئەگەری ڕوودانی کاریگەری لاوەکی تیایدا، گرنگترین دەرمانەکیش بریتین لە: 
١- ستاتینەکان. 
٢- کۆلیسترەمین(cholestyramine) و هاوشێوەکانی. 
٣- ئەو دەرمانانەی کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەڵمژینەوەی کۆلیسترۆڵ وەکوو ئەزیتیماب(Ezitimabe).
٤- دەرمانەکانی تر کە لە ڕێی دەرزییەوە دەدرێن.

خۆپارێزی لە بەرزی کۆلیسترۆڵ 

وەکو دەوترێت، خۆپارێزی لە چارەسەر باشترە، بۆیە پێویستە ڕێگاکانی خۆپارێزی لە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ بناسرێت، بە مەبەستی پابەندبوون پێوەی و هێشتنەوەی کۆلیسترۆڵ لە ئاستی ئاسایی خۆیدا، گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپارێزیش بریتین لە: 

  • خواردنی ئەو خۆراکانەی بڕێکی زۆرکەم کۆلیسترۆڵ و چەوری ئاژەڵییان تێدایە و زیادکردنی خواردنی خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە ڕیشاڵ. 
  • دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی کهول.
  • پارێزگاری لە کێشی تەندروست.
  • ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی ڕێکخراو.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان.


سەرچاوەکان



1358 بینین