پزیشک

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-18-16:29:00 - کۆدی بابەت: 5950
پزیشک

ناوه‌ڕۆك

پزیشک چییە؟

پزیشک یاخود دکتۆر کەسێکە کە خوێندنی بەشی پزیشکی تەواودەکات و دەبێتە کەسێک کە لە کۆمەڵگا ئەرکی خۆی وەک پارێزەری لایەنی تەندروستی مرۆڤەکان بەجێدەهێنێت، ئەم چارەسەرش لە ڕێگای چاودێری، پشکنین، پرسیار و ڕاوێژ، و دەرمانکردنەوە دەبێت.

بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی سوودبەخش دەبێت لە هەریەک لە بەشەکانی (جەستەی مرۆڤ، ئەندامەکانی ناوەوەی، دەرمانناسی، دەروونناسی) بزانێت و هەموو مرۆڤێک وەک یەکتری سەیرنەکات و بۆ هەر کەسێک نوێ ببێتەوە و لە بنچینەوە دەست پێبکات بۆ یارمەتیدانی کەسەکە، لە مێژووشدا بەو کەسە وتراوە "حەکیم" و "تەبیب"، ئێستاش لەلایەن زۆرێک لە بەتەمەنەکانەوە بەو ناوانە و وشەی "دختۆر" ناودەبرێن.

وشەی پزیشک وشەیەکی فارسییە و لە کوردیش بەکاردێتەوە، لە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت "Doctor" و لە عەرەبیش بە "طبیب" دەناسرێت.

کاری پزیشک

لە جیهانی سەردەم کاری پزیشک کارێکی حکوومییە و ئەرکە لەسەر شانی ئەو کەسەی دەخوێنێت ببێتە خزمەتکاری وڵات و لە نەخۆشخانە سەردان بکات و نەخۆش ببینێت، هەندێک لە پزیشکەکانیش بە تایبەت خۆیان بنکەی چاودێری و نۆرینگە دادەنێن و نەخۆشەکان لە کاتی نەبوونی کات بۆ نەخۆشخانە سەردانی ئەوێ دەکەن، بەڵام بە پارەیەکی زیاتر.

لە هەرێمی کوردستان پزیشکەکان بۆ ماوەی شەش ساڵ دەخوێنن بە گشتی بەشی پزیشکی دەناسن، لەدوای ئەوە دادەمەزرێن و هەر ماوەیەک و لە چەند شارێکی هەرێم لە بنکەی چاودێری و فریاکەوتنی خێرا یان "تەواڕی" نەخۆش دەبینن و دەمێننەوە بۆ ماوەی ساڵێک، دوای ئەوەش ساڵێکی دیکە لە قاوش و شوێنی حەوانەوەی نەخۆشەکان دەبنە چاودێری نەخۆش و ڕێکارەکانی چاودێری دەناسن و پێی ئاشنا دەبن.

لەدوای ئەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ یان زیاتر لە بەشێکی تایبەتی پزیشکی دەخوێنن بە پێی نمرە و ئاستی خوێندن و ژمارەی کورسی ئامادە لەو زانکۆیە و ئارەزووی خۆیان، کە ئەو بەشانەن لە ڕۆژانە دەیانبینین و هەرکەسێک و پسپۆڕی بەشێکە و بڕوانامەی بۆرد بەدەست دەهێنێت.

زۆرێک لە کچانی خوێندکاری پزیشکی دەڕۆنە بەشی پزیشکی منداڵبوون و دووگیانی و ژنان و ئێستا بە دەگمەن پیاوان لەو بەشەدا کاردەکەن، ئەمە جگە لەوەی تەواوی بەشەکانی دیکەش لە کچ و کوڕی تێدایە.

پلەی پزیشکەکان

  • پزیشکی ڕاوێژکار: بریتیە لە پزیشکێکی پسپۆڕ کە زیاتر لە ١٥ ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەیە لە پسپۆڕیەکەی خۆی.
  • پزیشکی پسپۆڕی ورد: بریتییە لەو پزیشکەی کە پسپۆڕی هەیە لە بوارێکی پزیشکی و لە بەشێکی ئەو بوارەش پسپۆڕیەتی وردی بەدەست هێناوە وەکوو پزیشکێک کە پسپۆڕی هەناوە و لە بواری دڵیش پسپۆری وردی هەیە.
  • پزیشکی پسپۆڕ: بریتییە لەو پزیشکەی کە دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە یەکێک لە پسپۆڕیەکان دەبێت بە پزیشکی پسپۆڕ، کە سەرپەرشتی پزیشکانی پایە بڵند و نیشتەجێی خولاو دەکات.
  • پزیشکی شارەزای لق: بریتیە لەو پزیشکەی کە دوای ماوەیەک کارکردنی وەکو پزیشکی نیشتەجێی دێرین(پایەبڵند) لە یەکێک لە پسپۆڕییەکان، دواتر لەو بوارەی خۆی بەردەوام دەبێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاری پزیشکی دەکات لە هەمان بوار، بەبێ ئەوەی دەستی بە خوێندنی باڵا کردبێت.
  • پزیشکی پایە بڵند: بریتییە لەو پزیشکەی کە لە یەکێک لە پسپۆڕییەکانی بواری پزیشکی کاردەکات و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و راوێژکارەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە هەمانکاتدا هاوکاری پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لە فریاکەوتن و نەخۆشخانەکان. زۆرینەی پزیشکانی ئەم بەشە لە یەککات ئەرکی پزیشکی جێبەجێ دەکەن و قوتابی خوێندنی باڵاشن.
  • پزیشکی شارەزای گشتی: بریتییە لەو پزیشکەی کە سێ ساڵی ئەزمونی کارکردنی پزیشکی هەیە و شارەزایی پێویستی وەرگرتوە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.
  • پزیشکی پلەبەند: بریتیە لەو پزیشکەی دوای تەواوکردنی دوو ساڵی پڕ لە ئەزموون لە فریاکەوتن و نەخۆشخانەکان بە سیستەمی خولاو، دواتر لە قەزا و ناحیەکان کاری پزیشکی دەکات. واتا پزیشکی پلەبەند ساڵی سێهەمی ژیانی پزیشکییە.
  • پزیشکی نیشتەجێی خولاو یاخود موقیم: بریتیە لەو پزیشکەی کە دوای تەواوکردنی کۆلێژ بۆ ماوەی دوو ساڵ بە چڕ و پڕی لە فریاکەوتنەکان و نەخۆشخانەکان بە شێوەی خولاو کاری پزیشکی دەکات لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕ و پایەبڵندەوە (نیشتەجێی دێرین) سەرپەرشتی دەکرێن.

تێبینی: پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند و پزیشکی نیشتەجێی دێرین(پایەبڵند) مافی کردنەوەی کلینیکی پزیشکی تایبەتییان نییە.


سەرچاوەکان

124 بینین