پەروەردەکردنی منداڵ پاش جیابوونەوەی دایک و باوک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-19-15:30:00 - کۆدی بابەت: 5962
پەروەردەکردنی منداڵ پاش جیابوونەوەی دایک و باوک

ناوه‌ڕۆك

جیابوونەوەی دایک و باوک

جیابوونەوەی دایک و باوک زیانێکی زۆری ڕۆحی دەگەیەنێت بە منداڵەکە، زۆر جار منداڵەکە خۆی بە هۆکاری جیابوونەوەیان دەزانێت و سەرزەنشتی خۆی دەکات یاخود بێزار دەبێت لە خۆی، لەوانەیە بڕیار بدات کاتێکیش کە گەورە بوو هەرگیز هاوسەرگیری نەکات و لێی بترسێت، گرنگە دایک و باوکەکە دوای جیابوونەوەیان گرنگی زۆر بدەن بە منداڵەکەیان و چاودێری بکەن، ئاگاداربن کە لەم جیابوونەوەیە زیانێکی زۆری بەرنەکەوێت.

چەند خاڵێکی گرنگ تاکوو دوای جیابوونەوە منداڵەکە پەروەردەیەکی جوانی هەبێت

شەڕەکانتان لە بەرچاوی ئەودا مەکەن

گرنگە کێشە و شەڕەکانتان دوور بێت لە چاوی منداڵەکەتانەوە، منداڵ نابێت ئاگاداری شەڕی دایک و باوکی بێت چ پێش جیابوونەوە بێت یاخود دوای جیابوونەوە، هەندێک لە هاوسەران دەڵێن کە پەیوەندیان دوای جیابوونەوە باشتر بووە و شەڕ ناکەن کاتی یەکتر بینین، بەڵام بەداخەوە زۆرینە وانییە و بەردەوام دوای جیابوونەوەش لەبەردەم منداڵەکەیاندا شەڕ دەکەن، هەروەها دەردەدڵ و قسەکانی خۆت لە لای منداڵەکەت مەکە و ئەو مەخە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەوە.

لە بەردەم منداڵەکەت بە خراپە باسی هاوسەرەکەت مەکە

ئێستا منداڵەکەت بووەتە دوو بەشەوە، هەر چۆنێک بووە کەسی بەرامبەر یان دایک یاخود باوکی ئەویشە و خۆشی دەوێت، ٪٥٠ منداڵەکەت هی کەسێکی ترە و پێکەوە ئەم منداڵەتان دروست کردووە کاتێک بەردەوام لای منداڵەکەت قسە بە هاوسەرەکەت دەڵێیت و بە خراپە باسی دەکەیت، منداڵەکەشت وا تێدەگات کە ڕقیشت لەوە وەک چۆن ڕقت لە هاوسەرە کۆنەکەشتە، زۆر جار ڕووبەڕووی هاوسەرەکەت دەبیتەوە لە بۆنەکاندا و کاتێک منداڵتان هەبوو ناچارن دوای جیابوونەوەش یەکتری ببینن، هەوڵبدەن هەرگیز لای منداڵەکەت شەڕ مەکەن و کاتێک یەک دەبینن سڵاو بکەن و لە بارودۆخی یەکتری بپرسن، ئەمە هەستێکی خۆش دەدات بە منداڵەکەت.

لەگەڵ توێژەرێکدا قسە بکە

لەگەڵ هاوسەری پێشووتدا لەبەر منداڵەکەتان لەگەڵ توێژەرێکدا قسە بکەن و هەوڵبدەن لە یەکتری تێبگەن و هەندێک شت قبوڵ بکەن لەبەر ئایندەی منداڵەکەتان، تاکوو زیانی زۆری بەرنەکەوێت و کەسێکی ڕووخاوو نەبێت لە داهاتوودا.

شوێنێکی تایبەت دابنێ بۆ ئاڵوگۆڕی منداڵەکەت

کاتێک منداڵەکەت دەدەیتە هاوسەرەکەت و کاتی ئەوەیە کە لەلای ئەو بێت، شوێنێک دابنێن کە خەڵکی زۆری تێدا بێت تاکوو ئەگەر بەو هۆیەشەوە بێت نەتوانن قسە بە یەک بڵێن و دەنگ بەرزکردنەوە و شەڕ ڕووبدات، بەم شێوەیە بۆ منداڵەکەشتان زۆر باشتر دەبێت.


سەرچاوەکان



1374 بینین