هۆشەنگ ئیبتیهاج

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-20-22:44:00 - کۆدی بابەت: 5973
هۆشەنگ ئیبتیهاج

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەکێکە لە شاعیر و نووسەر و هونەرمەندەکانی وڵاتی ئێرانە و بە ناسناوی ھ.ئـ.سایە دەناسرێت.

ناوی ئەمیر هۆشەنگ ئیبتیهاج
ناسناو سایە
لەدایکبووی ٢٦/٢/١٩٢٨ ڕەشت-ئێران
شوێنی نیشتەجێبوون ئەڵمانیا
پیشە شاعیر، توێژەر
جۆری نووسین شیعری نوێ، غەزەل، مەسنەوی
کاریگەرە بە حافز

ژیان

ئەمیر هۆشەنگ ئیبتیهاج لە ڕۆژی یەکشەممە لە ٢٦/٢/١٩٢٨ لە شاری ڕەشت لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە، باوکی یەکێک بووە لە پیاوە ناسراوەکانی ڕەشت و ناوی "ئاغاخان ئیبتیهاج" بووە، ماوەیەک بەڕێوبەری نەخۆشخانەی پورسینای ڕەشت بووە. ئیبتیهاج خوێندنی سەرەتایی لە ڕەشت و خوێندنی ناوەندی لە تاران تەواو دەکات، هەر لەو ساڵانەدا یەکەمین دەفتەری شیعری خۆی بە ناوی "نخستین نغمه‌ها" دەنوسێت. لە گەنجیدا عاشقی کچێکی ئەرمەنی بە ناوی "گالیا" دەبێت کە لە شاری ڕەشت نیشتەجێبووە، ئەو عیشقەش بووەتە سەرچاوەی یەکەمین شیعرەکانی ئەوکاتی، دوای ئەوەی ئێران تووشی جەنگ و ناخۆشی بوویەوە لەو ساڵانەدا، شیعرێکی دیکەی بەناوی "دیرست گالیا" بە واتای "گالیا، درەنگە" نووسی کە باس لە عیشقی خۆی و تێکەڵبوونی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی وڵاتە. ساڵی ١٩٥٥ لەگەڵ ئاڵما مایکیاڵ هاوسەرگیری دەکات و خاوەنی چوار منداڵە.

لە ساڵی ١٩٦٨ بە خوێندنەوەی شیعر لەسەر مەزاری حافظ لە ئاهەنگی هونەری شیراز دەردەکەوێت، پاستانی پاریزی لە سەفەرنامەکەی خۆی کە ناوی "لە پاریس بۆ پاریس"ـە دەڵێت: "ئیبتیهاج پێش ئەوە هەرگیز باوەڕی نەدەکرد شیعرەکانی ئەوەندە کاریگەری هەبێت لەسەر خەڵکی".

ئیبتیهاج لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ ١٩٧٥ بەڕێوبەری بەرنامەی گوڵەکان "گلـها" بوو لە ڕادیۆی ئێران و دامەزرێنەری بەرنامەی مۆسیقی گوڵچینی هەفتە بوو. لەو ماوەیەشدا هەندێک لە شیعرەکانی لەلایەن گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی ئەوکاتەوە کرانە گۆرانی، وەک: "محەمەد ڕەزا شەجەریان، عەلیڕەزا ئیفتیخاری، شەهرام نازڕی، حسێن قەوامی، محەمەد ئەسفەهانی". هەریەک لە شیعرەکانی "تۆ ئەی پەری لەکوێی؟" و "سپێدە" کە بە گۆرانی "ئێران ئەی سەرای ئومێد"ـیش بەناوبانگە هی ئیبتیهاجن کە یەکەمیان لەلایەن حسێن قەوامی و دووەمیان لەلایەن محەمەد ڕەزا شەجەریانەوە وتراوە.

سایە بەهۆی ڕووداوەکانی مەیدانی ژاڵە کە بە ڕووداوەکانی ٨/٩/١٩٧٨ـیش دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە محەمەد ڕەزا لوتفی و محەمەد ڕەزا شەجەریان و حسێن عەلیزادە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لە ڕادیۆی ئێران و ماوەیەکیش وەک بەڕێوبەری گشتی کارگەی چیمەنتۆی تاران دەستبەکاربوو. ساڵی ١٩٩٥ دەڕواتە ئەمریکا و لە شارەکانی برۆکلی و لۆس ئەنجلۆس و دالاس و نیویۆرک و فیلادلفیا و ساندیێگۆ و سیاتل بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی حافز و قسەکردن لەسەر شیعر لە کۆبوونەوەکاندا.

سایە لە وڵاتی ئێران ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت و کەسێکی دڵخوازی خەڵکییە، هاوڕێی نزیکی شەجەریان و لوتفی و عەلیزادە بووە و لەگەڵ کۆچی دوایی شەجەریاندا وتی: "چەندین جار وتومە ناتوانم ئێران بەبێ شەجەریان ببینم، بەڵام ئەوەندە مامەوە تا ئەو کارەساتەشم بینی، لەوانەیە ١٠ ساڵی دیکە بتوانم شیعرێک بۆ شەجەریان بنوسم چونکە وشەکان لە بەرامبەری ئەو سست و لاواز و بێهێزن، بە ئومێدی دیدار، هەرچەند ئومێدێک نییە".

زیندان و شیعری ئەی ئێران

کاتێک ساڵانی هەشتاکان ئیبتیهاج زیندانی دەکرێت، لەوێ لە بڵندگۆی زیندانەوە گۆرانییەکی محەمەد ڕەزا شەجەریان لێدەدرێت کە دەڵێت:

"ئەی ئێران، ئەی سەرای ئومێد"

ئیبتیهاج دەڵێت کە ئەوەم بیست دەستم کرد بە گریان، هەمووان وتیان بۆ دەگریت، وتم شاعیری ئەو شیعرە منم.

پەیوەندی لەگەڵ حیزبی تودە

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری مهرنامە لە ساڵی ٢٠١٣ دەڵێت:

"هەرگیز ئەندامی حیزبی تودە نەبووم، بەڵام هەمیشە سۆسیالیست بووم و ڕێزم لە تودەییەکان دەگرت و هاوڕێ و هاوبیریان بووم".

لە شوێنێکی دیکە دەڵێت:

"من بە سەلامەتی تیۆری سۆسیالیزم باوەڕم هەیە و هێشتاش باوەڕم وایە هیچ ڕێگایەک لە پێش مرۆڤ نییە جگە لە سۆسیالیزم".

خەڵاتی سوڵح

لە ٤/١٠/٢٠١٨ لە مەراسیمی کۆتایی شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەر بۆ سوڵح و ئاشتی، نیشانەی باڵای هونەر بە هۆشەنگ ئیبتیهاج بەخشرا.

کۆچکردنی بۆ ئەڵمانیا

ئیبتیهاج ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و دەڵێت:

"ڕۆشتنەکەم بە زۆر نەبووە، سەرەتا یەکێک لە منداڵەکانم ڕۆشت، دواتر ژنەکەم بۆ ئەوەی ئەو بە تەنیا نەبێت ڕۆشت، دواتریش منداڵەکانی دیکە و لە کۆتاییدا منیش لە ١٩٨٥ ڕۆشتمە ئەوێ، بەڵام بۆ هەمیشە نییە و ماوەماوە لە تاران دەمێنمەوە.

ڕۆژانە دوو بۆ سێ کاتژمێر دەخەوم و بەیانیان زوو هەڵدەستم و نان و چا ئامادە دەکەم، دواتریش سەیری تەلەفزیۆن دەکەم و دەبینم کە ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ شێتانەتر دەبێت، شەوانیش کەمێک پیاسە دەکەم و دواتریش دەنووم، هەر ئەوەندە.

شیعر وتن ئەڵمانیا و ئێرانی ناوێت، ئەم ڤایرۆسە لە هەموو شوێنێک لەگەڵمدایە و لێرەش شیعر دەنووسم".

پەیوەندی لەگەڵ حافزی شاعیر

یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سایە بریتییە لە ڕێکخستنەوەی هەندێک لە شیعرەکانی شاعیری گەورەی ئێران "حافظ" و ناوی لێناوە "حافظ بە هەوڵدانی سایە"، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٩٣ ئەم کۆمەڵە شیعرەی بڵاوکردەوە، سایە چەندین ساڵ هەوڵی داوە بۆ تێگەشتنی تەواو لە مەبەستەکانی شاعیر و ئەم بەرهەمەش کۆکراوەی تەواوی ئەو هەوڵانەیەتی کە لە سەرەتای چاپەکەدا وتویەتی پێشکەش بە هاوسەرەکەم.

کۆچی دوایی

ئەمیر هۆشەنگ ئیبتیهاجی شاعیر لە تەمەنی ٩٤ ساڵی لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١٠/٨ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەهۆی سستیی گورچیلەکانییەوە کۆچی دوایی کرد. 

ماڵەکەی ئیبتیهاج

ماڵی ئیبتیهاج دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی محەمەد ڕەزا شای ئێران و دەکەوێتە شەقامی فیردەوسی لە شاری تاران، ئەم ماڵە دوو نهۆمە و لە خشتی سوور دروستکراوە، لە ١٦/١١/٢٠٠٨ دەکرێت بە بەشێک لە میراتی کلتووری وڵات، ئەوەی زیاتر ئەم ماڵەی بەناوبانگ کردووە بریتییە لەو درەختی ئەرخەوانەی کە لە ماڵەکەدایە هەیە، هەر بۆیە ناوی ماڵەکە لە لیستی میراتی کلتووری بە "ماڵی ئەرخەوان" نوسراوە.

درەختی ئەرخەوان

درەختێک لە حەوشەی خانووەکەدایە، ئیبتیهاج دەڵێت کاتێک ئەو زەوییەکەی کڕیوە ئەو درەختە وشک بووە و ویستویانە هەڵیبکێشن، بەڵام ئەو وتویەتی کە زیندووی دەکاتەوە و ڕێگری کردووە لەو کارە، هەر بۆیە بەردەوام خزمەتی کردووە تا بووەتە درەختێکی گەورە و ڕازاوە لە ماڵەکەیدا، ئیبتیهاج دوای ماوەیەکی زۆر بۆ کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا خانووەکەی دەفرۆشێت، بەڵام ئەوەندە عاشقی ئەو درەختە دەبێت وەک خۆی دەگێڕێتەوە کاتێک لە ماڵەکە دەڕواتە دەرەوە ڕوو وەردەگێڕێت بۆ ئەوەی درەختەکە نەیبینێت و هەست بە شەرمەزاری بکات.

سایە چەندین شیعری بۆ ئەو درەختە نوسیووە و لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە باسی کردووە، وەک دەڵێت:

ئەرخەوان! لقی هاوخوێنی جیابووەوەی من
ئەمڕۆ ئاسمانی تۆ چ ڕەنگێکە؟
کەشوهەوا خۆرەتاوە؟ یان هێشتا گیراوە
من لەم گۆشەوە کە لە دونیا بەدەرە
هیچ خۆرێک لەسەر سەرم نییە
ئاگاداری بەهارەکان نیم
ئەوەی دەیبینم دیوارە

ساڵی ٢٠١٢ مهیار عەلیزادە ئاوازی بۆ ئەم شیعرە دانا و لەلایەن عەلیڕەزا قوربانییەوە کرا بە گۆرانی و سایە خۆی دەڵێت زۆر بە دڵم بووە.

افتابا چه خبر؟

ئەی خۆر چ باسە؟
ئەم هەموو ڕێگایە هاتوویت
بۆ ئەوەی بەم خاکە بێگانەیە بگەیت؟
ئەرخەوانی منت لە ڕێگا بینی؟
وەک من پیر بووە؟
چیت پێگوت؟ ئەو چی بە تۆ گوت؟
نا، من بۆچی دەپرسم!
ئەرخەوان خامۆشە
زۆر دەمێکە کە ئەو، خامۆشە
ئاشنایانی زمانی ڕۆشتوون
ئەرخەوان وێرانە
هەردووکمان، وێرانین

ئەرخەوان، دەبینیت؟

ئەرخەوان دەیبینیت؟
هاتوون بۆ تەماشاکردنی وێرانەیی ئێمە
ماوینەتەوە تاوەکوو نەبوون ببینین؛
لەگەڵ بیستنی کۆتایی چیرۆکەکە
لە پشت ئەم پەنجەرە داخراوەوە هێشتا
بۆنی ئاوازی "بەنان" ماوەتەوە
شەهریار لێرە
شیعری "نقاش"ـی خوێندووە
ئەو شەوە "ئەفشاری"
لەگەڵ "کەسایی" و "قەوامی" و "ئەدیب"
تا "قەرایی" و "فرود"
لە لوتکەی چێژدا بووین
"شەجەریان"، "لوتفی"
چ شەوێک بوو، بەداخەوە
ژیان ڕووی لەم لانکەی خەمە وەرگێڕاوە
ئەرخەوان
دار و دیواری وێرانە کوا جێگای تەماشایە؟

بەرهەمەکانی

- نخستین نغمه‌ها

- سراب

- سیاه مشق

- شبگیر

- زمین

- چند برگ از یلدا

- یادنامه (وەرگێڕانی شیعری تومانیان شاعیری ئەرمەنی، بە هاوکاری نادرپور، گالۆست خاننس و ڕۆبن)

- تا صبح شب یلدا

- یادگار خون سرو

- حافظ به سعی سایه (دیوانی حافظ بە نوێگەری ئیبتیهاج)

- تاسیان (شیعری قاڵبی نوێ)

نموونەی شیعر

عیشق

ئەی عیشق ئەم بەهانەیە هەموو لە تۆوەیە
من خامۆشم، ئەم گۆرانیە لە تۆوەیە
ئەو بانگە بەرزەی بەیانیان و؛
ئەم لورەلوری شەوانەیە
لە تۆوەیە
من كە بە خەمی خۆم نازانم
ئەم گریانە، بێ بەهانەیەش
لە تۆوەیە ..

كچی خۆرەتاو

لە ودیو پەردەی رازی شەوگارەوە..
كچی خۆرەتاو، بە ئەسپایی ..
دامێنی سپێدەیەكی سەماكەری زێڕین ،
دەهۆنێتەوە..
لە ژێر لێوەوە ئاوازی نیگای
سیاهی خۆی ئەچڕێ ...
مەلی مەرگباریش،
ڕوخساری ڕازاوەی.. بەرەبەیانی كەسێكە
كانی خۆرەتاو.. ژاكاو وغەمگینە ..
خوێنی ساردی ئەم تیغە شوومە
لە ناخی شەودا غار ئەدا..
ئاوازی ژێرلێوی پەردەی ،
ڕازی شەوی ئەم كچە خۆرتاوییە..
هێشتا هەر،
دامێنی زێڕینی سپێدەی سەماكەر
بە ئەسپایی دەهۆنێتەوە..

درەنگە گالیا

درەنگە گالیا!
عیشقی من و تۆ .. ئاھ
ئەمەش بۆ خۆی چیرۆکێکە
بۆ نانی شەو
بەڵام بۆ ئەم زەمانە کە هەمووکەسێک گرفتارە
ئیتر کاتێک بۆ شیعر و چیرۆک بوونی نییە!


سەرچاوەکان



2228 بینین