ئۆکتانە ژمارە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-22-15:53:00 - کۆدی بابەت: 5996
ئۆکتانە ژمارە

ناوه‌ڕۆك

ئۆکتانە ژمارە چییە؟

پۆلێنی ئۆکتان یاخود ئۆکتانە ژمارە (بە ئینگلیزی: Octane number)، پێوانەیەکی ستانداردە بۆ پێوانی ڕەوشتێکی فیزیایی سووتەمەنی و بریتییە لە پێوانی توانای گازۆلین لە ناو بزوێنەری ئۆتۆمبێلدا لە دژی ئەو پەستانەی دەخرێتە سەری، هەروەها پێشی دەوترێت پۆلێنی دژە تەقەتەق (Antiknock Rating بە واتایەکی تر توانای سوتەمەنی دەپێوێت بۆ بەرگریکردنی دژی تەقەتەق کاتێک لەناو لولەی بزوێنەرەکەدا گڕدەگرێت و دەسووتێت بە تێکەڵبوونی لەگەڵ هەوادا.

مەبەست چییە لە تەقەتەق لە بزوێنەردا؟

تەقەتەقکردنی ئامێری بزوێنەر دەنگێکە کە ئاماژەیە بۆ سووتانێکی نائاسایی سووتەمەنی لەناو بزوێنەردا، کاتێک سووتانی سووتەمەنی نائاسایی بوو دەنگێکی نائاسایی لە بزوێنەردا دەردەچێت کە پێی دەوترێت تەقەتەق، کە ئەگەر بە شێوەیەکی کەم و ئاسایی بوو ئازاری بزوێنەرەکە نادات، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی توند و درێژخایەن بوو دەبێتە هۆی دروستبوونی دەنگێکی نەخوازراو و بەهەدەردانی وزە، هەروەها گەرمبوونی زیاد لە پێویستی بەشەکانی بزوێنەر، یان تێکشکاندنی بزوێنەرەکە.

گرنگی ئۆکتانە ژمارە چییە و چۆن کاردەکاتە سەر سووتەمەنی؟

بزوێنەری ئۆتۆمبێل پەستان ناخاتە سەر سووتەمەنی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵکو تەنها پەستان دەخاتە سەر هەوا و ئەو سووتەمەنییەی کە لە ڕێگای پەستان خستنەسەریەوە گەرم بووە کێشدەکات بۆ ناو هەوا و تێکەڵەیەکی هەوا و گازۆلین دروست دەبێت.

ئەو سووتەمەنییانەی ئۆکتانە ژمارەیان بەرزە بۆ ئەو بزوێنەرانە بەکاردێن کە پەستانیان بەرزە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی وزەیەکی زیاتر، وزەی زۆریش لە ئەنجامی خستنەسەری پەستانێکی زۆر لەلایەن بزوێنەرەوە بۆ سوتەمەنییەکە دروست دەبێت و ڕاستەوخۆ لە سووتەمەنییەوە دەست ناکەوێت، بە واتایەکی تر بزوێنەرەکە پێویستی بە وزەیەکی زۆرە بۆ پەستان خستنە سەر ئەو جۆرە سووتەمەنییانە، زیادبوونی ئەم پەستانە وا لە بزوێنەر دەکات کە بتوانێت وزەیەکی میکانیکی زیاتر دەربهێنێت لە تێکەڵەی هەوا و سووتەمەنی ناو بزوێنەرەکەدا، بۆیە ئۆکتانە ژمارەی بەرز واتای چالاکی سووتەمەنی و گونجاوی دەگەیەنێت.

بەڵام ئەو سووتەمەنییانەی ئۆکتانە ژمارەیان نزمە و سیتەینە ژمارەیان (Cetane number) بەرزە (خێرایی سووتانی سوتەمەنی و ئەو پەستانە دیاری دەکات کە پێویستە بۆ گڕگرتنی سوتەمەنی) وا لە بزوێنەرەکە دەکەن بە شێوەیەکی خراپ کاربکات و بەپێی تێپەڕبوونی کات دەبنە هۆی تێکشکانی بزوێنەرەکە.

جۆرەکانی ئۆکتانە ژمارە

ئۆکتانە ژمارەی توێژینەوە Research octane number (RON)

باوترین جۆری ئۆکتانە ژمارەیە و پێناسەی ڕەوشتی سووتەمەنی دەکات لەناو بزوێنەردا لە خێراییەکی کەم و پلەی گەرمییەکی کەمدا و لەڕێگا نزمەکاندا، هەروەها دەستەواژەیەکە بۆ دەربڕینی ڕەوشتی توندیی سووتەمەنی، ئۆکتانە ژمارەی توێژینەوەی باشترین گازۆلین دەبێت بە لایەنی کەمەوە ٩٨ بێت.

ئۆکتانە ژمارەی بزوێنەر  (Motor octane number (MON

ئۆکتانە ژمارەی بزوێنەر پێناسەی ڕەوشتی سووتەمەنی دەکات لەناو بزوێنەردا لە خێراییەکی بەرز و پلەی گەرمییەکی بەرزدا و لە ڕێگا بەرز و سەختەکاندا، ئۆکتانە ژمارەی بزوێنەری باشترین گازۆلین دەبێت بە لایەنی کەمەوە ٨٥ بێت.

ئۆکتانە ژمارە چۆن دیاری دەکرێت؟

ئۆکتانە ژمارە توانای پێناسەکردنی ڕەوشتی سووتەمەنی هەیە لە کاتی سووتانی لە بزوێنەردا، ژمارەی لە ٠ تاکو ١٠٠ی پێدەدرێت، بە ئامێرێک دەپێورێت کە پێی دەوترێت ئۆکتانپێوی Zeltex 101C و بەم هاوکێشەیە دەردەبڕدرێت:

ئۆکتانە ژمارەی توێژینەوە + ئۆکتانە ژمارەی بزوێنەر/٢.


سەرچاوەکان



1242 بینین