زیانەکانی خۆشەویستی کردن پێش هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-25-23:13:00 - کۆدی بابەت: 6043
زیانەکانی خۆشەویستی کردن پێش هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

خۆشەویستی کردن پێش هاوسەرگیری

خۆشەویستی پێش هاوسەرگیری زیانی زۆر دەدات لە ژیانی هەردوولا، مەرج نییە کە ئەم کێشانە تەنها بۆ ئەوانە بێت کە ناگەنە هاوسەرگیری بەڵکوو ئەوانەشی خۆشەویستییەکەیان بە هاوسەرگیری کۆتایی دێت، زۆر جار ئەم حاڵەتانەیان بەسەردا دێت.

بۆچی پەیوەندی کچ و کوڕ پێش هاوسەرگیری هەڵەیە؟

زۆرینەی پەیوەندییەکان بۆ هاوسەرگیری دادەمەزرێن و بە گشتی کچان لەم پەیوەندیەدا زۆرترین زیان دەبینن، چونکە بە هەزاران ئاوات و ئارەزوو پەیوەندی دادەنێت لەگەڵ کوڕێکدا و وا دەزانێت کە ئەم دەتوانێت هەموو کارێکی بۆ ئەنجام بدات، بێ ئاگا لەوەی کە زۆرینەی کوڕان ئامانجی سەرەکییان لە خوشەویستی، پۆز لێدان لەناو هاوڕێکانیدا، هەروەها پێشبڕکێ کردن لەگەڵیاندا، تێرکردنی حەزی خۆی و ڕابواردن.

زیانەکانی خۆشەویستی کردن پێش هاوسەرگیری

دروستبوونی کێشەی دەروونی

ئەگەر خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕەکە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە یاخود هەر کێشەیەکی ترەوە نەگەیشتە ئەنجام، زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە هەردوولا لە ڕووی دەرونییەوە، وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، بێزاربوون لە هاوسەرگیری هەندێک کات زۆرینەی کچەکان هەموو داواکارەکانیان ڕەتدەکەدەوە و پێیان باشە کە شوو نەکەن.

پەیوەست بوون

لە تەمەنی لاویەتیدا کچ و کوڕە گەنجەکان زۆر پێویستیان بە گرنگی پێدانە، بۆیە زوو عاشق دەبن و زۆر جار ئەمە بە زیانیان تەواو دەبێت، چونکە دوای عاشقبوون زۆر پەیوەستی یەک دەبن.

دروستبوونی کێشە لە خوێندندا

زۆر جار کوڕ و کچەکە لە قوتابخانەن یاخود زانکۆ و خەریکی خوێندنن، پەیوەستبوونی زۆر و دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا و هەروەها زۆر قسەکردن، هەموو ئەمانە هۆکارێکن تاکوو خوێندن وەلا بنرێت و گرنگی پێ نەدرێت.

دڵەڕاوکێ و نیگەرانی

دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی سەبارەت بە پەیوەندییەکە، ترسی لەدەستدان و ترس لەوەی ماڵەوە بزانن بەم پەیوەندییە، بە تایبەت ئەم ترسە لە کچاندن زیاترە.

بە هەڵە ناسین و شاردنەوەی ڕاستی

زۆر جار کوڕ و کچەکە بۆ ڕازیکردنی یەکتر نواندن دەکەن و ڕووی ڕاستی خۆیان پیشان نادەن و هەردوولا وا دەزانن کە هیچ کێشەیەکی نییە خۆشەویستەکەی و باشترینە، دواتر وردە وردە بە لەگەڵبونیان پێکەوە ڕووی ڕاستی یەکیان بۆ دەردەکەوێت.

بڕیاردانی هەڵە بۆ هاوسەرگیری

کاتێک لە یەکتر جوان تێنەگەشتوون و یەکتریتان نەناسیووە و تەنها نواندنتان بۆ یەکتری کردووە، کە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن و پێکەوە دەچنە ماڵێکەوە ئیتر ناتوانن نواندن بکەن و ڕووی ڕاستی هەردوو لا دەردەکەوێت ئەمەش زۆر جار جێگای قبووڵ کردن نییە و ناتوانن بە یەکەوە بژین.

زیانی ئابووری

بەردەوام دیاری گرانبەها بۆ یەکتری دەکڕن و بەمەش زیانێکی زۆر لە ئابووری ماڵەوەیان دەدەن و بە تایبەت ئەگەر خۆیان کاریان نەبێت و پارەی ماڵەوە بەکاربهێنن.

دروستبوونی گوومان

ئەگەر پەیوەندیەکەش بە هاوسەرگیری کۆتایی هات، گوومان لە دڵی هەردوولادا دروست دەبێت، بیری ئەوە دەکەنەوە کە چەند ساڵێک لەگەڵ من بووە کێ دەڵێت لەگەڵ کەسانی تریشدا نەبووە و هەردوولا بەردەوام گوومانی خراپ دەبەن بە یەکتری.

مەترسی لە دەستدانی ئابڕوو

زۆر پێکەوە بوون و چوونە دەرەوەیان زیانی زۆری بەدواوە دەبێت و زۆر جار بە دەستدرێژی کوڕەکە کۆتایی دێت بۆ سەر کچەکە، کە بێ ئابڕووی لە دوایەوە و خێزانێک تێک دەچێت و زۆر جار ناچارن کە ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و بار بکەن.

داپۆشینی هەڵەکان

زۆر جار کوڕ و کچەکە بە هۆی خۆشەویستی کوێرانەیان بۆ یەکتری هەڵەکانی یەکتری نابینن و زوو لە یەکتری خۆش دەبن، بەڵام ئەم هەڵانە ئەگەر چارەسەر نەکرێن وردە وردە گەوورە دەبن و کێشەی زور خراپ بە دوای خۆیاندا دەهێنن.

داواکاری زیاتر 

زۆر جار دوای دروستکردنی خێزان کچ و کوڕەکە ناتوانن تەنها پێکەوە بن و پەنا دەبەنە بەر پەیوەندی دیکە و خیانەت لە یەکتری دەکەن.

باوەڕ بەوەی کە دەتوانیت بیگۆڕیت

یەکێک لە بیرکردنەوە هەڵەکان ئەوەیە کە کەسی بەرامبەر وا دەزانێت بە عەشق و خۆشەویستی دەتوانێت خۆشەویستەکەی بگوڕێت و ئەو ڕەفتارانەی کە هەیەتی دووبارەی نەکاتەوە لەبەر ئەم، بەڵام ئەم بیرکردنەوانە زۆر جار هەڵەن و هیچکامیان ناتوانن ئەوی دیکە بگۆڕن.


سەرچاوەکان



2604 بینین