عەلی خامنەیی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-26-16:23:00 - کۆدی بابەت: 6054
عەلی خامنەیی

ناوه‌ڕۆك

خامنەیی

سەید عەلی حسێنی خامنە ناسراو بە عەلی خامنەیی، ئاخوند و مەرجەعی شیعە و سێیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیمام جومعەی تاران و ڕابەری گشتی وڵاتی ئێرانە، بەپێی یاساکانی ١٠٧ و ١١٠ـی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆکی وڵات و سەرۆکی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، سەرۆکی بونیادی بەڕێوبەرایەتی مەعاریفی ئیسلامیشە.

خامنەیی لە چوار ساڵییەوە دەستی کردووە بە خوێندن و هەتاوەکو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە و بە خوێندنی ئیسلامی گەیشتووە، لە شارەکانی قوم و مەشهەد و نەجەف خوێندوویەتی و لە نزیکی ١٨ ساڵیدا مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٥٥ بۆ یەکەمین جار چاوی بە خومەینی یەکەمین ڕابەری ئێران دەکەوێت، و مشتومڕی بابەتی شۆڕش دەکەن بەسەر شای ئێراندا، لەو ماوەیەشدا بەهۆی چالاکبوونیەوە شەش جار بۆ ماوەی درێژ دەستگیرکراوە، هێزی جاندارمێری لە ١٩٧٧ بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەوی دوورخستەوە بۆ ناوچەی ئێرانشەهر و لە گرژییەکانی ساڵی ١٩٧٨ ئەم حووکمە هەڵوەشایەوە و گەڕایەوە.

ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە بەرپاکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و لەدوای شۆڕش بوو بە ئەندامێکی ڕاوێژکاری شۆڕش و ئیمام جومعەی تاران و جێگری وەزیری بەرگری، و دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی دووەمی ئێران بووە سێیەمین سەرۆکی وڵاتەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ، لە یەک خولیشدا نوێنەری خەڵکی تاران بووە لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری باڵای بەرگری، لە دوای مردنی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩ بە دەنگی ئەنجوومەنی ئەزمووندارەکان (مجلس خبرگان) بووە دووەمین ڕابەری ئێران و تا ئێستا بەردەوامە لەو پێگەیەدا.

گۆڤاری فۆربێس ساڵی ٢٠١٥ خامنەیی وەک ١٨ـیەمین بەهێزترین کەسەکانی جیهان ناساند.

لە ماوەی ڕابەریکردنی ئەودا هەریەک لە خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵەی سەوز و خۆپیشاندانی قوتابیانی ساڵی ١٩٩٩ و ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ڕوویانداوە، کە هیچکامیان بە هیچ نەگەیشتوون و سەرکوتکراون، زۆر کەسیش بەهۆی نووسین دەربارەی ئەو و فرمانەکانی کوژراوە و گیراوە و لە ماوەی ڕابەری ئەودا یەکێک لە ترسناکترین پاکتاوکارییەکانی ئێران ڕوویدا کە بە کوشتنە زنجیرەییەکانی ئێران بەناوبانگە.

ناو  عەلی حسێن خامنەیی
نازناو عەلی خامنەیی
بەرواری لەدایکبوون چوارشەممە، ١٩/٤/١٩٣٩
شوێنی لەدایکبوون مەشهەد
پیشە

سیاسی، زانای ئایینی، فەرماندەی تەواوی هێزە چەکدارەکان

  • دووەمین ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٩٨٩ بۆ ئێستا
  • سێیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٩/١٠/١٩٨١ بۆ ١٦/٨/١٩٨٩
  • یەکەمین سەرۆکی کۆمەڵەی بڕیاردەری بەرژەوەندییەکانی ڕژێم – ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩
حیزب حیزبی کۆماری ئیسلامی (خۆپارێزەکان)
هاوسەر مەنسوڕە خجستە باقرزادە
شوێنی مانەوە  ماڵی ڕابەری ئێران، تاران
واژوو
ئایین ئیسلامی شیعە

 

ژیانی

بە گوێرەی ئەوەی خامنەیی باسی کردووە درەختی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ عەلی کوڕی حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبی ئامۆزای پێغەمبەری خودا، کە عەلی چوارەمین ئیمامی شیعەکانە، باوک و باپیری مامۆستای ئایینی بوون و ئازەری بوون و لە بنەچەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئازەربایجان، جیا لە قوم و مەشهەد ماوەیەک لە تەبرێز قوتابی بووە و هەر لەوێش بووە بە پێشنوێژ، بنەماڵەکەیان خاوەن چەندین کەسی شۆڕشگێر بوون وەک محەمەد خیابانی و سەید محەمەد خامنەیی.

خامنەیی دەربارەی دایکی دەڵێت: "دایکم کەسێکی زۆر تێگەشتوو و خوێندەوار و خوێنەر بوو، ئارەزووی لە شیعر و هونەر هەبوو، و تێکەڵی شیعرەکانی حافز و قورئان بوو"، لە دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی ڕابەرایەتی ئەو دایکی کۆچی دوایی دەکات.

خامنەیی خاوەنی شەش منداڵە و برا و خزمەکانی هەموویان لە حکوومەتدا دەستیان هەیە و هەریەک و بەڕێوبەری بەشێکن، وەک پیشەکانی "کۆمەڵەی زانا ئایینیە بەرهەڵستکارەکان" و "بونیادی حیکمەتی ئیسلامی سەدرا".

هەر چوار کوڕەکەی خامنەیی زانای ئایینین و باوکیان کاری ئابووری لێ قەدەغە کردوون و بە کاری وانە وتنەوە سەرقاڵن، بەڵام کوڕە ناوەندییەکەی بەناوی موجتەبا چەندین جار تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی دراوەتەوە پاڵ و پێگەی باوکی بۆ مەرامی باوکی و خۆی بەکارهێناوە.

چالاکی سیاسی

وەك شۆڕشگێڕێک ڕۆڵی خامنەیی لە خوێندنە ئاینییەکانی لە شاری "قوم" دەستی پێکرد، ئەوەیش لە ژێر سەرپەرشتی دیارترین زانا شیعییەکانی ئەو سەردەمە، وەك خومەینی.

لەدوای ساڵی ١٩٦٣ـوە، خامنەیی چالاکانە چووە نێو ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕژێمی پاشایەتی، بەو هۆیەشەوە چەندان جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە زیندانی دەکرێت، لەو کاتەدا خامنەیی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ "خومەینی" سەرکردەی دوورخراوەی ئەوکاتە هەبووە و زۆرێک لە کارەکانی ڕاسپاردووە، بەهۆی گواستنەوەی هەواڵ بۆ خومەینی و دواتر بە وتاردان دژی دەسەڵاتی ئیسرائیلی لەناو ئێران و ڕووداوەکانی خۆپیشاندانی ئێران لە ساڵی ١٩٥٣ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەستگیر دەکرێت.

لە هەمان ساڵ دوای ئەوەی چەندین شار دەگەڕێت بۆ وتاردان و هاندانی خەڵکی و وشیارکردنەوەیان بۆ جارێکی دیکە دەستیردەکرێت و بە مەرجی نەچوونە دەرەوە لە شاری تاران ئازاد دەکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر چاودێری دەبێت.

دواتریش بەهۆی ئەو وانانەی دەیوتەوە دەربارەی تەفسیر و فەرموودەکان و ئەندێشەی ئیسلامی لەلایەن دەزگای ساواکەوە کەوتە ژێر چاودێری ورد، لەم ماوەیەدا کتێبی "ئاییندە بۆ ئیسلامە"ـی سەید قوتب وەردەگێڕێت بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەگیرێت، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانیەوە دەربارەی دەستگیرکردنی سەرانی گەورەی شیعە و زانایان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی موجتەبا قەزوینی دەستگیر دەکرێت بۆ جاری سێیەم.

دواتر بەهۆی ئەو سەردانانەشی دەیکرد بۆلای خومەینی چوونە دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کرا.

دوای ئەوە سێ جاری دیکە دەستگیر دەکرێت و جاری شەشەمی دەستگیرکردنی سەختترین جار بووە، ساڵی ١٩٧١  خامنەیی بۆ ڕێگری لە وتار و قسەکردنی دەربارەی ئاهەنگی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهانەی ئێران دەستگیرکرا، دوای ئەوە لە چالاکی سیاسی خۆی بەردەوام بوو، چەند جارێکی دیکەش لەلایەن ساواکەوە هەڵدەکوترێتە سەر ماڵەکەی و وانەکانی دەبرێن و خۆی دەستگیردەکرێت، لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ جاری شەشەم بە شێوەیەکی خراپ دەستگیردەکرێت و دەبرێتە زیندانی کۆمیتەی هاوبەش دژی خراپکاری لە تاران، لە ساڵی ١٩٧٥ ئازاد دەکرێت.

دوای هەموو ئەمانە لە ساڵی ١٩٧٧ دووری دەخەنەوە بۆ شاری ئێرانشەهر بۆ ماوەی سێ ساڵ، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٩٧٨ـەوە حووکمەکەی هەڵوەشایەوە و گەڕایەوە مەشهەد.

لەوێ دەستی کردەوە بە کاری سیاسی و لە وتارێکیدا لە یاریگای سەعد ئاباد داوای گێڕانەوەی خومەینی کرد بۆ ئێران، بەهۆی ئەمەشەوە جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە، لە وتاری شەوی عاشوراشدا کە دەبێت لە وتاردا باسی پادشای وڵات بکرێت، عەلی خامنەیی وتارەکەی پێشکەش دەکات بە ئایەتوڵڵا خومەینی.

سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ بە فرمانی خومەینی دەکرێت بە ئەندامی ڕاوێژکاری شۆڕشی ئیسلامی و بەهۆی ئەوەشەوە دەگەڕێتەوە بۆ تاران، لە کاتی شۆڕشدا بەرپرسی گەڕانەوەی خومەینی بوو بۆ ئێران.

دوای شۆڕش

دوای ئەوەی شۆڕش سەرکەوت، خامنەیی لەگەڵ ڕەفسنجانی و موتەهەری و بەهەشتی بوونە ئەندامی ڕاوێژکاری شۆڕشی ئیسلامی، کارەکانی لەدوای شۆڕش بریتیبوون لە:

  • دامەزراندن و ئەندامێتی حیزبی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری و هاوبیری بەهەشتی و باهونەر و ڕەفسنجانی و چەند کەسێکی دیکە لە ئازاری ١٩٧٩.
  • جێگری وەزیری بەرگری لە ١٩٨٠
  • سەرپەرشتیاری سووپای پاسدارانی ئێران لە ١٩٨٠
  • ئیمام جومعەی تاران لە ١٩٨٠
  • نوێنەری خەڵکی تاران لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری باڵای بەرگری لە ١٩٨١

تیرۆری ناسەرکەوتووی زیانبەخش

لە ٢٧/٦/١٩٨١ لەکاتی وتاربێژی لە مزگەوتی ئەبووزەڕی تاران تەقینەوەیەکی چێنراو لەنێو دەزگای تۆمارکەری دەنگی لە بەردەمیدا تەقییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی تەواو نەتەقییەوە خامنەیی تێیدا تیرۆر نەکرا. دوابەدوای تەقینەوەکە کۆماری ئیسلامی گرووپی فورقانی ئێرانی بە ئەنجامدەری تاوانەکە ناساند. لەگەڵ تەقینەوەکەدا لە سەرەوەی شانی ڕاستی بۆ ڕانی ڕاستی بە سەختی بریندار بوو، هەروەها لەگەڵیدا ئێسکی پێشەوەی ملی شکا و دەمار و خوێنبەرەکانی دەستی ڕاستی قرتان و بەوشێوەیەش دەستی بۆ هەمیشە لەکار کەوت.

سەرۆکایەتی

لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨١ بە ١٦ ملیۆن دەنگی خەڵکی کە دەکاتە %٩٥ـی دەنگەکانی وڵات لە کۆی ٤٢ کاندید، سەید عەلی خامنەیی بووە سێیەمین سەرۆکی وڵاتی ئێران و ئەوەش بە زۆرترین دەنگ دێت لە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران.

لەم ماوەیەدا چەند پۆستێکی دیکەشی بەڕێوەبردووە و بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی لە ئێراندا سەپاند، چەندین جاریش سەردانی بەرەکانی جەنگی کردووە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران، لە ساتی داگیرکردنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، وێنەیەکی خامنەیی هەیە کە لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەدا لە شاخی شنروێ سەیری شارەکە دەکات.

ڕابەری کۆمار

لەدوای کۆچی دوایی خومەینی، لە ٤/٦/١٩٨٩ ئەزمووندارانی دەوڵەت خامنەیی بە ڕابەری نوێی ئێران دادەنێن بە ڕێژەی دەنگی %٨٠,٩، هەتا ئێستا لەو پۆستەدا بەردەوامە.

کەسایەتی خامنەیی

خامنەیی زۆر باوەڕی بە خۆی هەیە و هیچ بڕیارێک بەبێ بیرکردنەوە نادات، هەر بڕیارێکیش بدات ڕێگا نادات پاشگەزبکرێتەوە، تەواوی هێزە چەکدارەکانی لەدەستە و هاوکاری هەر میلیشا و هێزێک دەکات کە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و سوننەکان (بە ناڕاستەوخۆ) بوەستنەوە، وەک حیزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی عێراق و هێزەکانی سووپای سوریای بەشار ئەسەد و یەکینەکانی قەسام لە فەڵەستین.

خامنەیی باوەڕی وایە ئەمریکا سەرەکیترین دوژمنی ئێرانە و بەردەوام لە وتارەکانیدا توندی دەنوێنێت بەرامبەریان، کاتێک محەمەد خاتەمی سەرۆکی وڵات لە ساڵی نەوەدەکان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ CNNـدا لەدوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی وڵات وتی: "دەرگای دانووستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەینەوە"، چەند ڕۆژێک دواتر خامنەیی لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە هەرگیز کەس ناتوانێت جارێکی دیکە دانووستان لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەوەش ویستی بیسەلمێنێت کە کۆتا بڕیاری وڵات تەنیا ئەو دەیدات.

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران دوای نووسینی توند بەرامبەر خامنەیی دەستگیرکراون و سزا دراون.

لەگەڵ سیاسەتدا خامنەیی کۆڕی شیعری دەبەستێت و شاعیران لە خۆی کۆدەکاتەوە، ئارەزووی لە ئەدەبیات و شیعری ڕووسی و فارسییە و تۆلستۆی و شۆلۆخڤ لە نووسەرە ویستراوەکانی ئەون.

لەگەڵ ئەوەی خامنەیی کەسێکی زۆر سادە دەرکەوێت، بەڵام ڕاگەیاندنە جیهانییەکان داراییەکەی بە ٢٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن و یەکێکە لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری وڵات و گرانییەوە دەناڵێنن.

خاوەنی دەیان کتێبە کە هەم لە نووسین و هەم لە وەرگێڕانی ئەون.


سەرچاوەکان



1290 بینین