چەند ڕێکارێک بەرامبەر ئەو پرسیارە قورسانەی کە منداڵەکەتان دەیکات

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-27-17:58:00 - کۆدی بابەت: 6062
چەند ڕێکارێک بەرامبەر ئەو پرسیارە قورسانەی کە منداڵەکەتان دەیکات

ناوه‌ڕۆك

پرسیارکردنی منداڵ

زۆر جار دایک و باوک بێزار دەبن لە پرسیاری زۆری منداڵەکەیان و هەندێک جاریش نازانن چۆن وەڵامی بدەنەوە یاخود وەڵامێکیان پێ نییە بۆ پرسیارەکەی، منداڵ ڕۆژانە ٧٢ پرسیار دەکات بۆیە لاتان سەیر نەبێت ئەگەر نەتانتوانی وەڵامی بدەنەوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر ١٥٠٠ دایک و باوک کراوە، وتوویانە کە منداڵەکەیان لە کاتی هەستان لە خەویەوە تاکوو چونە ناو جێگای نوستنی پرسیار دەکات، لە هەفتەیەکدا منداڵان ٤١٣ پرسیار دەکەن لە دایک و باوکیان، هەروەها هەنێک لەو دایک و باوکانە سەرنجیان داوە کە منداڵەکەیان نەک بە تەنها پرسیار لەمان دەکات بەڵکوو پرسیار لە منداڵی دیکەشی دەکەن، بە وتەی یەک لەسەر سێی ئەو دایک و باوکانە منداڵەکەیان زیاتر پرسیارەکانی دەربارەی بابەتەکانی دونیایە.

کۆمەڵێک پرسیاری قورس کە منداڵ دەیکات دەبێت دایک و باوک وەڵامی بداتەوە

  • منداڵەکان چۆن دروست دەبن؟
  • بۆچی خەڵکی دەمرن؟
  • دونیا چەند گەورەیە؟
  • بۆچی دایک و باوک شەڕ دەکەن؟
  • بۆچی ناتوانین بە درێژایی ڕۆژەکە یاری بکەین؟
  • بۆچی دەبێت بچم بۆ قوتابخانە؟
  • بۆچی فڵانە کەس هاوشێوەی من نییە؟
  • خودا کێیە؟
  • بۆچی ناتوانم وەک ئێوە تا درەنگانێک نەخەوم؟
  • بۆچی ئاسمان ڕەنگی شینە؟
  • ئاو لەکوێوە دێت؟
  • بۆچی دەریا سوێرە؟
  • باڵندەکان چۆن دەفڕن؟
  • کات چییە؟
  • دوای مردن لەگەڵ چ کەسانێکدا دەژین؟
  • بۆچی خەڵکی ئیرەیی دەبەن بە یەکتر؟

لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارانە قورس بێت لە لاتان، و بێگوومان مەرج نییە کە وەڵامی هەموو ئەمانە بە تەواوی بزانیت تاکوو بتوانیت وەڵامی بدەیتەوە.

باشترین کاردانەوەی دایک و باوک چییە بۆ پرسیاری منداڵەکەیان؟

بێدەنگ مەبن

هەمیشە وریابە و کاتێک لەگەڵ منداڵەکەتدا قسە دەکەیت دڵنیابە لەوەی کە لەناکاو یەکێک لەو پرسیارانەی سەرەوەت لێ دەکات، بۆیە وابزانە وەک لێپرسینەوەیە کە کاتێک پرسیارەکەی دەکات مەشڵەژێ و بێدەنگ مەبە، بەڵکوو بڵێ ئەم پرسیارەت لەکوێوە هێنا ئەی باشە خۆت چی ئەڵێی؟ وردە وردە بڕۆ بەرەو وەڵامەکەی.

زانیارییەکانت زیاد بکە

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە و چەند پرسیاری هاوشێوەی ئەمانە نازانیت، بەدواداچوونی بۆ بکە و زانیارییەکانت زیاد بکە، بە تایبەت کۆمەڵێک پرسیاری قورسی دەربارەی، پەیوەندی نێوان ژن و مێرد، مردن، ڕەگەز، شەڕ، هەروەها پێویستە دەربارەی ئەم بابەتانە زانیاری بخوێنیتەوە و بزانیت کە چۆن وەڵامی منداڵەکەت دەدەیتەوە، کاتێک منداڵەکەت پرسیار دەربارەی مردن دەکات لێی تووڕە مەبە و مەڵێ چی دەڵێیت بەڵکوو بە هێمنییەوە وەڵامی بدەرەوە، چونکە منداڵیش درکی بەو بابەتانە کردووە و دەترسێت لە دەستدانی خێزانەکەی، بۆیە کاتێک وادەڵێت بڵێ من هەمیشە لە لای تۆم و خۆشم دەوێیت و مەترسە مردن بە دەست ئێمە نییە.

بارودۆخی ماڵەوەتانی بۆ ڕوونبکەنەوە

زۆرینەی منداڵان پرسیاری زۆر دەکەن کە بۆچی هەرچییان دەوێت بۆیان ناکڕدرێت، گرنگە لێرەدا وەڵامی نائومێدکەرانە بەکارنەهێنیت، نەڵێیت ئێمە پارەمان نییە، بڵێ لە ئێستادا پێویست دەکات کە پارەکانمان لە شتی بەسوددا بەکاربهێنین، منداڵ زۆر زوو لە هەندێک شت ماندوو دەبێت و بە لایەنی زۆرەوە سەرنجی لەسەر بابەتێک ئەوپەڕی ١٥ خولەکە، چونکە هەمیشە بە دوای فێربوونی زانیاری و پرسیار و وەڵامی نوێوەیە بۆیە پێویست ناکات لەو کاتەدا وەڵامێکی بدەیتەوە کە نائومێد ببێت.

ئارامبەن و بەردەوامی بدەن بە قسەکردن

لەوانەیە منداڵەکەت پرسیار دەربارەی هەندێک باسی سەیر بکات، وەک پەیوەندی سێکسی، ماددەی هۆشبەر، کاتێک ئەمانەی لێ دەبیستیت پێش هەموو شتێک دەبێت ئارام بیت و هەڵنەچیت و لەناکاو تووڕە نەبیت دواتر بە هێمنی پێی بڵێ کە ئەمانە لە کوێوە فێر بوویت، زۆر جار منداڵەکە دەڵێت کە تەنها بیستوویەتی لە شوێنێک بۆیە گرنگە لەوکاتەدا منداڵەکە سەرقاڵ بکرێت و ئەم بابەتەی بە تەواوەتی بیر بچێتەوە بە یاریکردن بێت یاخود بردنە دەرەوەی. 

لە هەندێک کەرەستە سوود وەربگرن بۆ وەڵامدانەوەی منداڵەکەتان

کاتێک هەندێک پرسیار دەکات دەتوانیت بە یارییەکانی خۆی یاخود وێنەکێشان وەڵامەکەی زیاتر بۆ ڕوونبکەیتەوە و ڕێگایەکی باش و یارمەتیدەرە، هەرگیز ڕامەکە لە زۆر پرسیاری منداڵەکەت و پێی مەڵێ کە ئیتر ئەوەندە پرسیار مەکە، چونکە مندڵ مێشکی دەجوڵێت و بەردەوام حەزی بە زانیاری زیاترە.


سەرچاوەکان



1037 بینین