نەرمەواڵەی گوماناوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-28-15:41:00 - کۆدی بابەت: 6071
نەرمەواڵەی گوماناوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی نەرمەواڵەی گوماناوی

نەرمەواڵە یاخود پڕۆگرامی گوماناوی (Malware) بریتییە لە هەر نەرمەواڵەیەک کە دروستکرابێت بەمەبەستی زیان گەیاندن بە کۆمپیوتەر، سێرڤەر یان نێتۆرکێک، یان هەر پڕۆگرامێکە کە زیانی نەویستراو بگەیەنێت بە بەکارهێنەران کە لەم حاڵەتەدا پێیدەوترێت کەلێنی پڕۆگرام (Software bug).

هەروەها ئەو پڕۆگرامانەی کە بە نهێنی و دژی بەکارهێنەر کاردەکەن بەهەمانشێوە پێیدەوترێت پڕۆگرامی گوماناوی، بۆ نموونە لە سەرەتادا سیدییەکانی سۆنی موزیک (Sony music) بە نهێنی پڕۆگرامێکیان دادەبەزاند بەمەبەستی نەهێشتنی کۆپی کردن، بەڵام لەهەمان کاتدا دەیزانی بەکارهێنەرەکانی گوێ لە چ جۆرە موزیکێک دەگرن، بەمەش چەندین کێشەی پارێزگاری دروست دەکرد.

چەندین نەرمەواڵەی دژە ڤایرۆس و دیواری ئاگرین (Firewall) هەنە کە دەتوانن یارمەتی بەکارهێنەران بدەن بۆ ئەوەی بەدووربن لە نەرمەواڵە گوماناوییەکان، هەروها دەتوانن ئەو ڤایرۆس و پڕۆگرامە گومانیاوانەی کە لە کۆمپیوتەر و سیستمەکەدا هەیە بیاندۆزێتەوە.

جۆرەکانی نەرمەواڵەی گوماناوی

چەندجۆرێکی جیاوازی نەرمەواڵەی گوماناوی هەن، بەڵام زۆربەی هاکەرەکان یەک دانەیان بەکارناهێنن بۆ هێرشکردن بەڵکو زۆرجار تێکەڵەی ئەم پڕۆگرامانە بەکاردەهێنن، کە بریتین لە:

ڤایرۆس – Virus

ڤایرۆسی کۆمپیوتەر بریتییە لە نەرمەواڵەیەک کە لەناو نەرمەواڵەیەکی تردا شاردراوەتەوە و توانای ئەوەی هەیە کە کۆپی لەبەر خۆی بگرێتەوە و بڕواتە ناو فایلی پڕۆگرامەکانی ترەوە، زۆرجار کاری ئەم ڤایرۆسانە بریتییە لە سڕینەوە و خراپکردنی داتاکانی ناو سیستمە توشبووەکە، نموونەیەک بۆ ڤایرۆس بریتییە لە توشبوونی PE (PE infection)، ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس و گۆڕینی فایلی پڕۆگرامەکان بۆ فایلێکی تر بەناوی (PE).

نەرمەواڵە گوماناوییەکانی قوفڵکردنی شاشە - Screen locking ransomware

شاشە قوفڵکەرەکان جۆرێکی نەرمەواڵەی گوماناوی پۆلیسی ئەلیکترۆنین کە هەڵدەستن بە قوفڵکردنی شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکان بە بیانووی ئەوەی کە داتای نایاسایی لە ئامێرەکەتدا گیراوە بەمەبەستی ترساندی قوربانییەکە بۆ ئەوەی پارە بدات بە کردنەوەی قوفڵەکە.

نەرمەواڵە گوماناوییەکانی نهێنیکردن - Encryption based ransomware

نەرمەواڵە گوماناوییەکانی نهێنیکردن ئەو نەرمەواڵانەن کە هەڵدەستن بە نهێنیکردن و شاردەنەوەی زانیاری و داتاکانی کەسەکە، کە لەبەرامبەردا ئەم نەرمەواڵانە هەڵدەستن بە نیشاندانی نامەیەک کە بە قوربانییەکە دەڵێت پێویستە پارەبدات بۆ کردنەوە و گێڕانەوەی زانیارییەکانی، کە زۆرجار داوادەکەن بەشێوەی بیتکۆین پارەکە بدرێت بۆ ئەوەی کەسی هێرشبەرەکە بە نەناسراوی بمێنێتەوە، چەن نموونەیەکی ئەم جۆری نەرمەواڵە گوماناوییە وەک (CryptoLocker) و (WannaCry).

ئەسپی ترۆجانی - Trojan horses

ئەسپی ترۆجان بریتییە لە نەرمەواڵەیەکی زیانبەخش کە وەک نەرمەواڵەیەکی ئاسایی دەردەکەوێت بۆ یارمەتیدانی سیسیتم بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە داببەزێنرێن، ئەسپی ترۆجانی دەستدەکات بە کارکردن کاتێت پڕۆگرامەکە لەلایەن بەکارهێنەرەوە دەکرێتە کار، ناوی ئەم نەرمەواڵە گوماناوییە لە یۆنانییە کۆنەکانەوە وەرگیراوە، کاتێک ئەسپیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە نهێنی هێرش بکەنە سەر شاری طەڕوادە.

ئەسپی ترۆجانی وەک نەرمەواڵە گومانوییەکانی تر کۆپی لەبەر خۆی ناگرێتەوە بۆ ئەوەی زیاد بکات، زۆرجار ئەم جۆرە نەرمەواڵانە لەڕێگەی ئیمەیڵ یان پرۆگرام لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دادەگیرێن و دەڕۆنە ناو سیستمەکانەوە، ئەسپی ترۆجانی زۆرجار پڕۆگرامی زیادە بە نهێنی دادەبەزێنێتە نەو سیستمی قوربانییەکەوە بەبێ ئەوەی پێیزانێت وەک پڕۆگرامی کلیلدز (keylogger)، ئەم پڕۆگرامە هەڵدەستێت بە دزنی هەموو ئەو زانیارییانەی کە لەڕێگەی تەختەکلیلەوە داغڵدەکرێنە ناو کۆمپیوتەرەکەوە، وە ئیمەیڵ و وشەی نهێنی و هەروەها زانیارییە بانکییەکان، لە ساڵی 2017 جۆرێکی ئەسپی ترۆجانی بەکارهێنەرانی سیستمی ماکیان کردە ئامانج کە ناوی (Proton Remote Access Trojan - RAT) بوو، ئەم نەرمەواڵە گوماناوییە هەستا بە بردنی چەندین زانیاری تایبەتی بەکارهێنەران.

هەرچەندە ئەسپی ترۆجانی زەحمەتە لەلایەن نەرمەواڵەکانی دژە ڤایرۆسەوە بە ئاسانی بدۆزرێنەوە بەڵام زۆرجار دەبنە هۆی هێواشکردنەوەی کۆمپیوتەر و کارکرنی لەناکاوی زۆر بەهێزی پانکەکانی کۆمپیوتەرەکە، یان هەندێکجار ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.


سەرچاوەکان



1090 بینین