شیری وشک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-29-03:31:00 - کۆدی بابەت: 6084
شیری وشک

ناوه‌ڕۆك

شیری وشک

بەرهەمێکی پیشەسازییە کە لە ئەنجامی هەڵماندنی شیری تەڕ و وشککردنەوەیەوە بەرهەمدەهێنرێت، وشککردنەوەی شیری تەڕ بۆ پاراستنی شیرەکەیە چونکە شیری وشک توانای بە تەندروست مانەوەی زیاترە وەک لە شیری تەڕ و لەبەر کەمی شێ تێیدا پێوست ناکات هەمیشە لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت، هەروەها ئەمانجێکی تری وشککردنەوەی شیری تەڕ کەم کردنەوەی بارستاییە بۆ ئەوەی بە ئاسانیی بگوازرێتەوە.

مێژووی دۆزینەوەی شیری وشک

بەرهەمهێنانی شیری وشک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٠٢ لەلایەن دکتۆرێکی ڕوسییەوە بە ناوی ئۆسیپ کریڤسکی (Osip Krichevsky) داهێنراوە، یەکەمین بەرهەمێنانی بازرگانی شیری وشک لە ساڵی ١٨٣٢ لەلایەن کیمیاگەرێکی ڕووسییەوە بووە، دوابەداوی ئەوە و بەپێی تێپەڕبوونی کات بەرهەمهێنانی شیری وشک بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.

پێکهاتەکانی شیری وشک

شیری وشک پێکدێت لە ٢١ جۆری ستانداردی ترشە ئەمینییەکان کە بنچینەی دروستکردنی پڕۆتینن، هەروەها پێکدێت لە ڤیتامینی تواوە و کانزاکان، بە پشت بەستن بە زۆربەی سەرچاوەکان تێکڕای ئەم پێکهاتانە لە شیری وشکدا بەم شێوەیە ٣٦٪ پڕۆتین، ٥٢٪ کاربۆهیدرات بە تایبەت لاکتۆز، ١٫٣٪ کالسیۆم، ١٫٨٪ پۆتاسیۆم، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی باسی چەوری بکرێت ئەوا ٢٦٪ بۆ ٤٠٪ پێکهاتەکەی بریتییە لە چەوری، لە وڵاتی کەنەدا شیری وشک دەبێت ڤیتامین D بۆ پێکهاتەکەی زیادبکرێت بۆیە خواردنەوەی ڕۆژانەی شیر دەبێتە هۆی وەرگرتنی بڕێکی باشی ڤیتامین D، هەروەها زۆری بڕی شێ و پلەی گەرمی کاریگەری خراپ دەخەنە سەر ڕێژەی ئەم پێکهاتانە لە شیری وشکدا. 

جۆرەکانی شیری وشک

شیری بێ چەوری Nonfat dry milk

شیرێکی پاککراوەیە لە چەوری، ڕەنگی سپی یاخود کرێمییەکی کاڵە، بە پێی کێشی شیرەکە نابێت ڕێژەی چەوری زیاتربێت لە ١,٥٪، زۆربەی جۆرەکانی پێکهاتەی ڤیتامین A و ڤیتامین D تێدایە، دوو جۆری هەیە (ڕێک Regular، خێرا Instant)، هەردووکیان بە یەک شێواز بەرهەمدەهێنرێن و هەمان پێکهاتەیان هەیە، بەڵام جیاوازی جۆری خێرا ئەوەیە کە بە پڕۆسەیەکی زیاتردا تێپەردەکرێت تاکوو بە خێراییەکی زیاتر بتوێتەوە لە جۆری ڕێک، جۆری ڕێکیش لەوەدا جیاوازە کە زیاتر یەکگرتووە و شوێنی کەم داگیردەکات و بەرهەمهێنانی قورسترە بە بەراورد بە جۆری خێرا، جۆری خێرا دەستکەوتنی ئاسانترە و لە زۆربەی فرۆشگاکاندا بەردەستە.

شیری وشکی تەواو Whole milk

شیری تەواو وشککراوەیە بە هەموو پێکهاتە و چەورییەکانییەوە، واتە ڕاستەوخۆ شیری تەڕ وشکدەکرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرەی شیر، تەمەنی کورتترە لە شیری بێ چەوری و زووتر تێکدەچێت.

شیری کەرە BUTTERMILK

بریتییە لەو شیرەی کە لە دوای ژەنینی کەرە یاخود کرێم جێدەمێنێت، شیری وشکی کەرە چەورییەکی زۆر لەخۆدەگرێت، زیاتر لە دروستکردنی شیریندا بەکاردێت، چەوری زۆرتری تێدایە بە بەراورد بە شیری بێ چەوری، بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە و تێکدەچێت.

سوودەکانی شیری وشک

سیستمی بەرگری ڕێکدەخات

هەر کوپێک لە شیر سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پڕۆتینە، ئەو پڕۆتینانەی کە لە شیردا هەن پێیان دەوترێت (پڕۆتینی تەواو)، واتە هەموو ئەو ترشە ئەمینیانەیان تێدایە کە لەش پێویستییەتی، ترشە ئەمینییەکان یارمەتی گەشەی لەشدەدەن و سیستمی بەرگری ڕێکدەخەن، هەروەها شیر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (A, D, E, K).

یارمەتی درووستبوونی ماسولکەی لەش دەدات

شیر جۆرێکی پڕۆتینی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی ماسولکە و پێدانی وزەی پێویست لەکاتی ڕاهێنان و وەرزشکردندا.

ئێسکی لەش بەهێزدەکات

شیر هەمیشە ناوی لەگەڵ بەهێزی و تەندروستی ئێسکدا هاتووە، چونکە دەوڵەمەندە بە کالسیۆم و دەبێتە هۆی پێدانی کالسیۆمی پێویست بە لەش، هەروەها (فۆسفۆڕ، پۆتاسیۆم، پڕۆتین)ـی تێدایە کە لە پاڵ کالیسیۆمدا پێویستن بۆ هێشتنەوەی ئێسک بە تەندروستیی و بەهێزیی.

تەندروستی دڵ دەپارێزێت

شیر پۆتاسیۆمی تێدایە کە پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە، وەرگرتنی ڕۆژانەی پۆتاسیۆم لە ڕێگەی شیرەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.

جیاوازی نێوان پێکهاتەی شیری وشک و شیری تەڕ

شیری تەڕ تام و بۆن و پێکهاتەی زیاترە لە شیری وشک، شیری تەڕ ڤیتامین (B5 ،B12)، فۆسفۆر و سیلینیۆمی زۆرتری تێدایە بە بەراورد بە شیری وشک کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە پاراستنی دەمارە کۆئەندام و کاری ئەنزیمەکان، پێکهاتەی شیری تەڕ بریتییە لە ٨٠٪ئاو، ٤٪ بریتییە لە چەوری، ٩٪ بریتییە لە پڕۆتین و لاکتۆز و ڤیتامینەکان.


سەرچاوەکان



2384 بینین