چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکیان دەدەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-30-13:34:00 - کۆدی بابەت: 6101
چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی  لە دایک و باوکیان دەدەن

ناوه‌ڕۆك

لێدانی منداڵ لە دایک و باوک

لێدانی منداڵ لە دایک و باوک حاڵەتێکی باوە و پێویستە ڕێگا چارەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو منداڵانەی هێشتا نەبووەتە ساڵێک و  زۆر بچووکن ئاساییە کە دەست بکەن بە لێدان و گاز گرتن لە دایک و باوکیان چونکە منداڵ لەو تەمەنەدا کۆنتڕۆڵی خۆی پێ ناکرێت بۆیە تووڕەبوون لێیان هیچ سودێکی نابێت و هەر دووبارەی دەکەنەوە.

هۆکار چییە کە منداڵ لە دایک و باوکی دەدات؟

بێ هیوایی و تووڕەیی

بە گشتی منداڵ توانای کۆنتڕۆڵ کردنی تووڕەبوونی خۆی نییە، هەر بۆیە کاتێک دەیەوێت کارێک بکات و دایک و باوک ڕێگری لێ دەکەن بۆیە بێ هیوا و تووڕە دەبێت و هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ لێدانی دایک و باوکی.

نەتوانینی دروستکردنی پەیوەندی

زۆرینە چونکە هیچ ڕێگایەکی تریان نییە تاکوو نائومێدی و تووڕەیی خۆیان دەرببڕن و باسی بکەن، خێرا دەست دەکەن بە لێدان، منداڵی گەورە دەتوانێت بە قسەکردن باسی تووڕەیی خۆی بکات، بەڵام ئەوانەی کە زۆر بچووکن و ناتوانن قسە بکەن کاتی توڕەیی هەمیشە لێدان تاکە ڕێگایانە.

پەستانی دەروونی

کاتێک منداڵەکە بە هەر هۆکارێک بچووکترین پەستانی دەروونی لەسەر بێت، پەنا دەبات بۆ لێدان لە دایک و باوکی، کاتێک خواردن ناخوات و بە زۆر دەتەوێت خواردنی پێ بدەیت و فشاری بۆ دەهێنیت، دەست دەکات بە لێدانت.

کۆنتڕۆڵ کردنی ژینگە

منداڵیش پێی خۆشە لە هەندێک حاڵەتدا کۆنتڕۆڵی ژینگەی دەورووبەری خۆی بکات، بەڵام منداڵی بچووک بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی ئەو شوێنەی کردووە کە خۆی تێدایە کاتێک لێی نزیک دەبنەوە دەست دەکات بە لێدانیان.

سەرنجدان

منداڵ زۆر جار دەیەوێت سەرنجی دایک و باوکی ڕابکێشێت و گرنگی پێ بدەن کاتێک دەزانێت کە دایک یان باوکەکە گرنگی پێ نادەن دەست دەکات بە لێدانیان.

چارەسەر بۆ ئەو منداڵانەی کە دەدەن لە دایک و باوکیان

لەسەرخۆبە

پێش هەموو شتێک لەسەرخۆبە کاتێک منداڵەکەت لێت دەدات، ئارامی خۆت بپارێزە و زوو هەڵمەچۆ.

شوێنەکە بە جێبهێڵە

ڕاستەخۆ ئەو جێگایە بەجێبهێڵە و پێی بڵێ کە تاکوو ڕەفتات بەمشێوەیە بێت نایەمەوە.

فێری بکە چۆن خۆی کۆنتڕۆڵ بکات

دوای ئەوەی کە منداڵەکە هێمن بوویەوە، فێری بکە کە خۆی کۆنترۆڵ بکات و ڕێگای پێ پیشان بدە و فێری بکە کە هەناسەی قووڵ هەڵبمژێت هەروەها فێری ئەنجامدانی کارێکی تایبەتی بکە کە کاتێک تووڕە بوو لەبری لێدان بیکات.

ئاگاداری ژینگەی منداڵەکەت بە

ئاگاداری ئەو هۆکارانە بە کە منداڵەکەت تووڕە دەکەن، ئاگاداربه ئەو یاری و فیلمانەی کە سەیریان دەکات شەڕ و توندووتیژی تێدا نەبێت.

منداڵەکەت فێر بکە چۆن داواکاری بکات

منداڵ کاتی تووڕەبوون بۆیە پەنا دەبات بۆ لێدان چونکە نازانێت چۆن تووڕەیی خۆی دەرببڕێت و باسی بکات، فێری بکە کە تووڕەبوو هەستی خۆی باس بکات و قسە بکات نەک لێدان.

پێی بڵێ کە ئەنجامی تووڕەبوونەکەی خراپە

بە منداڵەکەت بڵێ کاتێک لێت دەدات و شتت بۆ دەوەشێنێت زیانت پێ دەگات و لەوانەیە شوێنێکت ئازاری پێ بگات، ئایا تۆ بەمە ڕازیت کە من ئازار ببینم و خوێنم لێ بێت.

زۆر فەرمان مەکە بەسەر منداڵەکەتدا

کاتێک یاری دەکات لێی گەڕێ و بهێڵە ئاسوودە بێت زۆر مەڵێ کە ماڵەکە پیس نەکەیت و یارییەکانت نەشکێنیت، ئەمە وادەکات کە تووڕە ببێت.

مەهێڵە منداڵەکەت فێری ئیرەیی ببێت

بۆ نموونە کاتێک منداڵەکەت لێت دەدات، مەڵێ من ئیتر دایکی تۆ نیم و ڕوو مەکە منداڵێکی تر و بڵێی دایکی ئەمم و خۆشم دەوێت، ئەمە هیچ بابەتەکە چارەسەر ناکات و بەڵکوو منداڵەکە زیاتر ئازار دەدات و زیاتر لێت دەدات.

داواکارییەکەی جێبەجێ مەکە

دوای گریانی زۆر و لێدانی منداڵەکەت هەرگیز داواکارییەکەی جێبەجێ مەکە کە لەسەری لێدانت خواردووە، ئەمە وادەکات بە هەلێکی باشی بزانێت و بۆ هەر داواکارییەکی نوێ لێدان بکات بە ڕێگای گەیشتن پێی.

سەرمەشقێکی باشبە

کاتێک منداڵەکەت دەبینێت تۆ لە منداڵێکی دیکە دەدەیت و بەردەوام تووڕەیت ئەویش هەمان ڕەفتار دووبارە دەکاتەوە، بۆیە سەرمەشقێکی باش بە چونکە منداڵ چاو لە گەورەکان دەکات.

داوای هاوکاری لە پسپۆڕی دەروونی بکە

ئەگەر بە هیچ کام لەم ڕێگایانە منداڵەکەت باشتر نەبوو هەر بەردەوام بوو، ئەوا پێویستە داوای هاوکاری لە چارەسەرکەرێکی دەروونی وەربگریت.


سەرچاوەکان



595 بینین