ئینترانێت

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-31-02:54:00 - کۆدی بابەت: 6118
ئینترانێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ئینترانێت

ئینترانێت (بە ئینگلیزی: Intranet) بریتییە لە تۆڕێکی کۆمپیوتەر بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری، کەرەستە، سیستمی کارپێکەر، نەرمەواڵە و چەندین خزمەتگوزاری تری کۆمپیوتەر لە ناو کۆمپانیایەک یان ڕێخراوێکدا، دەتوانین بڵێین ئینترانێت پێچەوانەی ئینتەرنێتە کە تۆڕێکی گشتی کراوەیە.

بوونی ئینترانێت لە کۆمپانیایەکدا خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئاسانکردنی پەیوەندی کردن و گواستنەوەی زانیاری و داتاکان، ئینترانێت بە هەردوو تەکنەلۆژی لان (LAN) یان وان (WAN) دروستدەکرێت، زۆربەی ئینترانێتە نوێیەکان بزوێنەری گەڕان، پەڕەی بەکارهێنەر، بلۆگ و هەروەها نەرمەواڵەی مۆبایلیان هەیە بۆ ئاسانکردن و خێراکردنی کارەکان.

تایبەتمەندییەکان

ئینترانێت دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان، بۆ نموونە ڕێژەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی کۆمپانیایەک لە فۆڕمێک کە لە ئینترانێکی کۆمپانیایەکەیاندا دروستکراوە گفتوگۆ دەکەن و بەم شێوەیە ئاسانتر چارەسەر بۆ کێشەکانیان دەدۆزنەوە و هەروەها بیرۆکەی زیاتر دەخرێتە ڕوو.

ئینترانێت بەهەمان شێوەی ئینتەرنێت گەر پەستانێکی زۆری بکەوێتە سەر ئەوا هێواش دەبێتەوە، بۆیە ئەو ئەندازیارەی کە هەڵدەستێت بە بەستنی ئینترانێت بۆ کۆمپانیا یاخود ڕێخراوەکە پێویستە ئاگاداری ئەو حاڵەتانە ببێت بۆ ئەوەی لە کوالێتی و سوودی ئینترانێتەکە کەم نەبێتەوە.

کار و بازرگانییە گەورەکان ڕێگەدەدەن بە بەکارهێنەرەکانیان بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بەکاربهێنن لەڕێگەی سێرڤەرەکانی دیواری ئاگرینەوە (firewall servers)، هەروەها توانای داپۆشین و شاردنەوەی ئەو نامانەیان هەیە کە دێن و دەڕۆن بۆ ئەوەی سیستمەکەیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە، کاتێک بەشێک لە ئینترانێتێک دەتوانێت پەیوەندی بکات بە ئینتەرنیتەوە پێیدەوترێت ئێکسترانێت (Extranet).

سوودەکانی ئینترانێت

- زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان: ئینترانێت یارمەتی بەکارهێنەرەکانی دەدات بۆ نیشاندان و دۆزینەوەی ئەو زانیاری و داتایانەی کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئاسانتر و خێراتر، هەروەها بەکارهێنانی ئەو نەرمەواڵانەی کە تایبەتە بە کارەکانیان، ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی ڕووکاری وێبگەڕەکانەوە، کە یارمەتیان دەدات بۆ بەکارهێنانی ئەو داتایانەی کە لە داتابەیسی کۆمپانیا یان ڕێخراوەکەدا هەیە، هەروەها دەبێت هۆی زیادکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی بەکارهێنەران دەکرێت.

- کات: ئینترانێت یارمەتی ڕێکخراو و کۆمپانیاکان دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان بۆ فەرمانبەرەکانیان لەکاتی پێویستدا، بۆیە فەرمانبەران هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو کارانە ببینن کە لێیان داواکراوە و دەبێت بیکەن، نەک بڕۆن بەناو ئیمەیڵەکانیاندا بگەڕێن تا دەیدۆزنەوە.

- پەیوەندیکردن: ئینترانێک دەکرێت ئامڕازێکی بەهێزبێت بۆ پەیوەندیکردنی فەرمانبەرانی ناو کۆمپانیا یان ڕێخراوەکە، بە بوونی ئەم پەیوەندییە زانیاری زۆر ئاسانتر دەگوازرێتەوە و هەروەها کاتێت فەرمانبەرێک پرسیارێکی دەبێت دەزانێت لە کوێدا پرسیار بکات، پەیوەندیکردن لە ئینترانێتدا دەکرێت لەڕێگەی چات، ئیمەیڵ یان بلۆگەوە بێت، هەروەها بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگانەی پەیوەندیکردن بیرۆکەکان ئاسانتر دەگەیەنرێن و داهێنانی زیاتر دەکرێت.

- ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاری بازرگانی: ئینترانێت وەک پلاتفۆڕمێک بەکاردەهێنرێت بۆ گەشەپێدان و جێگیرکردنی نەرمەواڵەکان کە پشتگیری کارە بازرگانییەکان و بڕیاردانەکان دەکات لە پڕۆژەیەکی پێکەوەبەستراودا.

- کەمکردنەوەی تێچوو: فەرمانبەران دەتوانن زانیاری و داتاکان لە وێبگەڕەکاندا نیشانبدەن بەبێ ئەوەی بەناو چەندین دۆکۆمێنتی فیزیکیدا بگەڕێن، کە ئەمەش دەبێت هۆی کەمکردنەوەی بڕی پارەی تێچوو بۆ لەبەرگرتنەوەی دۆکۆمێنتەکان.

- باشترکردنی پێکەوەکارکردن: لە ئینترانێتدا زانیارییەکان دەتوانرێت بەئاسانی ببینرێت و بەکاربهێنرێت، کە ئەمەش پێکەوە کارکردن ئاساندەکات چونکە تیمەکان دەتوانن لە یەک کاتدا پێکەوە قسەبکەن و بە ئاسانی بیرۆکەکانیان دەرببڕن لەڕێگەی بەرنامەکانی چات و بلۆگەکانەوە کە لە ئینترانێتدا دروستدەکرێت.

- گونجان لەگەڵ هەموو سیستمە کارپێکەرەکاندا: چونکە نەرمەواڵەکانی کە بۆ ئینترانێت دروستدەکرێت لەڕێگەی وێبگەڕەکانەوە بەکاردەهێنرێت و هەروەها هەموو سیستمە کارپیکەرەکان پشتگیری وێبگەڕ دەکەن بۆیە هەموو سیستمە کارپێکەرەکانی وەک ویندۆوس و ماك و لینوکس دەتوانن سوود لە ئینترانێت وەربگرن.


سەرچاوەکان



1507 بینین