زۆر میزکردن 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-05-14:49:00 - کۆدی بابەت: 6184
زۆر میزکردن 

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی زۆر میزکردن

زۆر میزکردن بریتییە لە پێویستی کەسەکە بۆ چوونە سەرئاو لە پێناو میزکردندا زیاتر لە کاتی ئاسایی، بەبێ ڕەچاوکردنی بڕی میزەکە کە زۆر بێت یان کەم، دەکرێت لە شەو یان ڕۆژدا زۆر میزکردن ڕوو بدات، یان لە چەند کاتژمێکێ شەودا، هۆکاری زۆر میزکردن زۆرن وەکوو ئەو نەخۆشییانەی توشی کۆئەندامی میزەڕۆ دەبن یان هەر بەشێک لە بەشەکانی کە هەریەکە لە دوو گورچیلەکە و میزەڕۆ و میزڵدان دەگرێتەوە. 

هۆکارەکانی زۆر میزکردن 

هۆکارەکانی زۆر میزکردن زۆرن، دەکرێت زۆر میزکردن نیشانەی چەندین نەخۆشی جیاوازی نەخۆشییەکانی گورچیلەیە، یان دەکرێت دەرئەنجامی زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەکان بێت کاتێک ئەم حاڵەتە هاوکاتی گەرمایە، حاڵەتی پێویستیی میزکردن و ئازاری سک دەکرێت هۆکارەکەی توشبوون بێت بە هەوکردن یان میکرۆب لە ڕێڕەوی میزدا، لە هۆکارەکانی تری زۆر میزکردن بریتین لە: 

- نەخۆشی شەکرە: زۆر میزکردن و بە بڕێکی زۆری نائاسایی دەکرێت زۆرجار نیشانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری ١ و ٢ بێت، کە لەش دەیەوێت لە ڕێگەی میزەوە گلوکۆزی بەکارنەهێنراو بکاتە دەرەوەی لەش.

- دووگیانی: لە هۆکارە بڵاوەکانی زۆر میزکردنە، هەر لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانییەوە قەبارەی منداڵدان زیاد دەکات، کە وادەکات پەستان بکەوێتە سەر میزڵدان و ببێتە هۆی زۆر میزکردن. 

- کێشەکانی پڕۆستات: وەکوو گەورەبوونی پڕۆستات کە پەستان دەخاتە سەر ڕێڕەوی میز و  ڕێگری لە چوونە دەرەوەی دەکات بۆ دەرەوەی لەش، کە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر دیواری میزڵدان و دەست دەکات بە گرژبوون تەنانەت لەوکاتەی بڕێکی کەمی میزی تیدایە، کە هۆکارە بۆ بەتاڵبوونەوەی میزڵدان بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕوودانی زۆر میزکردن.

- هەوکردنی میزڵدانی نێوانی: نەخۆشییەکی هۆکار نادیارە کە زۆرجار دەبێتە هۆی ئازار لە ناوچەکانی میزڵدان و حەوزی گورچیلە، لە نیشانەکانی تری نەخۆشییەکەش بریتییە لە زۆر میزکردن.

- بەکارهێنانی دەرمانە میزپێکەرەکان: کە بەکاردێن بۆ چارەسەری بەرزە پەستانی خوێن و کۆبوونەوەی شلەکان لە لەشدا، ئەویش لە ڕێگەی دەکردنی شلەکان لە لەش کە هۆکارە بۆ زۆر میزکردن.

- جەڵتەی مێشک و جگە لەویش لە نەخۆشییە دەمارییەکان: تێکچوونی ئەو دەمارانەی کۆنترۆڵی میزڵدان دەکەن هۆکارە بۆ ڕوودانی کێشە لە ئەرکەکەیدا و لەوانەش ویستی دووبارە و لەناکاو بۆ میزکردن. 

- هۆکاری تر: لە هۆکارە ناباوەکانی زۆر میزکردن بریتین لە شێرپەنجەی میزڵدان و چارەسەری تیشک و لاوازی ئەرکەکانی میزڵدان. 

چارەسەری زۆر میزکردن

چارەسەرکردنی زۆر میزکردن لە ڕێگەی چارەسەری هۆکاری سەرەکی زۆر میزکردنەکەوە دەبێت، بۆ نموونە: ئەگەر هۆکاری پشت زۆر میزکردنەوە نەخۆشی شەکرە بێت، ئەوە چارەسەری زۆر میزکردن لە ڕێگەی هێشتنەوەی شەکری لەش لە ئاستی ئاسایی خۆیدا دەبێت، هەروەها دژە زیندەییەکان دەکرێت بەکاربهێنرێت وەکوو چارەسەری هەوکردنەکان، هەروەها گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان وەکوو چاودێری خواردنەوەی ئاو و چوونە سەرئاو و ڕیکخستنەوەی بەکارهێنانی دەرمانەکان دەکرێت چارەسەرێکی باش بن لای هەندێک کەس. 

ئەو حاڵەتانەی پێویستیان بە سەردانی پزیشکە

دەکرێت زۆر میزکردن و میزکردنی خێرا لای هەندێک کەس شتیکی ئاسایی بێت، ئەگەر نیشانەی تری لەگەڵ نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زۆر میزکردن نیشانەی هەبوونی حاڵەتێکی نەخۆشییە، لەو حاڵەتانەی کە پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشک بکات بریتین لە: 

  • کێشەی ڕێڕەوەکانی میز کە کاریگەری دەخەنە سەر ژیان. 
  • هەبوونی خوێن لە میزدا یان هەبوونی بۆنێکی نائاسایی.
  • تا و لەرز و ڕشانەوە و هیلاکی. 
  • ئازار لە سک و کەلەکە.
  • لەدەستدانی لەناکاوی کێش.
  • زیادبوونی حەزی خۆراک و تینوێتی.
  • دەردراوی زێ و چووک.

دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی زۆر میزکردن

دەکرێت پزیشک هەندێک پشکنین ئەنجام بدات بۆ دەەستنیشان کردنی هۆکاری پشت زۆر میزکردن، وەکوو پێوانەی بڕی میز لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر، یان گەر پزیشک گومانی لە هەبوونی هەوکردن یان میکرۆب هەبوو لە ڕێڕەوی میز یان هەوکردن لە پڕۆستاتدا، دەکرێت نمونەیەکی میز وەربگرێت و شیکاری بۆ بکات، یان دەکرێت نازوری میزڵدان بکات بۆ سەیرکردنی بەشی ناوەوەی میزڵدان، یان شەپۆلەکانی سەروو بیستن بۆ پشکنینی میزڵدان یان بەشەکانی تری کۆئەندامی میزەڕۆ، هەروەها نموونەیەک لە پڕۆستات وەردەگیرێت گەر پزیشک گومانی لە گەورەبوونی پڕۆستات بوو وەکوو سەرچاوەی نەخۆشییەکە، هەروەها ئاستی شەکری خوێن دەپێوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە شەکرە وەکوو هۆکاری نەخۆشییەکە، هەروەها چەندین پشکنینی تر وەکوو شەپۆلەکانی سەروو بیستن و تیشکی کۆمپیوتەری CT.

ئەو ڕێکارانەی وا باشترە پەیڕەو بکرێن 

سیستمی خۆراکی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆر میزکردنە، چونکە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست ڕەنگە هاوکار بێت لە چارەسەری زۆر میزکردن، دەکرێت سەرەتا خۆی لە دەستنیشانکردنی ئەو خۆراکانەدا ببینێتەوە کە هۆکاری زۆر میزکردنن، بەڵام هەندێک خواردن و خواردنەوە پێویستە خۆیان لێ بەدوور بگرێت، وەکوو: 

- کافاین: کافاین وەکوو چالاککەر و میزپێکەرێک ئەرک دەبینێت، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی پێویستی میزکردن بە شێوەیەکی بەردەوام، کافاین لە چای و قاوە و شوکلاتە و سۆدەدا بوونی هەیە، بۆیە پێویستە کافاین کەم بکرێتەوە ئەویش لە ڕێگەی کەم خواردنەوە قاوە و خواردنەوە گازییەکان کە ڕۆژانە دەخورێن.

- گلۆتین: جۆرێکە لە جۆرەکانی پڕۆتین کە لە گەنم و جۆدا هەیە، سیستمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە گلۆتین ڕەنگە هۆکاری زۆر میزکردن بێت، بۆیە پێویستە خواردنی ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە گلۆتین کەم بکرێتەوە وەکوو نان و مەعکەرۆنی و کولیچە و پیتزا.

- خۆراکە ترشەکان: خۆراکە ترشەکان هەندێک جار دەبنە هۆی پەرچە کردارێک کە دەبێتە ژۆی زۆر میزکردن، لەم خۆراکە ترشانەش بریتین لە سۆدە و چا و قاوە و شەربەتی توو و شەربەتی پرتەقاڵ


سەرچاوەکان



5806 بینین