ئاسایشی ئینتەرنێت

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-06-13:55:00 - کۆدی بابەت: 6196
ئاسایشی ئینتەرنێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ئاسایشی ئینتەرنێت

ئاسایشی ئینتەرنێت یەکێکە لە لقەکانی ئاسایشی کۆمپیوتەر، ئاسایشی ئینتەرنێت پێکدێت لە ئاسایشی وێبگەڕ و ماڵپەڕەکان و نێتۆرکەکان هەروەها سیستمە کارپێکەرەکان بە گشتی، مەبەست لە ئاسایشی ئینتەرنێت بریتییە لە دانانی کۆمەڵە یاسایەک بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەکرێت، چونکە ئیتەرنێت چەندین سەرچاوەی باوەڕپێنەکراوی تێدایە کە نەرمەواڵەی گوماناوی بەکاردەهێنن وەک تڕۆجان و کرمە کۆمپیوتەرییەکان.

مێژووی ئاسایشی ئینتەرنێت

لە ساڵی 1972 ئەندازیاری میسڕی (محەمەد عەطاڵە) مافی داهێنانی پڕکردەوە (U.S. Patent 3,938,091) بۆ دروستکردنی سیستمێکی پشتڕاستکردنەوەی (PIN)، ئەم سیستمە هەڵدەستا بە بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی بەنهێنیکردن (encryption) بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هێڵە تەلەفۆنییەکان بۆ پاراستنی ناسنامەی کەسەکان، کە داتا و زانیارییەکان بەنهێنیکراوی دەگوازرانەوە لە نێتۆرکەکانی پەیوەندیدا.

مەترسییەکان

نەرمەواڵەی گوماناوی

نەرمەواڵەی گوماناوی بریتییە لە نەرمەواڵەیەکی کۆمپیوتەر یان ئەلیکترۆنی کە بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی یان دزینی زانیارییەکانی ناو سیستمێکی تر، نەرمەواڵەی گوماناوی چەندین جۆری جیاوازی هەیە، وەک:

- بۆت نێت: بریتییە لە نێتۆرکێکی گەورەی کۆمپیوتەری کە لە ڕێگەی ڕۆبۆتێکەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت و خاوەنەکەی بەکاریدەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی.

- ڤایرۆسی کۆمپیوتەری: بریتییە لەو نەرمەواڵە گوماناوییانەی کە خۆیان زیاد دەکەن و توشی فایلەکانی تری ناو سیستمەکە دەبن، ڤایرۆسەکان زیاتر بەکاردەهێنرێن بۆ دزینی زانیاری یاخود کۆنتڕۆڵکردنی کۆمپیوتەر.

- کرمی کۆمپیتەری: چۆرێکە لە نەرمەواڵە گوماناوییەکان کە پێویستیان بە نەرمەواڵە و فایلی تر نییە بۆ زیادبوون، هەروەها کرمە کۆمپیتەرییەکان زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە و زیاتر توشی نێتۆرکەکان دەبن.

- ئەسپی ترۆجانی: بریتییە لەو نەرمەواڵە گوماناوییانەی کە وەک نەرمەواڵەی ئاسایی و بێ زیان دەردەکەون بەڵام لەکاتی کارپێکردنیان زیان بە کۆمپیوتەر یاخود سیستمەکە دەگەیەنێت.

هێرشی نەهێشتنی خزمەتگوزاری

هێرشی نەهێشتنی خزمەتگوزاری (بە ئینگلیزی: Denial-of-service attacks) یاخود هێرشی دۆس (DoS) بریتییە لە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنیانەی کە بۆ بەکارهێنەران دروستکراون، ئەم هێرشە ئەنجامدەدرێت لەڕێگەی ئەنجامدانی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە داواکردنی خزمەتگوزاری (service requests) لە سێرڤەرەکەوە لە یەک کاتدا، کە ئەمەش وا لە سیستمەکە دەکات نەتوانێت بەسەر داواکارییەکاندا زاڵ ببێت و لە کار دەکەوێت، هێرشەکانی نەهێشتنی خزمەتگوزاری زیاتر دەکرێتە سەر سیستمە کۆمپیوتەرە هەورییەکان.

لاوازی نەرمەواڵەکان

ئەو نەرمەواڵانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ کارپێکردن و بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی ئینتەرنێت، زۆرجار کێشەی پارێزگارییان تێدایە، بۆیە هاککەرەکان ئەم کێشانە بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردن و بردنی ئەو داتایانەی کە لە سیستمەکەدا هەیە.

پاراستن

دژە ڤایرۆس

نەرمەواڵەی دژە ڤایرۆس هەڵدەستێت بە پاراستنی سیستمە کۆمپیوتەرییەکان هەروەها یارمەتی دۆزینەوەی هەر نەرمەواڵەیەکی گوماناوی دەدات کە لە سیستمەکەدا هەیە.

ڕێکخەرەکانی وشەی نهێنی

ڕێکخەری وشەی نهێنی (password manager) بریتییە لە نەرمەواڵەیەک کە هەڵدەستێت بە دروستکردن و هەڵگرتنی وشە نهێنییەکانی نەرمەواڵە و ئیمەیڵەکان، نەرمەواڵەکانی ڕێکخەری وشەی نهێنی هەڵدەستێت بە نهێنیکردنی (encrypt) وشە نهێنییەکان بۆ ئەوەی زۆر بە زەحمەت بتوانرێت هاک بکرێت.

دەستەی پارێزگاری - Security suites

ئەم شێوازە پارێزگارییە یەکەمجار لە ساڵی 2003ـدا بڵاوکرایەوە لەلایەن کۆمپانیای (McAfee) کە پێکهاتبوو لە دیواری ئاگرین (firewall) و دژە ڤایرۆس و چەندین نەرمەواڵەی پارێزگاری تر.


سەرچاوەکان



1925 بینین