کۆنیشانەی پرادر ویڵی 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-11-21:15:00 - کۆدی بابەت: 6256
کۆنیشانەی پرادر ویڵی 

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی پرادر ویڵی چییە؟

کۆنیشانەی پرادر ویڵی بە کۆمیشانەیەکی تەندروستی بۆماوەی دەگمەن ناسراوە کە تێیدا زیندەکردارەکانی لەش گۆڕانکارییان بەسەردێت کە هۆکارە بۆ گۆڕانی شێوە و ڕەفتارکردنیان، کەسی توشبوو بەم کۆنیشانەیە هەمیشە هەست بە برسێتی و زۆری حەزی خۆراک و هەست بە تێرنەبوون دەکات، هەر لەبەر ئەوەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە قەڵەوی لە منداڵاندا کە دەبێتە هۆی لێکەوتەی مەترسیداری وەکوو نەمانی هەناسە لە کاتی خەودا و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر پەرەسەندنی درک پێکردنی منداڵەکە و دواکەوتنی پێگەیشتن، توشی هەردوو ڕەگەز دەبێت بە رێژەیەکی یەکسان، ئەم کۆنیشانەیە لە دەرئەنجامی تێکچوونێکی بۆماوەیی لە کڕۆمۆسۆمی ١٥  ڕوودەدات. 

نیشانەکانی کۆنیشانەی پرادر ویڵی 

نیشانەکانی کۆنیشانەی پرادر ویڵی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، هەروەها بەپێی تەمەنیش جیاوازە، واتا نیشانەکانی کاتی شیرەخۆرەیی لە نیشانەکانی منداڵی و پێگەیشتوویی جیاوازە، لە گرنگترین نیشانەکانیش بە پێی پۆلێن کردنیان بەپێی تەمەن بریتین لە:

نیشانەکانی منداڵی شیرەخۆرە

لەو نیشانانەی کە دەکرێت لای منداڵانی شیرەخۆرە دەربکەون بریتین لە، کەمی کرژی ماسولکەکان و هەست بە نەرمی پەلەکان کە منداڵەکە وەکوو پارچە قوماشێکی لێدێت، منداڵی لەدایکبوو چاوەکانی شێوەیان بە بادەم دەچن و لێوی سەرەوەی بەرزە و دەمی بەرەو خوارەوەیە، لاوازی لە کرداری شیرپێدان و توشبوون بە بەدخۆراکی، دواکەوتنی گەشە و لاوازی وەڵامدانەوەی کارتێکەرەکان و لاوازی هاوارکردن و قورسی لەخەو هەستان و کەمی گەشە لە ئەندامەکانی زاوزێ. 

نیشانەکانی قۆناغی منداڵی تاکوو تەمەنی پێگەیشتن

لەو نیشانانەی لەم قۆناغەدا دەردەکەون بریتین لە هەستی هەمیشەیی بە برسێتی و زۆربوونی حەزی خۆراک و گەڕانی هەمیشەیی بۆ خۆراک، کەمیی گەشەی ئەندامەکانی زاوزێ هۆکاریشە بۆ دواکەوتنی پێگەیشتن لای هەردوو ڕەگەز، کورتی باڵا و بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری و کەمی بارستە ماسولکە لای کەسی نەخۆش، رێگری ئەقڵی و قورسی پڕۆسەی فێربوون، دواکەوتنی رێکردن و جوڵە و تەنانەت دەستکردن بە قسە، تێکچوونی نوستن و نەمانی هەناسە لەکاتی نوستندا و هەست بە خەواڵووی لە ڕۆژدا و کێشەی هەڵسوکەوت و خێرایی هەڵچوون و کەلەڕەقی و لەدەستدانی کۆنترۆڵ.

چارەسەری کۆنیشانەی پرادر ویڵی

چارەسەری کۆنیشانەی پرادر ویڵی بەپێی نیشانەکانی نەخۆشەکە دەبێت، کە چارەسەرەکان خۆیان دەبیننەوە لە لایەنی خۆراک پێدان و هۆڕمۆنەکان و گەشە و قسەکردن و چارەسەری سروشتی و هەڵسوکەوت، لە گرنگترین چارەسەرەکانیش بریتین لە: 

- خۆراکپێدانی منداڵی شیرەخۆرە لە رێگەی شیرێکی دەستکردی باشی پڕ لە وزە و کالۆرییەوە و چاودێری گەشەکردنی.

- بەکارهێنانی هۆڕمۆنی گەشە بۆ باشکردنی گەشەی منداڵەکە و چارەسەری کەمی کرژی ماسولکەکان

- بەکارهێنانی هۆڕمۆنەکانی زاوزێ بۆ هاندانی پێگەیشتنی کەسەکە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ دیاریکردنی شوێنی گونەکان.

- ڕێکخستنی کێشی لەش لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست و ئەنجامدانی وەرزش.

- چارەسەرکردنی کێشەکانی خەو و نەمانی هەناسە لەکاتی خەودا.

- چارەسەری سروشتی بۆ باشکردنی ئەرکە جوڵەییەکان و کێشەی قسەکردن.

- چارەسەری منداڵەکە لەڕووی هەڵسوکەوتەوە و ڕیکخستنی هەڵچوونەکانی و تێکچوونە دەروونییەکانی.

لێکەوتە خراپەکانی کۆنیشانەی پرادر ویڵی 

کاریگەری ئەم کۆنیشانەیە دیارە لەسەر نەخۆشەکە بەهۆی ئەو لێکەوتە جەستەیی و ڕەفتارییانەی لە نزیک و دوورمەودادا هەیەتی لەسەر کەسەکە کە ڕەنگە بگاتە ئاستی مردنی پێشوەختەش، لە گرنگترین لێکەوتەکانیش بریتین لە: 

  • کورتهێنانی ڕژێنەکانی زاوزێ کە دەبێتە هۆی فشەڵبوونی ئێسک و شکانی. 
  • توشبوون بە قەڵەوی زیادەڕەو کە هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەخت.
  • نەمانی هەناسە لەکاتی نوستندا.
  • پەککەوتنی لای ڕاستی دڵ.
  • نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو.
  • دروستبوونی لووی خوێن و لووی کوێرە ڕژێنەکان و شێرپەنجەی وێڵمز و شێرپەنجەی گوونەکان.
  • نەوسنی و زیادەڕەوی لە خواردندا.


سەرچاوەکان



482 بینین