کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-12-14:47:00 - کۆدی بابەت: 6268
کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانستە ئیسلامییەکان بریتییە لە خوێندنی زانستی شەرعی و بەرەوپێشبردنی توێژینەوە شەرعیەکانی پەیوەست بە دۆز و کێشەکانی سەردەم، هەروەها ئاشناکردنی خوێندکارە بە بنەما سەرەکییەکانی ئاین و ڕێگای دروستی ئیسلام.

ئەم بەشە خوێندکارانی قوتابخانە ئاینییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و خوێندکارانی بەشی وێژەیی و زانستی وەردەگرێت، بە پێی کۆنمرەی جیاواز. 

پسپۆڕی و بەشە سەرەکییەکانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان 

بەشی شەریعە

شەریعە وشەیەکی گشتگیرە، کۆی دامەزراوە ئیسلامییە گەورەکان و هەموو چەمکە شەرعییەکان لە خۆ دەگرێت بەشێکی سەرەکییە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، دەرچووی ئەم بەشە پسپۆڕی وەردەگرێت لە بواری فیقهی ئیسلامی، بەگشتی (فیقه) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای تێگەیشتن دێت، لە ڕووی زاراوەییش بە واتای تێگەیشتن لە کۆی ئەو دەقە شەرعیانە کە پەیوەستن بە کردەوەکانی مرۆڤەوە، بەواتایەکی تر بریتییە لە تێگەیشتن و شێوازی لێکدانەوەی مرۆڤ بۆ دەقە شەرعییەکانی قورئان و سوننەت، خوێندکار لەم بەشە بنەماکانی فیقهی ئیسلامی بە وردی دەخوێنێت.

بنەماکانی ئاین

ئەم بەشە تایبەتمەندی خۆی هەیە وانەکانی تایبەتن، وەکوو وانەی بیروباوەڕ و فەلسەفە و لۆژیك و بەراوردکردنی ئاینەکان و ڕێزمانی عەرەبی ئەم وانانە لەم بەشە بە گشتی دەخوێندرێت.

دەرچوانی ئەم بەشە پسپۆڕی وەردەگرن لە بنەما و بیر و باوەڕی ئیسلامی.

خوێندنی ئیسلامی

ئەم بەشە گشتگیرە و تێکەڵەیەکی لە بەشەکانی تر،  لەبنەما سەرەکییەکانی زانستە ئیسلامییەکان دەکۆڵێتەوە، خوێندکار شارەزایی وەردەگرێت لە زانستە ئیسلامییەکان.

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی عەرەبییە.

وانەکانی خوێندن بە گشتی زۆر فراوانە پەیوەستە بە زمانی عەرەبی و ڕەوانبێژی لە زمانی عەرەبیدا، مێژووی ئیسلامی و فیقهی شەرعی و ژیاننامەی پێغەمبەر (درودی خودای لەسەر بێت)، هەروەها تەفسیری قورئان و  (تجوید) جوان خوێندنەوەی قورئان، و بیر و باوەڕ و کولتووری ئیسلامی و شێوازی بانگەوازی کردن بۆ ئیسلام و شێوازی وتاردان، ئەمانە و چەندین وانەی تر لە ماوەی خوێندندا بە وردی و بە چڕی بە پێی قۆناغەکانی خوێندن دەخوێندرێت.

خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا ( ماجستێر و دکتۆرا ) بەدەستبهێنێت، کە دواتر وەکوو ئەکادیمی دادەمەزرێن لە کۆلێژ و زانکۆکان. 

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی ئەم بەشە

- بوونی ئاستێکی باش لە زمانی عەرەبی چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی عەرەبییە.
- هەبوونی زانیاری گشتی لەسەر ئاینی ئیسلام بەتایبەتی و ئاینەکانی تر بە گشتی.
- بوونی کەسایەتیەکی بەهێز و بەتوانا.
- لێهاتوویی لە مامەڵە کردن لەگەڵ کەسانی تردا.
- بەتوانا بێت لە هونەرەکانی گفتوگۆکردن زمان پاراوی و هەبوونی توانای قايل كردنی بەرامبەر، ئەم تایبەتمەندیانە زۆر سوودی هەیە بۆ وتاربێژی.
- ئارەزوومەندیی و بوونی خولیا و حەزێك بۆ ئەم بەشە، چونکە ئەم بەشە بەشێکی پیرۆزە و سوودی هەیە بۆ دوونیا و دواڕۆژ. 
بوارەکانی کارکردن
بەهۆی پسپۆڕییەکانی ئەم بەشەو زانینی زمانی عەرەبی دەرچووان، بواری کارکردنی فراوان و هەمەچەشنە، دەرچووی ئەم کۆلێژە دەتوانێت بە لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە چەندان بواردا کاربکات، ئەمانە چەند نموونەیەکی بوارەکانی کارکردنن:
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو وانەبێژی زمانی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی دەستبەکار بێت لە خوێندنگەکان.
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو وتاربێژ و بانگدەر و پێشنوێژ لە مزگەوتەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف دەستبەکار بێت.
- دەرچووانی ئەم بەشە لە ڕووی کارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە بە توانان، دەتوانن لە دامودەزگاکانی سەر بە حکومەت دەستبەکار بن وەکوو فەرمانبەر.
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی پەیوەست بە بواری خۆی دەستبەکار بێت.

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



3636 بینین