داکەوتنی منداڵدان 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-13-14:24:00 - کۆدی بابەت: 6278
داکەوتنی منداڵدان 

ناوه‌ڕۆك

داکەوتنی منداڵدان چییە؟

منداڵدان ئەندامێکی زاوزێیە کە بەس لە ڕەگەزی مێینەدا هەیە، کە دەکەوێتە ناوچەی حەوزەوە، ماسولکەکانی حەوز کاردەکەن بۆ جێگیرکردن و هاوکاریکردنی، کاتێک دایکەکە منداڵی دەبێت یان تەمەنی هەڵدەکشێت، ماسولکەکانی منداڵدان لاواز دەبن و داکەوتنی منداڵدان ڕوودەدات، دەکرێت ملی منداڵدان بگاتە پێشەوەی زێ، یان بگاتە دەرچەی زێ، یان هەر بە تەواوی لە زێ بێتە دەرەوە، ئەم داکەوتنەش چەندین نیشانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

قۆناغەکانی داکەوتنی منداڵدان

داکەوتنی منداڵدان ڕوودەدات کاتێک ماسولکەکانی منداڵدان لاواز دەبن و توانای جێگیرکردن و هەڵگرتنی منداڵدانیان نامێنێت، کە داکەوتنەکەی بە دوو قۆناغ دەبێت، ئەوانیش: داکەوتنی ناتەواوی منداڵدان و داکەوتنی منداڵدان بە تەواوی، کە هەریەکەیان بریتین لە:

- داکەوتنی ناتەواوی منداڵدان: لەم قۆناغەدا منداڵدان بە شێوەیەکی بەشەکی دادەکەوێت بۆ زێ، بەڵام لێوەی دەرناچێ. 

- داکەوتنی تەواوی منداڵدان: لەم قۆناغەدا منداڵدان دێتە دەرەوەی زێ، کە چەندین قۆناغ هەیە بۆ ئەم داکەوتنە، ئەوانیش:

  1. لەم قۆناغەدا منداڵدانی دادەکەوێت بۆ بەشی سەرەوەی زێ.
  2.  لەم قۆناغەدا منداڵدان دادەکەوێ بۆ بەشی پێشەوەی زێ.
  3. لەم قۆناغەدا ملی منداڵدان لە زێوە دەردەچێت.
  4. لەم قۆناغەدا ملی منداڵدان و منداڵدان لە زێوە دەردەچن.

نیشانەکانی داکەوتنی منداڵدان

ئەگەر داکەوتنەکە سووک و سادە بێت نیشانەکان دەرناکەون، بەڵام گەر قورس و توند بێت چەندین نیشانە دەردەکەون، لە کاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەش پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت، نیشانەکانیش بریتین لە:

  • هەست بە قورسی لە ناوچەی حەوز.
  • ڕوودانی خوێنبەربوون لە زێ یان زیادەڕەوی دەردراوەکانی زێ.
  • قورسی لە کردەی جووتبوون.
  • ڕوودانی هەوکردن لە میزڵدان یان قەتیسبوونی میز.
  • قەبزی.
  • هەست بە ئازاری خوارەوەی پشت.
  •  دەرچوونی منداڵدان لە دەرچەی زێوە.
  • لاوازبوونی شانەکانی زێ.
  • دەردانی دەردراوی نائاسایی لە زێدا.

هۆکارەکانی داکەوتنی منداڵدان

دەکرێت داکەوتنی منداڵدان لە هەر تەمەنێکدا ڕووبدات بەهۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی حەوزەوە، بەڵام زۆرجار ئەم لاوازبوونە پاش نەمانی خوێن بینین ڕوودەدات، کە لاوازبوونی ئەم ماسولکانە کە دەبێتە هۆی داکەوتنی منداڵدان چەندین هۆکاری هەیە، لەو هۆکارانەش:

  • دووگیانی.
  • ڕوودانی قورسی لە منداڵبووندا یان توشبوون بە پێکان لەکاتی منداڵبوون.
  • گەورەیی قەبارەی منداڵی لەدایکبوو.
  • زۆری کێش.
  • دابەزینی ئاستی ئیسترۆجین پاش نەمانی سوڕی مانگانە.
  • قەبزی درێژخایەن.
  • کۆکەی درێژخایەن و هەوکردنی لقەکانی بۆری هەوا.
  • بەرزکردنەوەی باری قورس.

دەستنیشانکردنی داکەوتنی منداڵدان

پزیشک هەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی داکەوتنی منداڵدان بە پرسیارکردن لە نەخۆشەکە دەربارەی نیشانەکانی و کاتی دەستپێکردنی نیشانەکان و پرسیارکردن لێی دەربارەی مێژووی نەخۆشییەکە، هەروەها پزیشک داوا لە ئافرەتەکە دەکات پاڵ بکەوێت یان بەپێوە بوەستێت و دواتر بکۆکێت یان پەستان بخاتە سەر سک بۆ دەستنیشانکردنی داکەوتنی منداڵدان، هەروەها وێنەگرتنی تیشکی ئێکس یان شەپۆلی سەروو بیستن بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی هۆکاری داکەوتنی منداڵدان.

چارەسەری داکەوتنی منداڵدان.

چارەسەری داکەوتنی منداڵدان پشت بە توندی داکەوتنەکە دەبەستێت، ئەگەر کەم بوو ئەوە خۆی خودکارانە باش دەبێتەوە بێ بەکارهێنانی چارەسەر، زۆر جار لەو داکەوتنانەدا نیشانەکانیش دەرناکەون، بەڵام گەر داکەوتنەکە توند بێت ئەوە پێویستی بەم چارەسەرانە دەبێت: 

- پەیڕەوکردنی ڕێکاری خۆپارێزی: پەیڕەوکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکانی وەکوو ڕاهێنانەکانی کیجڵ و لەدەستدانی کێش و چارەسەری قەبزی یارمەتیدەرە لە باشبوونی حاڵەتە مامناوەندەکانی داکەوتنی منداڵدان، هەروەها جێی ئاماژەیە کە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێکارانە یارمەتیدەرە لە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی پێکانەکە.

- چارەسەر بە بەکارهێنانی ئەڵقەی زێ: ئەم چارەسەرە بریتییە لە ئەڵقەیەکی کشاو یان پلاستیکی کە دەخرێتە زێوە بۆ پاڵپشیی شانەکانی، هەروەها جێی ئاماژەیە کە پێویستە ئەم ئەڵقەیە دەربکرێت بۆ پاککردنەوەی، ئەویش بۆ ڕێگری ڕوودانی هەوکردن.

- نەشتەرگەری: ئەگەر داکەوتنی منداڵدان توند بێت ئەوە پزیشک هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەیە بۆ چارەسەری ئەم داکەوتنە، کە دەکرێت بە بەکارهێنانی نازور ئەنجام بدرێت، لە نموونەی نەشتەرگەرییەکانیش بریتین لە: 

  • نەشتەرگەری بۆ چاککردنی شانە لاوازەکانی بەشی خوارەوەی حەوز: ئەم نەشتەرگەرییە لە ڕێگەی زێ یان سکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەویش بۆ دانانی کەرەستەی تایبەت بە پاڵپشتی ماسولکەکانی حەوز و دانانی شانەی تر لە جێی شانە لاواز و تێکچووەکان.
  • نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان: ئەگەر داکەوتنی منداڵدان زۆر و توند بوو، پزیشک نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان ئەنجامدەدات، جێی ئاماژەیە کە چەندین لێکەوتەی خراپی ئەم نەشتەرگەرییە هەیە وەکوو توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.

خۆپارێزی لە داکەوتنی منداڵدان

چەندین ڕێکاری تەندروستی هەیە کە ئەنجامدانیان ئەگەری داکەوتنی منداڵدان کەم دەکاتەوە، هەروەها جێبەجێکردنیان هۆکاریشە بۆ خراپتر نەبوونی نیشانەکانی حاڵەتەکە گەر کەسەکە توشبوو بێت، بەڵام ڕەنگە هەمیشە ڕێگر نەبن لە توشبوون بە داکەوتنی منداڵدان، لەو ڕێگایانەش:

- ئەنجامدانی ڕاهێنانی کیجڵ: کە یارمەتیدەرن لە بەهێزکردنی ماسولکەکانی حەوز، باشترە ئەم ڕاهێنانانە پاش منداڵبوون ئەنجام بدرێن بۆ ڕێگری لە داکەوتنی منداڵدان

- چارەسەری قەبزی: خواردنەوەی بڕێکی زۆری شلەمەنی و خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵەکان وەکوو میوە و سەوزە و فاسۆلیا و دانەوێڵە یارمەتیدەری چارەسەری قەبزین.

- خۆلادان لە بەرزکردنەوەی باری قورس: خۆلادان لە بەرزکردنەوەی قورسایی زۆر و هەڵگرتنی شتەکان بە شێوەیەکی دروست هاوکارە لە ڕێگری لە ڕوودانی داکەوتنی منداڵدان.

- چارەسەری کۆکەی درێژخایەن: لە ئەگەری توشبوون بە کۆکەی درێژخایەن، پێویستە چارەسەری بکرێت بۆ ڕێگری لە داکەوتنی منداڵدان.

- پارێزگاری لە کێشی نموونەیی: پارێزگاری کردن لە کێشی نموونەی هاوکارە لە ڕێگری لە داکەوتنی منداڵدان.


سەرچاوەکان



2096 بینین