برینی منداڵدان 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-14-13:55:00 - کۆدی بابەت: 6298
برینی منداڵدان 

ناوه‌ڕۆك

برینی منداڵدان چییە؟

برینی منداڵدان نەخۆشییەکە توشی ئافرەتان دەبێت لە کاتی داخورانی ملی منداڵداندا، کە ئەم داخورانە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سوور یان لە لوولەی خوێن چوو لە نزیک دەوروپشتی ناوچەی توشبوو، سەرەتا داخورانەکە توشی پەردەی داپۆشەری ملی منداڵدانەکە دەبێت و دواتر شانەکانی منداڵدان دادەخورێن، کە دەکرێت بەشەکی بێت یان هەمووی بگرێتەوە، برینی منداڵدان بڵاوە لای ئافرەتان لە تەمەنی کەوتنە سەرخوێن و ئەو ئافرەتانەی منداڵیان بووە، هەروەها کەمە لای ئەوانەی کە توشی سوڕی مانگانە نابن، هەروەها ڕەنگە ڕووبدات بەهۆی هەوکردنی ملی منداڵدان یان هەوکردنی زێ، لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕەنگە ئەم برینانە نیشانەی ڕوودانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بن.

نیشانەکانی برینی منداڵدان

نیشانە سەرەتاییەکانی برینی منداڵدان بریتین لە دەرکەوتنی پەڵەی سوور کە توشی هەوکردن بوون لەسەر ملی منداڵدان و دەوروبەری، هەروەها نیشانەی تریش هەن کە دەکرێت لەسەر ئافرەتی توشبوو بە برینی منداڵدان دەربکەون، لەو نیشانانەش:

  • دەردانی دەردراوی نائاسایی لە زێوە، هەندێک جار ئەم دەردراوانە خوێنیشیان لەگەڵە.
  • ڕوودانی خوێنبەربوون لەکاتی جووتبوون یان پاش جووتبوون.
  • هەست بە ئازار لەکاتی جووتبوون یان پاش جووتبوون.

هۆکارەکانی برینی منداڵدان

برینی منداڵدان لە ئەنجامی داخورانی ڕژێنە خانەکان کە ڕووپۆشی دەرەوەت منداڵدانیان پێک هێناوە دروست دەبێت، ئەم خانانە لینجە ماددە بەرهەم دێنن و بە ئاسانی توشی خوێنبەربوون دەبن، ئەم برینە دەبێتە هۆی ئازار و ئەو ئازارەش لە کاتی جووتبوون یان پاش جووتبوون هەستی پێ دەکرێت، هەروەها دەکرێت هەندێک ئافرەت لەگەڵ ئەم برینەدا لەدایکبن، چەند هۆکارێکی تری ڕوودانی برینی منداڵدان بریتین لە: 

- گۆڕانی هۆڕمۆنی: لە بڵاوترین هۆکارەکانی ڕوودانی برینی منداڵدانە لە تەمەنی منداڵبووندا، بەڵام ئەو ئافرەتانەی سوڕی مانگانەیان نەماوە و توشی خوێن بینین نابن برینەکانیان بە دەگمەن هۆکارەکەی گۆڕانی هۆڕمۆنییە. 

- خواردنی حەبی ڕێگر لە دووگیان بوون: ئەم دەرمانانە هۆکارن بۆ گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان کە دەبێتە هۆی داخرانی ملی منداڵدان و ڕوودانی برینی منداڵدان.

- دووگیانی: ڕەنگە دووگیانی ببێتە هۆی هەوکردن لە ملی منداڵدان بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان و پاشان ڕوودانی برینەکە.

دەستنیشانکردنی برینی منداڵدان

دەستنیشانکردنی برینی منداڵدان لەلایەن پزیشکەوە لە ڕێگەی پرسیارکردن دەبێت لە نەخۆشەکە دەربارەی نیشانەکانی، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی زۆر بە نیشانەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەچێت بۆیە پزیشک چەندین پشکنین ئەنجامدەدات بۆ دەرکردنی شێرپەنجە لە دەستنیشانکردنەکە، لەو پشکنینانەش:

- پشکنینی ملی منداڵدان: ئەم پشکنینە لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونەیەکی ملی منداڵدانەوە دەبێت بۆ تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی human papilloma لەم خانانەدا، ئەویش بۆ دیاریکردنی هەبوونی هەر شتێکی نائاسایی.

- دوربینی گوڵنک (گوڵنک بینی- دوربینی زێ): کە پزیشک لوولەیەک کە کامێرای پێوەیە بەکاردەهێنێت، ئەویش بۆ پشکنینی ملی منداڵدان لە نزیکەوە.

- وەرگرتنی نموونەیەک لە ملی منداڵدان: پزیشک نموونەیەک لە ملی منداڵدان وەردەگرێت، دواتر دەنێردرێت بۆ تاقیگە و پشکنینی بۆ دەکرێت، ئەویش بۆ زانینی ئەوەی ئایا هۆکاری نیشانەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە یان برینی منداڵدان.

چارەسەری برینی منداڵدان 

بەزۆری ئەم برینانە پێویستیان بە چارەسەر نییە، بەڵام لە کاتی ڕوودانی نیشانەکانی وەکوو هەستکردن بە ئازار و ڕوودانی خوێنبەربوون پزیشک هەڵدەستێت بە چارەسەرکردنی برینەکە لە ڕێگەی کەویکردنی ناوچەی توشبووەوە بۆ لێکردنەوەی خانە تێکچووەکانی ملی منداڵدان، هەروەها جێی ئاماژەیە کە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە ڕەنگە ببێتە هۆی داخرانی ملی منداڵدان، کە ئەم کەویکردنە لە ڕێگەی بەکارهێنانی گەرمی و یان لە رێگەی ساردکردنەوەوە بە بەکارهێنانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناوچەی توشبوو یان لە ڕێی بەکارهێنانی نتراتی زیو، دوای ئەم چارەسەرەش پزیشک پێشنیار دەکات بۆ ئافرەتەکە کە جووتبوون ئەنجام نەدات، ئەویش تاکوو برینەکە پڕ ببێتەوە هەروەها بە بەکارهێنانی خاولی بۆ ماوەی ٤ هەفتە، هەروەها جێی ئاماژەیە کە پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت گەر هەر لێکەوتەیەکی کەویکردن دەرکەوت وەکوو دەردانی دەردراوی بۆن ناخۆش و خوێنبەربوونی زۆر و بەردەوام، چونکە ئەم لێکەوتانە ڕەنگە بەڵگەی هەبوونی نەخۆشی تر بن. 

خۆپارێزی لە برینی ملی منداڵدان

ڕێگری لە ڕوودانی پووکانەوەی ملی منداڵدان هاوکاری ڕێگریە لە توشبوون بە برینی منداڵدان، هەروەها هاوکارە لە خۆلادان لە چەندین نەخۆشی دیکە کە ڕەنگە توشی ملی منداڵدان بێت، چەندین ڕێگەش هەن بۆ ڕێگری لە ڕوودانی پووکانەوەی ملی منداڵدان، لەو ڕێگەیانەش:

- وەرگرتنی کوتاو: وەرگرتنی ئەو کوتاوەی کە ڤایرۆسی human papillomaـی تێدایە هاوکارە لە کەمکردنەوەی توشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان و ئەو شێرپەنجانەی تریش کە توشی ئەندامەکانی زاوزێ دەبن، جێی ئاماژەیە کە لە تەمەنی ١١ تا ٤٥ ساڵ ئەم ڤایرۆسە وەردەگیرێت.

- پشکنینی ملی منداڵدان بە شێوەیەکی ڕۆتینی: ئەنجامدانی پشکنینی ڕۆتینی هاوکارە لە دۆزینەوەی نەخۆشییەکانی ملی منداڵدان لەن قۆناغە زووەکان و بەر لە پەرەسەندنی.

- ئەنجامدانی جووتبوونی سەلامەت: بەکارهێنانی پارێزەی چووک (کۆندۆم) هاوکارە لە کەمکردنەوەی توشبوون بەو نەخۆشییانەی لە ڕێگەی زاوزێوە دەگوازرێنەوە.

- ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو نەخۆشییانەی لە ڕێگەی زاوزێوە دەگوازرێنەوە: ئەم پشکنینانە گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی چەندین نەخۆشی کە لە ڕێگەی زاوزێوە دەگوازرێنەوە، هەروەها جێی ئاماژەیە ئەم پشکنینانە بۆیە ئەنجام دەدرێن چونکە زۆربەی نیشانەکان لەکاتی توشبوون بەو نەخۆشییانەدا دەرناکەون.

- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان: ئافرەتانی جگەرەکێش ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆسی human papilloma زیاترە، کە هۆکارە بۆ ڕوودانی چەندین نەخۆشی کە توشی ملی منداڵدان دەبن.


سەرچاوەکان



2255 بینین