دەریای ڕەش

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-19-13:49:00 - کۆدی بابەت: 6351
دەریای ڕەش

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای ڕەش

دەریای ڕەش دەریایەکی هەڵکەوتەی نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپایە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی بەلکانەوە، باشووری ناوچەی ئەوروپای ڕۆهەڵاتەوە کە وڵاتی ڕووسیا دەگرێتەوە، ڕۆژئاوای وڵاتانی قەوقاز و باکووری وڵاتی تورکیا و ناوچەی ئەنادۆڵ.

چەندین ڕووباری گرنگ دەڕژێنە ناو دەریای ڕەشەوە سیانی سەرەکیان بریتین لە ڕووباری دانووب (دووەم درێژترین ڕووباری ئەورووپایە کە لە ئەڵمانیاوە هەڵدەقوڵێت و بەچەندین وڵاتی ئەوروپادا تێدەپەڕێت) ، ڕووباری دنایپەر و ڕووباری دۆن (لە ڕووسیاوە هەڵدەقوڵێن) هەرسێکیان وەک سێ سەرچاوەی سەرەکی دەریای ڕەش دادەنرێن.

ئاوی دەریای ڕەش سەرچاوەیەکی ئاوییە بۆ چەندین وڵات بەڵام شەش وڵات سنوورەکانیان دەکەوێتە سەر کەنارەکانی دەریاکە.

زانیاری گشتی

ناو دەریای ڕەش
جۆری ئاو دەریا
سەرچاوەکانی دەریاکە
  • دانووب
  • دنایپەر
  • دۆن
  • دنایستەر
  • کوبان
ئاوی دەرچوو لە دەریاکە دەربەندی باسپەرەس
وڵاتانی سەر دەریای ڕەش
  • ڕووسیا
  • جۆرجیا
  • ئۆکرانیا
  • تورکیا
  • بولگاریا
  • ڕۆمانیا
گەورەترین درێژی ١١٧٥ کیلۆمەتر 
ڕووبەری دەریا ٤٣٦,٤٠٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە
قووڵی بە تێکڕایی ١٢٥٣ مەتر
زۆرترین قووڵی ٢٢١٢ مەتر
قەبارەی ئاو ٥٤٧ هەزار کیلۆمەتر سێجا
دوورگەکان سەروو ١٠ دوورگە

دەریای ڕەش ڕووبەری ٤٣٦ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، گەورەترین قووڵییەکەی ٢٢١٢ مەترە، قەبارەکەی ٥٤٧ هەزار کیلۆمەتر سێجایە، زۆر ناوچەی بەرز لەسەر کەنارەکان و ناو دەریاچەکەدا هەیە کە چیاکانی پۆنتیک لە بەشی باشووریەتی، لە بەشی باشووری ڕۆژئاوادا چەندین نیمچە دوورگەی لێیە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی قەوقازە و چیاکانی کریمیان دەکەوێتە باکوورییەوە، لە ڕۆژئاواشییەوە ناوچە و گردەکانی بەلکان و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەڵکەوتوون، درێژترین مەودای دەریاکە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ١١٧٥ کیلۆمەتر دەبێت.

دەریای ڕەش دەورەدراوە بە ٦ وڵات کە ڕووسیا و جۆرجیا و بولگاریا و ڕۆمانیا و تورکیا و ئۆکرانیا، هاوسەنگیەکی باش هەیە لە نێوان دەرچوون و پڕبوونەوەی ئاوی دەریاکەدا، ساڵانە ٣٠٠ کیلۆمەتر سێجا ئاو لە دەریاکەوە دەردەچێت بە دوو تەنگەڵانی سەرەکی تورکیا و دەڕژێتە ناو دەریای ئیجەوە کە ئەو دوو تەنگەڵانەش داردنێرس و بۆسپۆرۆسن کە لەڕێی هەمان دوو ڕێگاوە ئاو دەچێتەوە ناو دەریاکە.

ئاوی هاتوو لە دەریای ئیجەوە بریتییە لە ئاوێک کە ڕێژەیەکی بەرزی خوێی تواوەی تێدایە وەک کلۆریدی سۆدیۆم (خوێی چێشت) و لەڕێگای کرداری خەستەلێژییەوە (بڵاوبوونەوەی ماددە لە ناوچەی خەستی بەرز بۆ خەستی نزم) دەڕژێنە ناو دەریای ڕەشەوە، بە پێچەوانەشەوە ڕێژەی ئاو لە دەریای ڕەشەوە بەرەو دەریای ئیجە دەگوازرێتەوە لەڕێی کرداری دەڵاندنەوە (بڵاوبوونەوەی ئاو لە خەستی نزمەوە بۆ خەستی بەرز)

دەریای ڕەش ڕێڕەوی هەیە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاستدا لەڕێی تەنگەڵانی تورکیا و دەریای ئیجەوە، لەڕێی تەنگەڵانی بۆسپۆرۆسەوە دەڕژێتە دەریای مارماراوە، کە ناوچەیەکی ئاوییە و بە دەریای ئیجەوە بەستراوە لەڕێی تەنگەڵانی داردانێڵسەوە، لە باکووریشەوە دەریای ڕەش بەستراوە بە دەریای ئازۆڤەوە لەڕێی تەنگەڵانی کێڕچەوە.

کەناری وڵاتان لەگەڵ دەریاکەدا

درێژی کەناری هەر وڵاتێک لەگەڵ دەریاکەدا:

ڕووبەری ناوچە ئابووریەکانی نزیک دەریاکە درێژی کەنار (کم) وڵات
١٧٤,٤٨٤ ١,٣٢٩ تورکیا
١٣٢,٤١٤ ٢,٧٨٢ ئۆکرانیا
٦٧,٣٥١ ٨٠٠ ڕووسیا
٣٥,١٣٢ ٣٥٤  بولگاریا
٢٢,٩٤٧ ٣١٠ جۆرجیا
٢٩,٧٥٦ ٢٢٥ ڕۆمانیا
٤٦٠,٠٨٤ ٥,٨٠٠ کۆی گشتی

دەریای ڕەش نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ئاوەکەی مادەی گۆگردیدی هایدرۆجین تیایە کە ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە و گازێکی ژەهراوییە کە دەبێتە هۆی خنکان، هەربۆیە بۆ زیندەوارانیش مەترسیدارە و لە ئاستە قووڵەکانی ئەم دەریایەدا هیچ گیانلەبەرێک ناژی جگە لە بەکتریای گۆگرد (بە ئینگلیزی: Sulfur Bacteria).

ئەم دەریایە یەکێکە لە کۆنترین دەریاکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٥٠ میلیۆن ساڵ پێش ئێستا، بووەتە شوێنی نزیکەی ١٠ دوورگەی بچووک کە هەریەکەیان لە وڵاتێکی جیای سەر ئەو دەریایە هەڵکەوتوون.


سەرچاوەکان



2172 بینین