هەوکردنی دەماری دەست

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-23-13:51:00 - کۆدی بابەت: 6391
هەوکردنی دەماری دەست

ناوه‌ڕۆك

دەماری دەست

کۆنیشانەی تونێلی مەچەک یان هەوکردنی دەماری دەست، بریتییە لە پەستان کەوتنە سەر دەماری ناوەندی (دەماری دەست) لەکاتی تێپەڕینی بە دەستدا، دەماری ناوەندی دەکەوێتە لایەکی مەچەک یان تونێلی دەست، کە دەماری ناوەندی بەرپرسە لە هەستکردن لە پەنجە گەورە و پەنجەی دۆشاومژە و پەنجەی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەڵقە پەنجە، هەروەها کۆنترۆڵی ماسولکەکانی پەنجە گەورە دەکات، دەکرێت کۆنیشانەی تونێلی مەچەک ڕووبدات لە مەچەکێک یان هەردوو مەچەک. 

هۆکارەکانی هەوکردنی دەماری دەست

هەوکردنی دەماری دەست لە ئەنجامی پەستانی زۆر بۆ سەر دەماری ناوەند یان دەماری دەست دروستدەبێت کە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئاوسانی، لە هەندێک لە بڵاوترین هۆکارەکانی هەوکردنی دەماری ئێسک بریتین لە: 

  • نەخۆشی شەکرە.
  • کورتهێنانی ڕژێنی سایرۆید.
  • پەنگخواردنەوەی شلەمەنییەکان بەهۆی دووگیانی یان نەمانی سوڕی مانگانە.
  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
  • تێکچوونە خۆییە بەرگرییەکان وەکوو هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی.
  • شکان یان ڕووشان لە مەچەکدا.

نیشانەکانی هەوکردنی دەماری دەست 

نیشانەکانی کۆنیشانەی تونێلی مەچەک بە شێوەی پلەبەندی دەستپێدەکات، نیشانەکانی سەرەتای بەزۆری بریتییە لە مێروولەکردن و سڕبوونی پەنجە گەورە و پەنجەی دۆشاومژە و پەنجەی ناوەڕاست، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی نائاسوودەیی لە مەچەک و دەستدا، بڵاوترین نیشانەکانی کۆنیشانەی تونێلی مەچەک بریتین لە:

- سڕبوون یان بەنج بوون: ڕەنگە نەخۆش هەست بە مێروولەکردن و سڕبوون بکات لە پەنجەکانی دەستدا، بە زۆری هەموو پەنجەکان توشدەبن جگە لە پەنجە تووتە، هەندێک جاریش وەکوو بەرکەوتنێکی توندی کارەبایی دەبێت لەم پەنجانەدا، هەروەها ڕەنگە هەستکردنەکە لە مەچەکەوە بگاتە قۆڵ، بە زۆری ئەم نیشانانە لەکاتی شۆفێری کردن یان هەڵگرتنی مۆبایل یان خوێندنەوەی رۆژنامەدا ڕوودەدات. 

- لاوازی دەست: کەسەکە دەناڵێنێت بەدەست لاوازی دەست و کەوتنی شتەکان لە دەستی، کە ڕەنگە هۆکارەکەی سڕبوونی دەست و لاوازی ماسولکەکانی پەنجەگەورە بێت، کە لەلایەن دەماری ناوەندەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.

دەستنیشانی هەوکردنی دەماری دەست

دەکرێت پزیشکەکان دەستنیشانی کۆنیشانەی تونێلی مەچەک بکەن بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە وەرگرتنی میژووی توشبوون بە نەخۆشییەکە و پشکنینی جەستەیی و ئەو پشکنینانەی کە پێیان دەوترێت گەیاندنی دەمارەکان، پشکنینە جەستەییەکە هەڵسەنگاندنی جیای هەریەکە لە دەست و مەچەک و قۆڵ و شان و مل دەگرێتەوە ئەویش بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ هۆکارێکی تر بۆ پەستان کەوتنە سەر دەماری ناوەند، بەڵام تاقیکردنەوەی گەیاندنەکانی دەمار کۆمەڵێ تاقیکردنەوەی دەستنیشانکارین بۆ پێوانەی خێرایی گەیاندنی هێما دەمارییەکان.

چارەسەری هەوکردنی دەماری دەست

وێڕای گەشەسەندنە خاوەکەی نەخۆشییەکە زۆربەی توشبووانی کۆنیشانەی تونێلی مەچەک بە خێرایی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەردەکەوێت گەر زوو چارەسور وەرنەگرن، هەر لەبەر ئەوەش گرنگە کە زوو هەڵسەنگاندن و دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت لەلایەن پزیشکەوە، لە هەڵبژاردەکانی چارەسەریش بریتین لە: 

- چارەسەر بێ نەشتەرگەری: ئەگەر زوو دەستنیشانی نەخۆشییەکە کرا، ئەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکرێت چارەسەری کۆنیشانەی تونێلی مەچەک بکرێت بەبێ نەشتەرگەری، ئەویش بە یەکێک لەم هەڵبژاردانە:

  • گرتنەوە.
  • دەرمانە ناستیرۆیدییە دژە هەوکردنەکان.
  • چارەسەری سروشتی بە ڕاهێنان پێکردنی دەمارەکە.
  • لێدانی دەرزی ستیرۆید.

- چارەسەر بە نەشتەرگەری: ئەگەر چارەسەرە نا نەشتەرگەرییەکان نەیانتوانی نیشانەکان کۆتایی پێ بێنن پاش ماوەیەکی زۆر، پێویستە پەنا ببرێتە بەر چارەسەر بە نەشتەرگەری.


سەرچاوەکان

731 بینین