جیاوازی نێوان بەستنی گەدە و بڕینی گەدە 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-24-21:04:00 - کۆدی بابەت: 6397
جیاوازی نێوان بەستنی گەدە و بڕینی گەدە 

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەرییەکانی کەمکردنەوەی کێش 

ئەو نەشتەرگەرییانەی ئەنجام دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی کێش پێیان دەوترێت نەشتەرگەری قەڵەوی، کە ئەنجام دەدرێت لەکاتی شکستهێنانی نەخۆشەکە لە کەمکردنەوەی کێش بە رێگا باوەکانی وەکوو ڕێجیمی خۆراکی و وەرزش، نەشتەرگەرییەکان جیاوازن بەپێی ویست و حاڵەتی نەخۆشەکە و ئامۆژگاری پزیشکەکەی، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە دوو پایە دەبەستێت، یەکەمیان کەمکردنەوەی بڕی ئەو خۆراکەی کەسێک لە ژەمێکدا دەتوانێت بیخوات کە یارمەتیدەرێتی بۆ کەمکردنەوەی کێش لەکاتی ئەنجامدانی ڕێجیمی خۆراک و وەرزشکردن، دووەمیش کەمکردنەوەی توانای جەستە و کۆئەندامی هەرسە لە هەڵمژینی هەموو ئەو ماددە خۆراکییانەی کەسەکە دەیخوات، یان کۆکردنەوەی هەردوو ڕێگاکە پێکەوە، لێرەشەوە جیاوازییەکانی نێوان بەستنی گەدە و بڕینی و دەرهێنانی بەشێکی زۆری گەدە پەیدا دەبن.

جیاوازی نێوان بەستنی گەدە و بڕینی گەدە

جیاوازی زۆر هەن لە نێوان کرداری برینی گەدە و بەستنیدا، لە دیارترینیشیان ئەوەیە کە بەستنی گەدە بە هەنگاوی کۆتایی دانانرێت واتا دەکرێت بە نەشتەرگەرییەکی تر بە ئاسانی پێچەوانە بکرێتەوە چونکە هەموو ئەوەی پێویستی پێیەتی ئەوەیە کە ئەو ماددەیەی کە بەسی سەرەوەی گەدەی پێ بەستراوە لێی بکرێتەوە، بەڵام لە نەشتەرگەری برینی گەدەدا زۆربەی گەدە دەردەهێنرێت، کە نزیکەی لە سەدا ١٠ـی قەبارەی گەدەکە دەمێنیتەوە، کە ئەمەش ناکرێت پێچەوانە بکرێتەوە، کاتێک گەدە دەبڕدرێت بەشێکی بریتییە لەو بەشەی کە بەرپرسە لە برسێتی، ئەمەش خووەکانی خواردنی کەسەکە دەگۆڕێت.

یەکێک لە جیاوازییە دیارەکانی تری دوو نەشتەرگەرییەکە بریتییە لە توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان کە کەسەکە دەیخوات، کە لە هەندێک نەشتەرگەری بڕینی گەدەدا بەشی یەکەمی ریخۆڵە باریکەش دەبڕدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سوودمەند بوون لە نەشتەرگەرییەکە، واتا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کەسەکە کێشێکی زۆر لەدەست دەدات لە ماوەیەکی کورتدا، بۆیە ئەمەش وادەکات کەمی ڤیتامین و کانزاکان بەربڵاوتر بێت لە نەشتەرگەرییەکانی بڕینی گەدە یان بەشێکی کۆئەندامی هەرس بە بەراورد بە بەستنی گەدە.

لە نەشتەرگەری بڕینی گەدەدا تێکڕای کەمبوونەوەی کێش زیاترە لە بەستنی گەدە، ئەو کەسانەی نەشتەرگەری برینی گەدە دەکەن نزیکەی لە سەدا ٦٠ـی کێشی لەشیان لەدەست دەدەن لەماوەی ساڵێکی پاش نەشتەرگەرییەکە کە ئەمەش هاوکارە لە کەمبوونەوەیەکی باشی نیشانە و مەترسییەکانی قەڵەوی، وەکوو نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێنبەرەکان و کۆنیشانەی نەمانی هەناسە لەکاتی نوستن و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانگەیەن.

لەکاتێکدا ئەو کەسانەت نەشتەرگەری بەستنی گەدە ئەنجام دەدەن نزیکەی لە سەدا ٣٥ بۆ ٤٠ـی کێشیان لە ماوەی ساڵێک پاش نەشتەرگەری لەدەست دەدەن، ئەمەش کەم نییە بەڵام بە کەمترە لەو بڕە دەکرێت بە نەشتەرگەری بڕینی گەدە بەدەست نهێنرێت.

مەترسییەکانی بڕینی گەدە و بەستنی گەدە 

هەندێک جیاوازی هەن لە نێوان مەترسییەکانی هەردوو نەشتەرگەرییەکەدا، وێڕای ئەوەی هەردوو نەشتەرگەری پێویستیان بە بێهۆشکردنی گشتی و بەکارهینانی ناخبین هەیە، بەڵام نەشتەرگەری بڕینی گەدە ئەگەری لێکەوتەی خراپی زیاترە، بەتایبەت لە ئەگەری بڕینی بەشێکی تری رێڕەوی هەرسیش بە مەبەستی کەمکردنەوەی مژینەوەی ماددە خۆراکییەکان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لیکەوتە خراپەکانی هەردوو نەشتەرگەرییەکە خۆیان دەبیننەوە لە: 

  • داخرانی ریخۆڵەکان.
  • کۆنیشانەی پەلەیی بەتاڵکردنی گەدە، کە دەبیتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە و سەرگێژهاتن.
  • بەردی ریخۆڵە.
  • فتق لە سکدا.
  • کەمبوونەوەی شەکری خوێن.
  • بەدخۆراکی.
  • کونبوونی گەدە بە هەڵە.
  • برینی گەدە.
  • مردن، کە ئەمەیان لێکەوتەیەکی دەگمەنە.


سەرچاوەکان



536 بینین