نەشتەرگەری بەستنی گەدە

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-24-21:30:00 - کۆدی بابەت: 6399
نەشتەرگەری بەستنی گەدە

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەری بەستنی گەدە چییە؟

نەشتەرگەری بەستنی گەدە یەکێکە لەو نەشتەرگەرییانەی بۆ قەڵەوی ئەنجام دەدرێن، کە بەشی سەرەوەی گەدە دەبەسترێت بۆ دروستکردنی کیسێکی تێپەڕی بچووک کە رێگری لە خواردنی ژەمی زۆر دەکات لەلایەن نەخۆشەوە، هەروەها هەستی تێرێتی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاسایی دەهێڵێتەوە، ئەم نەشتەرگەرییە بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە قەڵەوی نەخۆشییان هەیە کە دەکرێت هاوکاتی چەندین نەخۆشی بێت، هەروەها ئەوانەی کە بە ڕێگە باوەکان نەیانتوانیوە کێش داگرن، وەکوو: ڕاهێنانی وەرزشی و ڕێجیمی خۆراکی، یان ئەوانەی زیندەچالاکییە نەخۆشییان هەیە کە رێگرە لە ئەنجامدانی ئەو ڕێکارانەی هۆکارن بۆ دابەزاندنی کێش، کرداری لکاندنی گەدە بە زۆری لە نۆرینگەکانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت لە ژێر کاریگەری بێهۆشکردنی گشتی، نەخۆش لە هەمان ڕۆژی نەشتەرگەرییەکە دەتوانێت لە نەخۆشخانە دەربچێت، هەروەها نەشتەرگەرییەکەش ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک دەخایەنێت.

نەشتەرگەری بەستنی گەدە بۆچی ئەنجام دەدرێت؟

بەگشتی پزیشک ئەم نەشتەرگەرییە پێشنیار دەکات بۆ ئەو کەسانەی قەڵەوی زیادەڕەویان هەیە و توانای دابەزاندنی کێشیان نییە بە رێگە باوەکان، جێی ئاماژەیە ئەم نەشتەرگەرییە بە چارەسەرێکی خێرای قەڵەوی دانانرێت، کە بە شێوەیەکی گەورە خووەکانی خۆراک خواردنی کەسەکە دەگۆڕێت، نەخۆش پێویستە لەسەری بەردەوام وەرزش بکات و پابەندی ڕجێمی خۆراکی بێت، لە ئەگەری پابەند نەبوون بەو ڕێکارانەی پاش نەشتەرگەری، ئەگەری زۆرە نەخۆش توشی تێکچوون و کێشەی تەندروستی بێت یان کێشی بەو شێوەیە دانەبەزێت کە ئامانجی بوو.

ئەو کەسەی ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدات پێویستە لە لایەنی دەروونییەوە ساغ بێت، هەروەها کێشەی ئاڵوودەبوون بە کهول و ماددە هۆشبەرەکانی نەبێت، بەزۆری پزیشک ئاماژەی بارستەی لەش BMI بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە دەکرێت سوودمەند بن لە نەشتەرگەری بەستنی گەدە بە شێوەیەکی باش، مەودای ئاسایی BMi لە نێوان ١٨,٥ بۆ ٢٥ دەگرێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کەسانی پاڵێوراو بۆ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە بریتین لەوانەی:

  • ئاماژەی BMI یان ٤٠ یان زیاترە، کە ئەمەش واتای زیادبوونی ٤٥ کگم لە پیاواندا و ٣٦ کگم لە ئافرەتاندا لە کێشی ئاسایی.
  • ئاماژەی BMI یان ٣٥ و زیاترە لەگەڵ هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی کە دەکرێت بە لەدەستدانی کێش باشتر ببێت، لە کێشە تەندروستییەکانیش: کۆنیشانەی نەمانی هەناسەدان لەکاتی نوستندا، نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢، بەرزبوونەوەی فشاری خوێنبەرەکان و نەخۆشییەکانی دڵ و جگە لەوانیش.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی نەشتەرگەری بەستنی گەدە

بەزۆری ئەم نەشتەرگەرییە سەلامەتە بە شێوەیەکی گشتی، کە ئەگەری مردن بەم نەشتەرگەرییە بە کەمتر لە ١ مردن لە کۆی ٣٠٠٠ نەشتەرگەری دەخەمڵێنرێت، لەو کێشە و کاریگەرییە لاوەکییانەی کە دەکرێت توشی کەسەکە بن بریتین لە: 

  • دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە، کە دەکرێت کەم بکرێنەوە بە شلکردنەوەی ئەو بەستەرەی گەدەی پێ بەستراوە.
  • هەندێک کێشەی بچووکی نەشتەرگەرییەکە کە پەیوەستە بە کێشەی ئامێرەکانی بەستن و هەوکردن کە دەکرێت توشی برین و خوێنبەربوونێکی کەمیان بکات، ئەم لێکەوتانە لە کەمتر لە لەسەدا ١٠ـی حاڵەتەکاندا هەیە.

بە پێچەوانەی بڕینی گەدەشەوە، نەشتەرگەری بەستنی گەدە تێکناگیرێت لەگەڵ توانای لەش و کۆئەندامی هەرس بۆ هەڵمژینی ئەو ماددە خۆراکییانەی کەسەکە دەیانخوات، بۆیە کەمی ڤیتامینەکان لەم نەشتەرگەرییەدا دەگمەنە.


سەرچاوەکان



573 بینین