نیشانەی ئەو منداڵانەی کە گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر کراوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-26-11:59:00 - کۆدی بابەت: 6408
نیشانەی ئەو منداڵانەی کە گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر کراوە

ناوه‌ڕۆك

گێچەڵی و دەستدرێژی سێکسی

بەداخەوە ئەو منداڵانەی کە لەم ڕۆژانەدا دووچاری گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە کەم نین و زۆر جار لە لایەن خزم و ناسراوەکانیانەوە ئەمەیان بەرامبەر دەکرێت، زۆرینەی منداڵەکان دوای گێچەڵی سێکسی دەگۆڕدرێن و کۆمەڵێک نیشانەیان دەبێت کە دەبێت وریابن و ئاگاداری گۆڕانی منداڵەکەتان بن.

نیشانەی ئەو منداڵانەی کە گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر کراوە

  • بێدەنگی

ئەو منداڵانەی کە گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر کراوە بێدەنگ دەبن، چونکە هەمیشە کەسی دەستدرێژیکار منداڵەکە دەترسێنێت لەوەی کە ئەگەر ئەمە بۆ کەسێک باس بکات دەیکوژێت و نابێت باسی بکات.

  • خۆ بە تاوانبار زانین

ئەم ڕووداوە گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات لە بیرکردنەوە و ڕەفتاری منداڵەکەدا، لەوانەیە خۆی و هەموو کەسێک بە هەڵە بزانێت بە خۆی بڵێت کە من منداڵێکی خراپم، هەموو مرۆڤەکان خراپن و دووچاری ئازاری ویژدان و دڵەڕاوکێ دەبێتەوە، گرنگە دایک و باوکان سەرنجی ئەم ڕەفتارانە بدەن.

  • هەستکردن بە کەمی

ئەم جۆرە منداڵانە خۆیان بە تاوانبار دەزانن و هەروەها خۆیان بە کەم دەزانن، چونکە کەسی دەستدرێژیکار پێی دەڵێت کە ئەگەر دایک و باوکت بەمە بزانن دەتکوژن، فڕێت دەدەنە دەرەوە، تۆ پیسیت، گاڵتەت پێ دەکەن، تۆ تاوانێکت ئەنجامداوە، خودای گەورەش ئیتر تۆی خۆش ناوێت.

  • گەڕانەوە بۆ ڕابردوو

ئەو منداڵانە بەردەوام لەو ڕابردووە شوومەدا دەژین و خەوی ناخۆش دەبینن و لە ڕابردووی خۆیان دەترسن، بیری بەردەوام و خراپ دەکەنەوە.

  • دڵەڕاوکێی زۆر

ئەم منداڵانە بەردەوام دڵەڕاوکێیان هەیە و هەر شتێک کە ئەو ڕووداوەیان بیر بهێنێتەوە پێی تێک دەچن، بۆ نموونە کاتێک ڕەنگێک دەبینن کە ئەو ڕۆژە ڕەنگی جلی ئەو کەسە بووە، یان بینینی ئەو شوێنەی کە تێیدا گێچەڵەکەی پێکراوە هەموو ئەمانە ئازاری دەدەن و بەردەوام دڵەڕاوکێی بۆ دروست دەکەن.

  • دواکەوتن لە خوێندن

ئەو منداڵانە وەک جاران ناتوانن بڕۆنەوە قوتابخانەوە و سەرنجیان لەسەر خوێندنەکەیان نییە و ناتوانن بەردەوام بن.

  • خەمۆکی و تەنهایی

ئەو منداڵانە ئیتر ناتوانن متمانە بە هەموو کەسێک بکەن و دەترسن لە زۆر کەس بەردەوام تەنهایی هەڵدەبژێرن و بەمەش وردە وردە تووشی خەمۆکی دەبن.

  • کەمبوونەوەی هۆشیاری

ئەم منداڵانە بەردەوام بە هۆی ئەو ڕووداوەوە مێشکیان ئاڵۆزە و دڵەڕاوکێیان هەیە و هۆشیاریان نامێنێت و وەک جاران سەرنج ناخەنە سەر کاری ڕۆژانە و شتیان بیردەچێتەوە.

  • گریانی زۆر

بە هۆی پەستانی دەروونی و ترسییەوە منداڵەکە لەناکاو دەگری و یاخود ڕۆژانە بەردەوام دەگری، بۆ نموونە کاتێک لە دەرگایەکەوە کەسێک دێتە ژوورەوە لە ناکاو دەترسێت و دەگری و دەشڵەژێت، ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەو کەسە کەسی دەستدرێژیکار بێت بەڵکوو بەو واتایە دێت کە لەوانەیە لەو کەسە بچێت یاخود منداڵەکە لەبەرچاوی ببێت بە ئەو کەسە.

  • نەمانی حەزی خواردن

باوترین نیشانە لە منداڵاندا نەمانی حەزی خواردنە هۆکاری سەرەکی ئەمەش پەستانی دەروونییە لەسەر منداڵەکە، ئەم منداڵانە کێشەشیان هەیە لە کاتی پیسایی کردندا و قەبزن هەر بۆیە کەم دەخۆن تاکوو پیساییان بۆ نەیەت.

  • قسەکردن دەربارەی بابەتی سێکسی

منداڵان زۆر لە بابەتەکانی سێکسی نازانن و هێشتا نەگەشتوونەتە تەمەنێک باسی ئەوەیان بۆ کرابێت، کاتێک منداڵەکەت دەربارەی بابەتێکی سێکسی و یاخود کۆئەندامی زاوزێی قسەی لەگەڵ کردیت ئەمە زۆر بە جدی بگرە و دڵنیابە ڕووداوێک وای لێکردووە کە باسی ئەمە بکات.

  • کێشەکانی خەو و خەوبینینی شەوانە
  • توڕەبوون و شەڕانی بوون
  • مژینی پەنجەی یان نینۆک خواردن
  • ترس لە مانەوە لەگەڵ گەورەکاندا
  • ترس لە دەست لێدانی
  • دەرکەوتنی هەندێک ڕەفتاری سێکسی کە لەگەڵ تەمەنەکەیدا ناگونجێت
  • ڕقی زۆر بەرامبەر بە کەسێکی تایبەت
  • ترس و دڵگرانی
  • بوونی خوێن لە ناو میزدا
  • توشبونی منداڵ بە هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی وەک، ئایدز، نەخۆشی جگەر جۆری B، و نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
  • دووگیانی لە کچانی تازە باڵغبوودا
  • سووتانەوە و ئاوسان و شین بوونەوە لە ئەندامی زاوزێیدا یاخود ناوچەکانی خوارەوەی سک و حەوز
  • بینینی ڕەنگی نائاسایی بە جلەکانییەوە
  • بوونی کێشە لە کاتی دانشتنیدا

نیشانەکانی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی لە تەمەنە جیاوازەکانی منداڵدا

منداڵی ١ بۆ ٤ ساڵ

  • لەبیرچوونەوەی ئەتەکێتی چوونە تەوالێت و میز کردن
  • ترس لە پیاوان
  • خۆنوساندنی زۆر بە دایکییەوە

منداڵانی ٤ بۆ ٦ ساڵ

  • گلەیی لە جەستەی خۆی
  • هەستکردن بە تاوانێکی زۆر
  • ڕەفتاری ناشایستە و خراپ
  • دوورکەتنەوە لە کەسانی دیکە کاتێک هەستی خۆشەویستی بۆ دەردەبڕن
  • پاکوخاوێنی و خۆشۆردنی زیاد لە پێویست

منداڵ لە تەمەنی ٩ بۆ ١٢ ساڵی

  • بوونی کێشە لە کاتی قسەکردن دەربارەی ئەم بابەتە
  • سەرقاڵبوونیان بە بابەتی سێکسییەوە
  • قسەی بێ بنەما لەبارەی پەیوەندی سێکسییەوە

کۆمەڵێک هۆکار کە کاریگەرن لەسەر وەڵامدانەوەی منداڵ بۆ گێچەڵی سێکسی

تەمەنی منداڵەکە

هەرچەندە تەمەنی منداڵەکە گەورەتر بێت، کاریگەری خراپتری لەسەر دەبێت

تەمەنی کەسی دەستدرێژیکار

هەرچی تەمەنی ئەو کەسە زیاتر بێت، کاریگەرییەکی زیاتری هەیە دەستدرێژییەکەی

ڕەگەزی کەسی دەستدرێژیکار

هەردوو ڕەگەز دەستدرێژی دەکەن بەڵام زۆرینە لە لایەن ڕەگەزی نێرەوە دەستدرێژی دەکرێت و ئەگەر دەستدرێژییەکە لە لایەن نێرینەوە بێت کاریگەرییەکی خراپتری دەبێت.

درێژیی ماوەی دەستدرێژییەکە

تاکوو ماوەی دەستدرێژییەکە زیاتر بێت منداڵەکە زیانی زیاتری پێدەگات

پەیوەندی دەستدرێژیکار لەگەڵ کەسی قوربانیدا

تاکوو پەیوەندییەکەیان نزیکتر بێت خراپترە و کاریگەری زیاتر بەجێ دەهێڵێت، واتە خزمی نزیک و دراوسێ کاریگەری زیاترە لە کەسی نەناسراو

جۆری دەستدرێژییەکە

ئەگەر بە زۆر لێکردنێک و لێدانی زۆرەوە بێت دەستدرێژییەکە زیاتر خراپە

ژمارەی دەستدرێژیکاران

هەندێک جار تەنها کەسێک نییە کە دەستدرێژی دەکات، بەڵکوو چەند کەسێکن 

بڕی پشتگیری کردن لە لایەن خێزانەوە

تا زیاتر پشتگیری بکرێت باشترە.


سەرچاوەکان



2367 بینین