بەکارهێنانی منداڵ لە جەنگدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-27-15:25:00 - کۆدی بابەت: 6418
بەکارهێنانی منداڵ لە جەنگدا

ناوه‌ڕۆك

قۆستنەوەی منداڵ بۆ لایەنی سەربازی

یەکێکە لە ئەو ڕێکارانەی لە بەشی سەربازی دەکرێت کە زیاتر لایەنێکی تەکنیکییە، ئەمەش بە سێ شێوە دەکرێت:

  • بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی منداڵ لە شەڕکردن و جەنگ
  • بەکارهێنانی منداڵ بۆ گەیاندنی هەواڵ و سیخوڕی
  • بەکارهێنانی وەک قەڵغانی مرۆیی و پڕوپاگەندە

پێشووتر و لە مێژوودا چەندین جار منداڵ لە سوپادا بەشداری کردووە و بوونەتە قوربانی، بە هەموو شێوەکانی بەکارهێنانەوە، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم هەزاران منداڵ بەشدارییان کرد و لە نێو سوپای یەکێتی سۆڤیەت چەندین کچی تێدابوون کە تەمەنی پێگەشتنیان تەواونەکردبوو، لە هەشتاکانی ڕابردبوو لە جەنگی ئێران و عێراقیش چەندین منداڵ لە ڕیزەکانی سوپای ئێران دەبینران.

لەدوای تەواوبوونی جەنگە درێژمەوداکان بەکارهێنانی منداڵ لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا دەبینرێت و بەتایبەت لە جەنگی ناوخۆی وڵاتان و جەنگی تیرۆرستان و بەکارهێنانیان لەلایەن گرووپە تیرۆرستی و چەکدارییە یاخیبووەکانەوە.

یاسا و مافی مرۆڤ

لە دەیەی ١٩٧٠ـکان، چەندین یاسا و پەیماننامە نووسرانەوە بۆ ڕێگری لە بەشداری منداڵ لە جەنگ، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆرجار لەدوای ئەوە منداڵان لە سنووری جەنگ دەبینرێن.

ماددەی ٣٨ پەیماننامەی مافەکانی منداڵ دەڵێت کە گرووپە سیاسییەکان نابێت سوود لە منداڵی خوار ١٥ ساڵ وەربگرن بۆ جەنگ، هەروەها پڕۆتۆکۆڵی بەشداری منداڵان لە جەنگ لە ماددەی ٤ دەڵێت کە نابێت ڕێگە بە منداڵی خوار ١٨ ساڵ بدرێت بەشداری جەنگ بکات و نابێت بە زۆر بهێنرێنە بەشی سەربازی.

هەروەها لە ماددەی شەش هاتووە کە دەوڵەت نابێت سوود لە خۆبەخشیی منداڵ ببینێت و دەبێت لایەنی دەروونی منداڵ پڕبکەنەوە.

لە ماددەی ٢٦ و ٢ و ٨ـی دەستووری ڕۆم لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هاتووە کە نابێت سەرباز لە خوار ١٥ ساڵ ناوی بنووسرێت بۆ بەشداری لە کار و چالاکی سەربازی و ئەوە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

سەربازی منداڵ لە جیهان

بەپێی ڕاپۆرتی چاودێرانی مافی مرۆڤ لە ٢٠٠٧ دەردەکەوێت کە لە زیاتر لە ٢٠ بۆ ٣٠ وڵاتی جیهان ژمارەی سەربازی منداڵ دەگاتە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار کەس.

لە کیشوەری ئەفریقا لە هەریەک لە وڵاتانی بوروندی و کۆماری ئەفریقای ناوەندی و چاد و کەناراوی عاج و لیبریا و ڕواندا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و سۆماڵ و سودان و ئۆگەندا و زیمبابۆی و سیەرالیۆن منداڵ بەکاردەهێنرێت لە چالاکی سیاسی چەکداری و سەربازی.

لە کیشوەری ئاسیاش سەدان هەزار منداڵ بەکارهێنراون و یەکەمینی لیستەکەش وڵاتی میانمارە، سوپای میانمار سوود لە منداڵانی تەمەن ٨ بۆ ١٢ وەردەگرێت.

لە وڵاتی ئوستوڕالیا بە ڕەزامەندی دایک و باوک هەموو کەسێک دەتوانێت لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە سەربازی بکات، هەریەک لە ئەفغانستان و بەحرەین و میانمار و هیندستان و ئێران و عێراق و کوردستان و لوبنان و نیپاڵ و فلیپین و سەنگاپورە و سریلانکا و فەڵەستین و سوریا و یەمەن لەو وڵاتانەن کە منداڵ تێیاندا بۆ مەبەستی چەکداری بەکارهاتووە.

لە ئەفغانستان بەهۆی جەنگی سێ دەیەی بەردەوام و جەنگی تیرۆر و ناوخۆ و دەوڵەت لەگەڵ تاڵیبان چەندین جار لەلایەن هەموو بەرەکانەوە منداڵ بەکارهاتووە، کە هەندێکیان بۆ مەبەستی تەقینەوە بەکاردێن.

لە وڵاتی بەحرەین منداڵ لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە دەتوانێت بڕواتە سەربازی، و لە میانمار زیاتر لە ٧٠٠٠ سەربازی منداڵ هەیە لە حکوومەت و لە هیندستانیش لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەتوانن بەشداری هێزی دەریایی بکەن و لە تەمەنی ١٧ ساڵیشەوە دێنە نێو بەشی ئاسمانی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی CSUCS لە کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەشێوەیەکی ڕێکخراو منداڵ دەباتە ڕیزەکانی خۆیەوە و چەندین جاریش بووە کە منداڵەکەیان نەگەڕاندوەتەوە دوای داواکردنەوەی لەلایەن دایک و باوکییەوە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە ساڵی ١٩٩٨ حیزبی کرێکارانی کوردستان ٣٠٠٠ سەربازی منداڵی هەبووە.

بە درێژایی شۆڕشی کوردیش لە پارچەکانی کوردستان، منداڵان بوونەتە پێشمەرگە و چەکداری شۆڕشگێر و لە کاری چاودێری و یارمەتی گەورەکان و پەیامنێری و چەکداری پاڵپشت و چالاک کاریان کردووە. 

لە کیشوەری ئەوروپاش لە هەریەک لە چیچان و بەریتانیا بەشدارن، چیچان بەهۆی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا چەندین منداڵی بەشداری جەنگیان کرد، لە بەریتانیاش منداڵ لە تەمەنی ١٦ ساڵ و نیوەوە دەتوانێت بەشداری سوپا بکات.

لە هەریەک لە کەنەدا لە تەمەنی ١٦ ساڵ و لە ئەمریکاش لە ١٧ ساڵییەوە دەتوانن بەشداری سوپا بکەن.


سەرچاوەکان



941 بینین