حاجی کاروان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-29-12:01:00 - کۆدی بابەت: 6421
حاجی کاروان

ناوه‌ڕۆك

باوکی بێباوکان

کە‌نعان نە‌جمە‌دین ئە‌حمە‌د ناسراو بە حاجی کاروان لەدایکبووی ١٩٧٠ـی گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکووکە، زۆرینەی قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی بڕیووە، لە ساڵی ١٩٩١ـی زایینی شاری کەرکووک جێدەهێڵێت و ڕوو لە شاری ھەولێر دەکات لەگەڵ ڕێکخراوی خێرخوازی ڕابیتە‌ی ئیسلامی کورد دەست بەکاری خێرخوازی دەکات، لە ٤ـی نیسانی ١٩٩٤ حاجی کاروان بەیاریدەدەری هەریەک لە عەبدوڕەحمان سدیق و ئوسامە جەمیل ڕادیۆی دەنگی یەکگرتوویان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٩٧ بووەتە بەڕێوبەری ھەمان ڕادیۆ.

کاری خێرخوازی و سیاسی و بانگەواز

لە ساڵی ١٩٩٩ بەمەبەستی کاری بانگەواز سەردانی ئەورووپا دەکات و لەوێوە کاری بانگەوازی ئەو دەست پێدەکات، و لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕایەوە کوردستان و درێژەی بەکاری خێرخوازی و بانگەواز کردن دایەوە، و لە ساڵی ٢٠٠٤ بە هاوکاری سوهەیب جەمیل هەستا بە دامەزراندنی ڕێکخراوی بەختەوەری، لە ساڵی ٢٠١٠ لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق خۆی پاڵاوت لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەڵام دەنگی پێویستی نەھێنا و دەرنەچوو وە بەمەش درێژەی بە کار و چالاکییە خێرخوازییەکانی دا

خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری بەختەوەرییە کە گۆڤارێکی ئایینی و گەشەپێدانی مرۆییە و ھاوکات خاوەنی دەزگای بەختەوەریی خێرخوازییە و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنیشە لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە و چەند کەناڵێکی ناوخۆیی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠١٣ لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ھەڵبژێردرایەوە و لەدوایشدا کە ئەنجامەکانی دەرچوو ناوبراو بە زۆرینەی دەنگەکانی یەکگرتوو سەرکەوتنی بەدەست ھێنا و بووە ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کورستان و ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان و لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بووە.

پێگەی کۆمەڵایەتی

حاجی کاروان یەکێکە لە دیارترین مرۆڤەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی و کەسێکە خاوەن بیری میانڕەوە و لە زۆربەی کاتەکاندا هاوکاری بێباوکان و بێ سەرپەرشتان و خێزانە هەژارەکان بووە بەبێ بینینی جیاوازی بیروبۆچوون و ڕەوت و ئایین، ساڵانە لەڕێی ڕێکخراوەکانەوە چەندین ملیۆن دینار بە بێباوکان دەبەخشێت و لە ساتی کرانەوەی قوتابخانەکاندا، لە بۆنە و ئاهەنگ و جەژنەکان جلوبەرگ و پێداویستی تایبەتیان بۆ دەکڕێت و پێیان دەبەخشێت.


سەرچاوەکان



544 بینین