گرنگی فێربوونی زمان 

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-09-01-13:51:00 - کۆدی بابەت: 6459
گرنگی فێربوونی زمان 

ناوه‌ڕۆك

چەند گرنگییەکی فێربوونی زمان 

زیادبوونی پەیوەندییەکان 

پەیوەندی مرۆیی بە یەکێک لە پەیوەندییە گرنگەکان دادەنرێت، کاتێک تاک توانای پەیوەندیکردنی لەگەڵ کەسانی دیکەدا ھەبێت بە زمانی خۆی ئەوە وەک دیارییەک وایە بۆی، ئەو کەسانەی جووت زمانن (Bilinguals) ھەلی تایبەتیان ھەیە لە توانای پەیوەندی کردن لەگەڵ کۆمەڵەیەکی فراوانتر لە کەسەکان، چ لە ژیانی تایبەتییاندا بێت یاخود لە ژیانی پیشەییاندا بێت، ھەروەھا زانینی زمان وا لە تاک دەکات ھەست بکات بەوەی کە لە وڵاتەکەیدایە جا لە ھەر جێیەک بێت، ئەمەش دەرگای جیھانی بەسەردا دەکاتەوە.

زانینی زمان یارمەتیدەرە لە تێکەڵبوونی تاک لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، وە ڕەفتارکردن بە نەرمونیانی لەگەڵ کەسانی دیکەدا، ھەروەھا یارمەتیدەرە لە بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەھێزی ھاوڕێیەتی، ئەگەر تاک تەنھا ئەم سوودانەی بەسبێت ئەوە دەتوانێت بەرھەمی فێربوونی زمان بۆ چەندین ساڵ ببینێت، ھەروەھا فێربوونی زمان وێنای بینینی کەسەکان بۆ جیھانی دەروبەریان دەگۆڕێت، ھەر زمانێک شێوازێکی تایەبەت بە خۆی ھەیە، ھەروەھا دەربڕین و کلتوور و مێژووەکەی، بۆ نموونە کاتێک منداڵ فێری زمانێکی نوێ دەبێت مانای زیاتر فێردەبن، ھەروەھا بیرۆکەی نوێ و جۆراوجۆر، ئەمە وایان لێدەکات بە شێوەیەکی جیاواز لە جیھان و دەوروبەریان تێبگەن.

باشکردنی ژیانی پیشەیی

دەکرێت شارەزایی لە زماندا تایبەتمەندییەکی کێبڕکێکارانە بێت، تاک لەو کەسانە جیادەکاتەوە کە تەنھا یەک زمان دەزانن، بێ گوێدانە شوێن و ئاستی شارەزایی کەسەکە لەو بوارەی پێویستە، لە ئێستادا داواکاری زیاتر ھەیە لەسەر ئەو کەسانەی دوو زمان دەزانن، وە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شارەزایی لە زماندا کاردەکاتە سەر زیادکردنی موچەی مانگانە و ھاندانی کارمەندەکان.

فێربوونی زمانی بیانی چەندین ھەلی کار زیاد دەکەن،  ھەلی باشتر بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە بەدوایی کاردا دەگەڕێن، چەندین کۆمپانیا ھەن چالاکی بازرگانیان ھەیە لە دەیان وڵات لە دەوری جیھاندا، لەم جۆرە کۆمپانیایانە ناتوانن ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە زمانی بینانی نازانن، تەنانەت کۆمپانیا ناوخۆییە بچووکەکان ئارەزوو دەکەن ئەو کارمەندانەی لایان ئیش دەکەن توانای قسەکردنیان بە دوو زمان ھەبێت، ھەروەھا فێربوونی زمان چەندین بەھرە دەردەخات، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسانەی فرە زمانن باشترن لە تاک زمانەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و داھێنەرانەترن و باشترن لە چەندین ئەرکدا، ئەم بەھرانە لە بازاڕی كارکردندا زۆر پێویستن.

بنیاتنانی تواناکانی مێشک

سوودەکانی فێربوونی زمان زۆر و جیاوازن، ئەو کەسانەی زیاتر لە زمانێک قسەدەکەن چەندین تایبەتمەندی و ھەیە، لەو تایبەتمەندییانە:

١- زیادکردنی توانای تەرکیز.

٢- توانای گوێگرتنی باشتر.

٣- توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و بەھرەی بیرکردنەوەی.

٤- توانای جێبەجێکردنی چەندین ئەرک لە یەک کاتدا.

٥- ھەبوونی توانای زۆر لە داھێناندا.

٦- ئاڵوگۆڕکردن لەنێوان ئەرکەکاندا، و گۆڕانکاری تێیاندا بە ئاسانی، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە مێشکی جووت زمانی توانایەکی باشتری ھەیە لە ئاگاداربوون و ئاڵوگۆڕکردن لە نێوان ئەرکەکاندا بەراورد بە مێشکە تاک زمانییەکان، ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توانای مێشکێکی پێشکەوتوو لە تەرکیز کردنە سەر زمانێک لەکاتی گفتوگۆکردن پێی، و ھێشتنەوەی ئەوی دیکە لەھەمان کاتدا.

٧- بنیاتنانی مێشک، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی جووت زمانن بیرەوەرییەکی باشتریان ھەیە.

٨- درەنگخستن لە دەرکەوتنی نەخۆشی تێکچوونی مێشک، مێشک ھەستەوەرە ئەندامییە جیاوازەکان بەکاردەھینێت، ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ دەدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زانیارییەکان، کە یارمەتیدەرە لە پاراستنی فەرمانەکانی مێشک، پسپۆرانی زانستی بە چەمکی یەدەگی مەعریفی ناوی دەبەن.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە فێربوونی زمانی نوێ کاریگەری ئەرێنی ھەیە لە زیادکردنی نمرەی پێوانەیی، لە تاقیکردنەوەکانی بیرکاری و خوێندنەوە و تێگەیشتن و درکپێکردن و ڕێکخستن، وە ئەمە جیاوازە لەو قوتابییانەی فرە زمانن بەراورد بەو قوتابییانەی تاک زمانن، ئەگەر تال زمانی دیکە بزانێت ئەوە دەتوانێت بڕوانامەی زانکۆ لە وڵاتی دیکە بەدەستبھێنێت، بە تێچوویەکی کەمتر و تاقیکردنەوەیەکی فێرکاری خۆشتر، وە ئەمە بەسەر ناوەندەکانی ڕاگەیاندنیشدا جێبەجێ دەبێت، ئەو کەسانەی یەک زمانن دەزانن، ناتوانن ھەواڵەکانی دەوروبەری جیھان و ڕاوبۆچوونی ئەو کەسانەی بە زمانی ئەو قسە ناکەن بزانن.

قوڵکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کلتوورەکانی دیکە 

زمان بە یەکێک لە ڕێگەکان دادەنرێت بۆ ناسینی کلتوورەکانی دیکە، توانای پەیوەندی کردن بە زمانەکانی دیکە نرخاندنی کلتوورەکانی دیکە زیاتر بەھێز دەکات، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵانەی زمانی نوێ فێردەبن زیاتر کراوەن بەڕووی کلتووری پەیوەندیدار بەو زمانەوە، و بە شێوەیەکی ئەرێنی بۆچوونیان دەربڕیوە لەبارەیەوە، ھەروەھا زانینی زیاتر لە زمانێک دەرگا بەڕووی خۆشیدا دەکاتەوە، توانای تێگەشتن لە ئەدەب و ھونەری جیھانی یارمەتی کەسەکان دەدات لە ناسینو نرخاندنی جیھانی دەوروبەریان.

زانینی زیاتر لە زمانێک بە گرنگ دادەنرێت بۆ پاراستنی ئابووری جیھان، کە فێربوونی زماێکی دیکە یارمەتیدەرە لە تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگاکان بە ئاستێکی جیھانی، زۆربەی کەسەکان دەستیان کردووە بە فێربوونی زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەڕەنسی و چینی و چەندان زمانی دیکە، کە شوێنەوارێکی گەورە و کاریگەری گرنگی ھەیە بۆ تێگەشتن لە قوڵایی کلتووری وڵاتانی دیکە و مێژووەکەی.

گەشتکردن بە جیھاندا

ئەو گەشتیارانەی تەنھا یەک زمان دەزانن زۆربەی کات سەردانی یەک شوێن دەکەنەوە، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی زیاتر لە زمانێک دەزانن توانای پەیوەندیکردن و کارلێکرکردنیان لەگەڵ شوێن و تاکەکانی ئەو شوێنانە زیاترە، ھەروەھا دەرگا دەکاتەوە بۆیان لەبەردەم ھەلی کار و خوێندن لە دەرەوەوە، تێچووی گەشتەکان کەمتر و ئاسانتر دەبن لەکاتی فێربوونی زمانی ناوچەکە بە تەواوەتی، ئەگەر تاک ھەندێک زاراوەی ئەو وڵاتە بزانێت کە بۆیدەچێت ئەوە دەتوانێت ئەو شوێنە بدۆزێتەوە کە لەگەڵ بودجەکەی دەگونجێت، ھەروەھا ھاتوچۆکردن خێراتر و ھەرزانتر دەبێت، چەندین ھەڵبژرادەی دەبێت و ئەمەش بەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و خواردن جێبەجێ دەبێت، ھەروەھا گەڕان بە تەنھا بەبێ پێویستی بە ڕێ نیشاندەری گەشتیاری. 

بەدەستھێنانی چەندین بەھرە

ئەو کەسانەی بە زیاتر لە زمانێک قسە دەکەن چەندین بەھرە بەدەستدەھێنن، لە دیارترینیان:

١- بەھێزکردنی توانای بڕیاردان: لێکۆڵینەوەیەکی (کاسرین ھاریس) لە ساڵی ٢٠١٢ زایینی بڵاوکرایەوە، لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بە زمانی دووەمیان بڕایار دەدەن بڕایارەکانیان ژیرانەتر و پەسەندتر و ڕوونترن لەوەی بە زمانی دایک بڕیاری پێدەدەن، کەسەکان دوور دەکەونەوە لە کاردانەوەی ھەستیار و ھەڵەی پەیوەندیدار بە زمانی دایکەوە.

٢- ئاسان گەیشتن بە زانیاری: جیھان زیاتر لە ٦٠٠٠ زمان لەخۆدەگرێت کە قسەی پێدەکرێت، و تاک پێویستی بە وەرگێڕان دەبێت بۆ ھەندێک زانیاری، بۆیە قسەکردن بە زمانێکی دیکە ڕێگەیەکە بۆ گەشتن بە زانیارییەکان بە شێوەیەکی خێراتر، ئەو کەسانەی لە زمانێک زیاتر دەزانن دەتوانن بە ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیاوەزەکان، و میدیا بیانییەکان لەسەر ئاستی جیھانی بگەڕێن.

٣- بینین بە وێنایەکی جیاواز: گەڕان بەدوایی زمان و کلتووردا دەرگایەک دەکاتەوە بۆ بەراورد کردنی ئەو شتانەی بەلای تاکەوە ناسراون، فێربوون دەربارەی کلتووری دیکە ڕووناکی دەخاتە سەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەکانی، کە نرخی لایەنە ئەرێنییەکانی زیاتر دەکات، ھەروەھا گۆڕینی ھەندێک لایەن و بیرۆکە.

٤- زیادکردنی ھەستی باوەڕ بە خۆبوون: لەکاتی دەستکردن بە فێربوونی زمانێکی نوێ تاک چەندین ھەڵە دەکات لەماوەی فێربوونی و ھەوەڵدان بۆ قسەکردن پێی لە بەرامبەر کەسانی دیکەدا، ھەڵەکردن قۆناغێکی گرنگە لە ماوەی فێربووندا، کە بە واتایی ھاتنە دەرەوەی تاکە لە ناوچەی حەسانەوەی تایبەت بە خۆی، بەڵام ئەمە ھەستی بەتوانایی پێدەبەخشێت بەتایبەت لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەو زمانە، ئەمە ھەستی باوەڕ بەخۆبوونی زیاد دەکات بەھۆی فێربوونی بەھرەیەکی نوێ، ھەندێک جار ئەو کەسانەی باوەڕیان بە خۆیان ھەیە کەسانێکی کراوەترن بە بەراورد بە کەسانی دیکە.

٥- لێبووردەیی و قبوڵکردنی کەسانی دیکە: ئەو کەسانەی فێری زیاتر لە زمانێک دەبن ئارەزووی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەرێنیانەی زیاتر بە ڕووی زمان و ئەو کلتووری ئەو وڵاتەی بە زمانەکەی قسە دەکەن، و وایان لێدەکات زیاتر لێبووردە ببن بەرامبەر تاکەکانیان.

٦- فێربوونی زیاتر لەڕێی زمانەوە: فێربوونی زمان یارمەتیدەرە لە شکاندنی بەربەستی شەرم لەلای فێرخوازان بەتایبەت ئەوانەی لە سەرەتاوەن، وایان لێدەکات زیاتر فێرببن لەو زمانانەی نوێن، بۆ ئاسانکردنی فێربوونی چەندان کاری دیکە.


سەرچاوەکان



5983 بینین