مار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-06-14:41:00 - کۆدی بابەت: 6518
مار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مار (بە عەرەبی: ثعبان، بە ئینگلیزی: snake)، جۆرێکن لە خشۆکەکان کە لە ٣٤٠٠ جۆر پێکهاتووە، تایبەتمەندی جیاکەرەوەی بریتییە لە شێوازە ناڕێکەکەی، جەستەی و کلکە درێژەکەی، مارەکان لەگەڵ مارمێلکەکاندا لە پلەی پولەکەدارەکان پۆلێندەکرێن، کە مارەکان لە بنەڕەتدا مارمێلکە بوون پەرەیانسەندووە، بە کرژبوونی پەیکەریدا ڕۆشتون و هەموویان پەلەکانی سەرەوە و خوارەوەیان نییە، بەڵام ناتوانرێت کە بوترێت هەموو خشۆکەکان مارن، کە هەندێک لە خشۆکەکان پەلەکانیان دەشارنەوە بە پێی ویست و خواستیان.

هەروەها مارەکان پێڵوی جوڵۆکی چاویان نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە زۆربەی کاتەکاندا بە یەک ئاڕاستە بڕوانێت، هەروەها هیچکام لە پەڕەی گوێ و میزڵدانی نییە، وە ئەندامە هەناوییەکانی درێژ بوونەتەوە بەناو جەستەیدا، مارەکان ژمارەیەکی زیاتریان هەیە لە بڕبڕەکان، ئەوانیش بریتین لە بۆریچکەکانی سییەکان لەنزیک مل و وە سیستەمی دەرپەڕاندنی ژەهر بۆ ئیفلیجکردنی جووڵەی نێچیرەکەی.

خۆراکی مارەکان

مارەکان بە گۆشتخۆر دادەنرێن، ڕێگری دەکات لە بڵاو بونەوەی پەتاکان بەهۆی خواردنی قرتێنەرەکانەوە، زۆربەی خەڵکی بۆچونیان وایە کە مارەکان نێچیرەکانیان ڕاودەکەن لەڕێگەی گازگرتن و دەردانی ژەهرەوە، کە ئەمە ڕاست نییە، تەنها ماری کوبرا و جۆرە هاوشێوە ژەهراوییەکانی دیکە ژەهر بەکاردەهێنن بۆ ڕاوکردن، لەکاتێکدا زۆربەی مارەکانی دیکە نێچیرەکانیان قوت دەدەن بەتەواوەتی، مارە زۆر گەورەکان لە نێچیرەکانیان دەئاڵێن هەتا دەیخنکێنن، دواتر قوتیدەدات، مارەکان دەتوانن ئاژەڵێک بخۆن کە قەبارەکەی بە ڕێژەی  ٪٧٥ بۆ ٪١٠٠ لە خۆی گەورەتر بێت، بۆ نموونە تیمساح و مانگاکان دەخۆن، لە دواتردا جەستەی مارەکە لە ناوەوە کۆمەڵێک ئەنزیم دەردەدات کە دەبێتە هۆکاری شیکردنەوەی نێچیرەکەی، دواتر دەگۆڕدرێت بۆ وزەیەک کە بۆ بەکارهێنان بشێت، مارەکان بە بەراورد بە ئاژەڵەکانی دیکە پێویستی بە خواردنی خۆراکی زۆر نییە بە بەردەوامی چونکە کرداری زیندەچالاکیەکانی زۆر هێواشە، بۆ نموونە کوبرای پاشایی توانای ژیان کردنی هەیە بۆ ماوەی چەند مانگێک بە بێ خواردن.

نیشتیمانی مارەکان

بە نزیکەیی مارەکان لە هەموو کیشوەرەکاندا دەژین، بەڵام ژمارەیەکی زۆرتریان لە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی زەویدان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پلە گەرمییەکەی گونجاوترە بۆ ژیانکردنیان، مارەکان دەژین لە نێو دارەکان، کونەکان لە ژێر خاکدا، لەسەر زەوی و لەناو ئاویشدا بە گوێرەی جۆرەکەی، وا دادەنرێت کە ئەو مارانەی لە ژێر زەویدا دەژین بەتەواوەتی نابینان، وەک ماری بچوکی هێڵدار، وە ژمارەیەکی زۆر کەم لە مارەکان هەن کە هەموو ژیانیان لە ئاودا بەسەردەبەن، کە وایان لێدەکات ماری ئاوی بن، چەند جۆرێکی دیکە لە ژینگەکان نشینگەی مارەکانن وەک، بیابانەکان، دارستانەکانی ‌هێڵی کەمەرەیی، دارستانە مامناوەندییەکان، زەلکاوەکان، کێوەکان و لەوەڕگاکان، بۆ نموونە ماری موسکانز لە بیابانەکاندا دەژین کە وەک زۆربەی جۆرەکانی دیکەی مارە بیابانە ژەهراوییەکانە، بەڵام بە هۆی بەرەوپێشچوون و بە شارستانی بونی مرۆڤەکانەوە، مارەکان لەناودەچن و کۆچدەکەن، یاخود بوەتە هۆی هێنانی ئەو مارانەی کە توانای گونجاندنیان هەیە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا.  

کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەرنجڕاکێش دەربارەی مارەکان

  • جیهانی مارەکان بەڕادەیەک هەمەڕەنگ و قەرەباڵخە کە هەتا ئێستە زاناکان نەیانتوانیوە هەموو جۆرەکانی پۆلێن بکەن.
  • ماری شاخداری بیابان هەیە کە دوو شاخی هەیە لەسەر چاوەکانییەوە.
  • شایەنی سەرنجە کە هەندێک لە بێچووی مارەکان مەترسیدارترن وەک لە گەورەکان، چونکە توانای جڵەوکردنی ئەو بڕە ژەهرەی نییە کە دەریدەدات.
  • هەروەها هەندێ لە جۆرەکان پێویستیان بە چەند ڕۆژێکە بۆ هەرس کردنی نێچیرەکانیان.
  • مارەکان دوای ماوەیەک پێستەکەیان نوێ دەبێتەوە (توێژهەڵدەدات)، لەبەر ئەوە مارەکان بەبەردەوامی پێستەکانیان زۆر پاکە.
  • هەندێک لە مارە ئاوییەکان توانای هەناسەدانیان هەیە لەچەند جێگەیەکی پێستیان، کە بەهۆیەوە دەتوانن هەتا قوڵاییەکی زۆری دەریاکان بڕۆن.
  • مارەکان لە هەستەکانیدا بۆنکردنی لە لوتکەدایە، کە پێش هەر جوڵەیەکی پشتی پێ دەبەستێت.
  • مارەکان توانای جوینیان نییە.

بەناوبانگترین جۆری مارەکان

  • ماری پەڕ: یاخود ماری شاخداری پێدەوترێت چونکە دوو شاخی بچووکی هەیە لەسەر سەرییەوە و هەتا ئێستا بە تەواوی سوودەکەی نازانرێت، جۆرێکی مارە ترسناکەکانە کە ڕێژەیەکی کەم لە ژەهرەکەی دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ، سەری هاوشێوەی سێگۆشەیەکی فراوانە و ملی باریکە و جەستەی کورتە، لە ئەو ناوچانەدا دەژی کە لمن هەروەها بە شەو و بەرەبەیاندا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.
  • ماری زەنگۆڵە: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە لە کۆتایی کلکییەوە زەنگۆڵەیەکی پێوەیە و دەنگ و ژاوەژاوێکی گەورەی لێ دروستدەبێت، لە کاتی بیرکردنەوە لە ژەهراویترین مارەکان ئەوا زۆرینەی خەڵکی ئەم مارەیان بە هزردا دێت، لە ماوەی ٢٠ خولەکدا ژەهرەکەی دەبێتە هۆی کوشتنی مرۆڤەکان و کوشتنی %٤ی مرۆڤەکانیش سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری دەستبەجێ.
  • ماری مەرگ: لە داستانە بەناوبانگەکەی کیلۆپاترادا هاتووە کە مارێکی ژەهراوی بەکارهێناوە بۆ خۆکوشتن، لە ئێستادا باوەڕ وایە کە ئەو مارە ماری مەرگ بووە، ئەم مارە لە مەترسیدارترین جۆری مارەکانە و خۆراکەکەشی بریتییە لە خواردنی مارەکانی دیکە.
  • ماری تایپانی ناوەکی: ئەم جۆرە مارە ژەهراوییە هەستەکانی بینین و بۆنکردنی زۆر پەرەسەندوون و بەهۆیانەوە بە ئاسانی نێچیرەکانی دەدۆزێتەوە.
  • ماری کریتی شین: ئەم جۆرە مارە ژەهراوییە زۆر ناسراو نییە، لە کاتێکدا ژەهرەکەی ١٦ هێندەی ژەهری ماری کوبرا بەهێزە، هەتا ئێستاش چارەسەری گونجاو نییە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم مارە دەیانگەزێت و بەتەواوەتی مارێکی بکوژە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنها بەشەودا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات و دێتە دەرەوەی لانەکەی بۆیە مرۆڤەکان تا ڕادەیەک پارێزراون.
  • ماری مامبای ڕەش: بە زۆری لە ئەفریقا دەژی و تەنها یەک گەستنی بەسە بۆ کوشتنی ١٠ مرۆڤ، خێرایی جووڵە کردنی لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ٢٠ کم و بەهۆیەوە بە خێراترین ماری هەسارەکەمان دادەنرێت، لە کاتی هێرشکردنیش بۆ نێچیرەکانی زیاد لە جارێک دەیانگەزێت.
  • ماری کوبرای فلیپینی: یەکێکە لە مەترسیدارترین مارەکانی جیهان، لە ماوەی نیو کاتژمێردا ژەهرەکەی دەبێتە هۆی ئیفلیج بوون و بەدوایدا مردن ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت، ئەم جۆرە دەناسرێتەوە بە هەبوونی یەخەیەکی فراونی خاڵدار کە نووساوە بە ملییەوە.
  • مارە بەرد: یاخود ماری ئەژدیها ئاسا، بە شەودا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام ڕێژەی ژەهراوی گەستنەکانی هێواشە، بە جۆرێکە ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت ئەوا دوای ١-٢ هەفتە ئینجا دەبێتە هۆی مردن.
  • پایسۆنی خاڵدار: ئەم جۆرە مارە ژەهروای نییە و گەستنەکەی تەنها دەبێتە هۆی دروستکردنی برین.
  • ماری فوارە: ناوی فوارەی پێدراوە چونکە بۆ شاییەکانی پڕ دەکات لە هەواو و دواتر بە دەنگ و فوویەکی بەرزەوە دەریدەکاتە دەرەوە، هەروەها لە هەموو کاتەکاندا دەردەکەوێت تەنانەت لە شەوە زۆر ساردەکانیشدا، بەڵام خێراییەکەی کەمە و مارێکی هێواشە.
  • ماری کوبرای عەرەبی: لە ترسناکترین و دڕندەترین مارە ژەهراوییەکانە، بە شێوەیەکی سەرەکی دەبێتە هۆی مەترسی بۆ جوتیارەکان چوونکە لە ناوچەی نزیک کێڵگەکاندا دەژی.
  • ماری لم: بە گشتی لە دوو ناوچەی جیاوازی وڵاتی ئیمارات دەژی، ئەم جۆرە مارە زۆر ژەهراوییە، بەڵام جۆری دیکەی هەیە کە مەترسییان کەمترە و درێژییان زیاترە.
  • ماری پڵنگ: لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئوستوڕالیا دەژی و جۆرێکی ژەهراوییە کە لە ماوەی ٤ کاتژمێردا دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ.
  • ماری ئوستوڕالی قاوەیی: مارێکی ترسناکە و لە ئوستوڕالیا دەژی و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ئوستوڕالیا زۆر بڵاوبووەتەوە، هەروەها دەکرێت هەندێک جار درێژییەکەی بگاتە ٢.٣ م.


سەرچاوەکان



4065 بینین