کیم ئیل سۆنگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-06-16:47:00 - کۆدی بابەت: 6521
کیم ئیل سۆنگ

ناوه‌ڕۆك

دیکتاتۆری کۆریا

یەکەمین سکرتێری حیزبی شیوعی کۆریا و یەکەمین سەرۆکی کۆریای باکوور بوو، لەدایکبووی ١٩١٢/٤/١٥ـە لە پیۆنگ یانگ لە سەروبەندی داگیرکردنی کۆریا لەلایەن ژاپۆن، دەوترێت کە پێشووتر تەنیا زمانی ژاپۆنی زانیووە بەهۆی داگیرکارییەکەوە، ساڵی ١٩٣١ دەبێتە ئەندامی حیزبی شیوعی چینی و لە ١٩٣٥ دەبێتە بەرهەڵستکارێکی داگیرکاری ژاپۆنی، لە ساڵی ١٩٣٧ دەبێتە شەشەم سەرۆکی سوپای کۆری بەرگریکار، لە ١٩٤٠ تەنیا ئەو مابوویەوە لەنێو سەرکردەکانی ئەوکات، هەمان ساڵ بە نهێنی دەڕواتە یەکێتی سۆڤیەت و لە ١٩٤٥ دەگەڕێتەوە لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٤٨ کە کۆریا دابەشبوو بۆ دوو بەش و کیم ئیل سۆنگ بووە سەرۆکی بەشی باکوور کە دواتر ناوی نرا کۆریای باکوور.

کیم بە بکوژی زیاتر لە ٢,٥ ملیۆن کەس دادەنرێت لە جیهاندا بەهۆی کار و جەنگ و بڕیارەکانییەوە.

ناوی بە کۆری 김성주
لەدایکبوون ١٩١٢/٤/١٥
کۆچی دوایی ١٩٩٤/٧/٨
هۆکاری مردن جەڵتەی دڵ
ئایین بێباوەڕ
منداڵان
پیشە سیاسی، پارتیزان، نووسەر
حیزب
  • حیزبی کرێکارانی کۆریا
  • حیزبی شیوعی چین
زمانەکان کۆری و چینی و ڕووسی
واژوو Kim Il Sung Signature.svg

ژیانی

کیم ئیل سۆنگ یان کیم سۆنگ جو لە ١٩١٢/٤/١٥ لە نامری لە ناوچەی کۆبیۆنگ لە هەرێمی بیۆنگ لە ناوچەی دیدۆنگ لەدایکبووە، خاوەنی دوو برا و خوشکێک بووە و باوکی "کیم هیۆنگ جیک" و دایکی "کانگ بان سوک"ـن، باوکی جووتیار بووە، بەڵام دوای داگیرکاری بووە بە پارتیزان دژی ژاپۆنییەکان، برا گەورەکەی لەلایەن ژاپۆنییەکان دەکوژرێت و برا بچووکەکەی دواتر دەبێتە جێگری سەرۆک کۆمار لە کۆریای باکوور لەگەڵیدا، هەر لە منداڵی خێزانەکەیان بەهۆی دوورخستنەوەی باوکی کۆچ دەکەن بۆ ناوچەی مەنچۆریا، بەهۆی سزادانی باوکیەوە لە تەمەنی ٣٢ ساڵی کۆچی دوایی دەکات، ساڵی ١٩٢٦ دەڕواتە قوتابخانەی ناوەندی و دوای سێ ساڵ لەوێ دەردەکرێت، لە ماوەی جەنگ لە یەکێتی سۆڤیەت چەندین ڕاهێنان دەبینێت و پلەی پێشڕەو وەردەگرێت و دوای جەنگی جیهانی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ کۆریا.

چالاکی سیاسی

هەر لە گەنجییەوە لایەنگری کۆمۆنیستەکانی چین و یەکێتی سۆڤیەت بوو و کاریگەرییان لەسەری هەبوو، ساڵی ١٩٣٥ هێزێکی تایبەت دژی ژاپۆنییەکان پێکدەهێنێت و لە ساڵی ١٩٣٧ـەوە ژاپۆنییەکان دەیکەنە ئامانج و بەهۆیەوە خەباتی پارتیزانی سەخت هەڵدەبژێرێت و بە ناچاری لە ١٩٤٠ دەڕواتە یەکێتی سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٤٢ لە هاوسەری دووەمی دەبێتە خاوەنی کوڕێک بەناوی "کیم جۆنگ ئیل"، لە ١٩٤٥ دەگەڕێتەوە بۆ کۆریا.

گەیشتن بە دەسەڵات

ساڵی ١٩٤٥ دەگەڕێتەوە و هەتاوەکوو ساڵی ١٩٤٨ وەک کەسایەتییەکی گەورە دەردەکەوێت، لە دوای ئەو ساڵەوە حکومەتی تایبەتی کۆریای باکوور دادەمەزرێنێت و خۆی دەبێتە سەرۆک، ساڵی ١٩٤٩ بەهۆی ستالینەوە دەسەڵاتەکانی زیاتر دەبێت، ساڵی ١٩٥٠ بە بیانووی یەکخستنەوەی نیمچەدوورگەی کۆریا هێرش دەکاتە سەر کۆریا و هەتاوەکوو سیۆل دەڕوات، بەڵام بەهۆی هێزەکانی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە و دوای سێ ساڵ شەڕکردن سەرەنجام دەکشێتەوە و نیمچەدوورگەکە دابەش دەکرێت بۆ دوو بەش و پێیان دەوترێت کۆریای باکوور و کۆریای باشوور.

دوای جەنگ

دوای جەنگ بە هاوکاری یەکێتی سۆڤیەت بنکەیەکی ئەتۆمی دادەمەزرێنێت و ئەمریکاش لە کۆریای باشوور بنکە و بارەگاکانی جێگیر دەکات و بەوەش گرژی و ئاڵۆزی لە ئاسیا دروست دەبێت، لەدوای ئەوە بە فرمانەکانی کیم سوپایەکی بەهێز دروستکرا لە کۆریای باکوور و هەموو جەختێک لەسەر سوپا کرایەوە و بەو هۆیەشەوە هەژارییەکی زۆر بڵاوبوویەوە و بوویە هۆی کوشتنی سەدان هەزار کەس.

لە ساڵی ١٩٥٨ دەستی کرد بە دروستکردنی وڵاتێک بۆ ئەوەی هەرگیز دەسەڵاتەکەی کۆتایی نەیەت و دەزگایەکی ئاسایشی گەورەی دروستکرد بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، هەروەها دروستکردنی یاسایەک لەلای کۆمەڵگا کە پێویستە دەسەڵات لە خۆیەوە بۆ کوڕی و لەویشەوە بۆ نەوەکەی بگوازرێتەوە، هەروەها هەستا بە بڵاوکردنەوەی گەورەیی خۆی و چیرۆک و داستان دەربارەی کارەکانی و گەورەکردنیان، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕش دژی ژاپۆنییەکان، دواتریش بڵاوکردنەوەی چەندین پەیکەر و شوێنی تایبەت بۆ یادکردنەوەی کە زیاتر لە ٣٥ هەزار پەیکەری لە وڵاتەکە هەیە.

مردن

لە ڕۆژی ١٩٩٤/٧/٨ لە شاری پیۆنگ یانگ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد و لەدوای خۆی کیم جۆنگ ئیلـی کوڕی بووە سەرۆکی وڵات، دوای مردنی جەستەکەی لە کۆشکی سەرۆکایەتی پیۆنگ یانگ پارێزراوە.

لەدوای مردنی چەندین پەیکەری دیکەی بۆ دروستکرا کە هەندێکیان لە زێڕ و برۆنزن، یەکێک لەو پەیکەرانەی کە دروستکرا لە ساڵی ٢٠١٤ داواکرا، لەگەڵ ئەوەی باڵای ڕاستی کیم ١,٧٣ سانتیمەتر بوو بەڵام ئەو پەیکەرەی داواکرا لە پەیکەرسازێکی چینی بە باڵای ١,٨٩ سانتیمەتر داواکرابوو، بەهۆی ئەوەشەوە چەندین خەڵاتی گرانبەها پێشکەشی پەیکەرسازەکە کرا و نازناوی هونەرمەندی گەلی پێبەخشرا.

یەکێک لە پەیکەرەکانی بەرزییەکەی دەگاتە ٢٤ مەتر.


سەرچاوەکان



596 بینین