ئەحمەد مەتەڕ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-09-08-16:34:00 - کۆدی بابەت: 6522
ئەحمەد مەتەڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی 

شاعیر و ڕەخنەگری عێڕاقی ئەحمەد مەتەڕ شیعرەکانی بەوە ناسراوە کە هەمیشە ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدار و فەرمانڕەواکانی وڵاتانی عەرەبی گرتووە، لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی "تەنومە"ـی نزیك ڕووباری شەتولعەرەبی سەر بە پارێزگای بەسڕه لەدایکبووە، لە خێزانێکی هەژار پەروەردە کراوە، لە تەمەنی لاویدا بەهۆی هەژارییەوە ڕووی لە شاری بەغداد کردووە لەوێ لای براکەی ژیاوە، هەر لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە دەستی بە نوسینی شیعر کردووە و خولیای ئەدەب بووە، لە قۆناغی خوێندنی نۆی بنەڕەتی شیعرێکی نووسیوە لە ١٧ ڕیز پێکهاتووە و لەو کاتەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، سەرەتای دەستپێکردنی بە شیعری خۆشەویستی و ڕۆمانسی بووە، پاشان بەهۆی قورسی و هەژاری و دەربەدەری لە ژیانیدا، شێوازی نووسینەوەی شیعرەکانی بوون بە ئاوێنە و ڕەنگدانەوەی واقیعی تاڵی، بەهۆی بارودۆخی نالەباری وڵاتی عێڕاق برا بچووکەکەی بە ڕووداوێکی هاتووچۆی نەخشە داڕێژراوە تیرۆرکراوە، لەدوای ئەو برایەکی تریشی بە ناڕەوا و بە بێ هۆکار لە سێدارە دراوە، بۆیە بارودۆخی خێزانەکەی زۆر خراپ بووە، ئەویش بەهۆکاری شیعرەکانی و بەرهەڵستی کردنی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی عێڕاق چەند جارێک زیندانی کراوە و ئازاردراوە هەربۆیە لە سەرەتای ببیستەکانی تەمەنیدا کۆچی کردووە بۆ وڵاتی کوەیت و لەوێ نیشتەجێ بووە، وەکوو مامۆستای سەرەتایی دەست بەکار بووە، هەروەها لە ڕۆژنامەی "قەبەس" وەکوو سەرنووسەر کاری کردووە و شیعری بڵاوکردووەتەوە، زۆر بە بوێرانە و چاونەترسانە شیعری نووسیوە دژایەتی دەسەلاتدارانی کردووە، لە کوێت ئاشنای ناجی عەلی (وێنەکێش و هونەرمەندی ناوداری فەڵەستینی) بووە، بوونە دوو هاوڕێی تەواوکەری یەکتری، لە هەمان ڕۆژنامە دەستبەکار بوون، مەتەڕ شیعری سیاسی و ڕەخنەگری لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە دەنووسی و ناجی هاوڕێیشی لە کۆتایی لاپەڕەکە بە وێنە و کاریکاتێریێکی گاڵتەجاڕی گونجاوی بۆ شیعرەکان کۆتایی بە نووسینەکە دەهێنا.

لە کوەیتیش نەیتوانی بەردەوام بێت بەهۆی شیعرەکانی دژی دەسەڵات، بۆیە خۆی و ناجی هاوڕێی دوورخرانەوە لە وڵاتی کوەیت، دواجار لە دوای دەربەدەری چەند وڵاتێك لە ساڵی ١٩٨٦ لە شاری لەندەن نیشتەجێ بوون، لە ساڵی ١٩٨٧ ناجی هاوڕێی تیرۆر کرا، تاکوو ئێستا ڕوداوی تیرۆرکردنی بە تەمومژاوی ماوەتەوە، ئەم ڕوداوە زۆر کاریگەری کردە سەر ئەحمەد مەتەڕ، هەمیشە وتوویەتی بەردەوام دەبم لە نووسینی شیعر چوونکە من نیوەکەی تری ناجییم و بەردەوامی پێ دەدەم تاکوو بە زیندووی بمێنێتەوە. 

شێوازی نووسین و تایبەتمەندی شیعرەکانی

ئەحمەد مەتەڕ هەمیشە بە شێوازێکی ڕەق و ڕەخنەگرانە شیعری دژی دەسەڵاتداران نووسیوە شیعرەکانی سیاسیین و بە زمانێکی پاراو و ڕێک نووسیویەتی بە شێوازی ئازاد شیعری نووسیوە، تاڕادەیەکی زۆر لە نووسینەکانی کاریگەر بووە بەو لادێیەی کە لێی گەورە بووە، ئەحمەد مەتەڕ زۆر ڕەخنەی تووندی لە نەتەوەکەی خۆی گرتووە مەتەڕ پێی وایە کە عەرەب دواکەوتوون و بەندە و ژێردەستەی دەسەڵاتداریان پێخۆشە و کۆیلەی وڵاتانی ئەوروپیین، ڕۆشنبیرانی عەرەب نەک بە خۆفرۆشی دانانێن بەڵکو بەردەوام شیعرەکانی دەخوێننەوە و بە یەکێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی خۆیانی دادەنێن بۆیە نازناوی پاشای شاعیران و شاعیرەکەی وڵاتی دوو ڕووباریان پێ بەخشیوە. 

بەرهەمەکانی 

- دیوانی ئەحمەد مەتەڕ 
- زنجیرە نووسینی"لافیتات"کە لە حەوت زنجیرە پێکهاتووە                 
- زنجیرە بابەتی "باخچەی مرۆڤەکان" لە ڕۆژنامەی ڕایە بڵاودەکرێتەوە 
- قسە و باسەکانی دەرگاکان 
- فرمێسك لەسەر جەستەی مردووی ئازادی
- پاشای ڕەجم کراو و سەگی بەر لافیتەکان
- شیعری چاودێران
- واریسەکانی ئیبلیس 

باری خێزانی

لە خێزانێکی موسوڵمانی سەر بە ڕێبازی سوننە پەروەردە کراوە، خێزاندارە و خاوەنی کچێك و سێ کوڕە، ماوەی جارێك هەواڵی کۆچی دوایی بڵاودەکەنەوە و بە مردوو باسی دەکەن، بەڵام ئەو زیندووە و لە شاری لەندەنی وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە، بە دەگمەن لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەوێت و هیچ لێدوانێك لەسەر هیچ بابەتێکی ڕۆژ نادات. 


سەرچاوەکان



492 بینین