عادل باخەوان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-07-11:45:00 - کۆدی بابەت: 6524
عادل باخەوان

ناوه‌ڕۆك

عادل باخەوان کێیە؟

عادل باخەوان (بە لاتینی: Adel Bakawan)، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆیە کە بە ھۆی بیروڕا ڕەخنەگرانەکەی سەبارەت بە سیاسەت و کۆمەڵگای باشووری کوردستان ناسراوە، عادل باخەوان لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠ـیە و لە قوتابخانەی باڵا بۆ خوێندنەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە فەڕەنسا وانەی خوێندووە و لە زانکۆی ئێڤری وانە دەدات، و ھەروەھا ئەندامی دەستەی نووسەرانی جۆرناڵی کوردستانە بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان.

ژیان

عادل باخەوان لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە تا تەمەنی ٢٧ ساڵی لەنێو پرۆگرامە جیاوازەکانی دەنگی "نەخێر" بە ڕژێمی بەعسدا بووە، لە تەمەنی ١٧ ساڵی فەرمانی گرتنی لەلایەن ڕژێمەوە دەرچوو، پاش خۆشاردنەوە و دەربازبوونی، باوک و برا گەورەکەیان ڕاپێچی زیندانکرد و خستنیانە ژێر ئەشکەنجە و ئازارەوە. پاش ڕاپەڕین و جەنگی ناوخۆ، لە ١٩٩٩ دا، کوردستان بەجێدەھێڵێت و لە فەڕەنسادا نیشتەجێ دەبێت، ھەر لەگەڵ گەشتن بە فەڕەنسا دەست دەکات بە خوێندن و لە زانکۆی لیۆن بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنێت.

پاشان لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکانی پاریس، قۆناغی ماستەر و دکتۆرا تەواودەکات. کاروانی خوێندنی باڵای نزیکەی ١٠ ساڵ دەخایەنێت. نامەی ماستەر و دکتۆراکەی لەژێر سەرپەرشتی ئۆلیڤەر ڕوادا بووە و ئەمەش کارئاسانیەکی زۆری لە فەرەنسادا بۆ کردووە. ئێستاش لە زانکۆی ئێڤری وانەی سۆسیۆلۆژیا بە قۆناغی بەکالۆریۆس دەڵێتەوە و توێژەری ھاوکارە لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکانی پاریس.

بەرهەمەکان

  • کەیوان: ڕۆمان، سلێمانی: بێ پەخشانگە، ١٩٩٨.
  • ئیسلامیەکان کوردستان لە بوھتاننامەکەی حەمە سەعەد حەسەندا، بێ شووێن: بێ پەخشانگە، ١٩٩٨.
  • تێگەیشتن ڕۆژاوا-ئیسلام: بەریەککەوتن، تێکەڵبوون، یەکتربیناکردن، سلێمانی، ٢٠٠٦.
  • تێگەیشتن لە فەیسەڵەوە تا تاڵەبانی: عێراقی پۆست سەدام لە تاقیکردنەوەی دیموکراسیدا، سلێمانی: کتێبخانەی ڕەنج، ٢٠٠٦.
  • تێرۆریسم وەک بیناکردنی کۆمەڵایەتی، سلێمانی: دەزگای چاپ ە پەخشی سەردەم، کتێبی سەردەم ژمارەی ٤٠٣، ٢٠٠٧.
  • کوردستان لە تاقیکردنەوەی ناسیۆنالیزم، ئیسلامیزم، تیرۆریزمدا، سلێمانی: کتێبخانەی حەمدی، ٢٠١٠.
  • کۆتایی عەلمانیەت، سلێمانی: کتێبخانەی ڕەنج، ٢٠١٢.
  • کۆمەڵگای ڕەش، سلێمانی: کتێبخانەی ئەندێشە، ٢٠١٣.
  • سۆسیۆلۆژیای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٥.
  • سۆسیۆلۆژیای زەبروزەنگ، سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٥.
  • سۆسیۆلۆژیای ئاین
  • سۆسیۆلۆژیای سیاسی

وەرگێڕان

  • ئاین چیە، وەرگێڕانی عادل باخەوان، سلێمانی: دەزگای سەردەم، ٢٠٠٨.
  • عەلمانیەت لەبەرانبەر ئیسلامدا، وەرگێرانی عادل باخەوان، سلێمانی: چاپخانەی جەمال عیرفان، ٢٠١٦.
  • ئاین لە دێمۆکراسیدا، وەرگێڕانی عادل باخەوان، سلێمانی: کتێبخانەی جەمال عیرفان، ٢٠١٦.


سەرچاوەکان



548 بینین