زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-16-00:03:00 - کۆدی بابەت: 6599
زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەیرکردنی تەلەفزیۆن

لە دونیای ئەمڕۆدا سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ هەر کەسێک واتای خۆی هەیە، هەندێک بۆ کات بەسەربردن و هەندێک بۆ فێربوون، منداڵانیش وەک گەورەکان سەیری تەلەفزیۆن دەکەن بەڵام گرنگە دایک و باوک یاسا دابنێن بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ئاگاداربن.

زیانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن بۆ منداڵ چین؟

دواکەوتنی گەشەی منداڵ

منداڵی خوار دوو ساڵ نابێت بە هیچ شێوەیەک سەیری تەلەفزیۆن بکات، چونکە لەو تەمەنەدا گەشەی مێشکی منداڵەکە خێرایە و پێویستە بەردەوام یاری بکات و مێشکی بجوڵێت، هەروەها گرنگە کە یاری و قسەی زۆری لەگەڵدا بکرێت، ئەگەریش هەر سەیری کرد دەبێت لە ٢ کاتژمێر زیاتر نەبێت، زۆر سەیرکردنی تەلەفزیۆن دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی منداڵ دواکەوێت بەمەش درەنگتر فێری قسەکردن دەبێت، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بۆ هەر کاتژمێرێک کە تەلەفزیۆن لە ماڵدا داگیرساوە منداڵەکە ئەو کاتژمێرە ئامادە نەبووە ٧٧٠ وشە دەرببڕێت لەو وشانەی کە دایک و باوک پێی دەڵێن.


قەڵەوی

ئەو منداڵانەی ڕۆژانە زۆر بە دیار تەلەفزیۆنەوە دادەنیشن زیاتر تووشی قەڵەوی دەبن، چونکە جوڵەیان کەمە.


خەوی ناڕێک 

منداڵەکە هەرچی زیاتر سەیری تەلەفزیۆن بکات ئەگەری زوو خەوتنی کەمترە و بەمەش وردە وردە خەوی تێک دەچێت.


شەڕەنگێزی

ئەو منداڵانەی کە زۆر سەیری تیڤی دەکەن زووتر توڕە دەبن و هەستی شەڕەنگێزییان زیاترە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کوڕانەی ڕۆژانە زۆرتر سەیری تەلەفزیۆن دەکەن زیاتر شەڕ دەکەن و شەڕاگێزن.


زیادبوونی ترس

زۆر سەیکردنی تیڤی دەبێتە هۆی زیادکردنی ترسی منداڵ، منداڵەکە خەوی خراپ دەبینێت، بەردەوام دڵەڕاوکێی هەیە و نائارامە، ئەم ترسەش بە هۆی بینینی شتێکەوەیە لە تەلەفزیۆندا، فیلمی ترسناک یاخود بینینی گیانداری ترسناک کە ئەمانە دەبنە هۆی ترس لە منداڵی ٢ بۆ ٧ ساڵدا، هەروەها ئەگەریش بڵێی مەترسە ئەمانە ڕاستی نییە ئەوە هیچ یارمەتییەکی منداڵەکەتت نەداوە چونکە منداڵی خوار ٨ ساڵ ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا.


چەند ڕێنماییەک بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن لەلایەن منداڵەوە

لیستێکی بۆ دروست بکە

لیستێکی تایبەت دروست بکە لەو بەرنامە و گۆرانیانەی کە منداڵەکەت حەزی لێیە و پێشتر خۆت سەیری هەمووی بکە بزانە گونجاوە یاخود نا ئینجا ئەم لیستە لە تەلەفزیۆنەکەدا پەخش بکە بۆ منداڵەکەت.

لەگەڵ منداڵەکەت سەیری تەلەفزیۆن بکە

پێکەوە لەگەڵ منداڵەکەت دانیشن و سەیری بەرنامەکان بکەن، قسە بکە لەبارەی کارتۆن و گۆرانییەکانەوە و پێکەوە باسی بکەن، بەمە تۆ ئاگاداری بەرنامەکان دەبیت و هەروەها منداڵەکەشت زیاتر مێشکی دەجوڵێت.

ئاگاداری بەرنامەکان بە

کاتێک منداڵەکەت سەیری بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی منداڵان دەکات ئاگاداربە، کە لە نێوانەکەیدا کە چ ڕیکلامێک دێتە سەر شاشەکەوە، واباشترە بتوانیت بەرنامەکان داببەزێنیت و لیستی تایبەت هەبێت تاکوو دووربێت لە ڕیکلام و هەندێک دیمەنی نەگونجاو بۆ منداڵ.

تەلەفزیۆن دامەنێ لە ژووری منداڵەکەت

بە هیچ شێوەیەک نابێت تیڤی لە ژووری منداڵدا بێت، چونکە ئەوکات بە ئارەزووی خۆی هەرکات توانی دەیکاتەوە و لەژێر کۆنتڕۆڵیشدا نابێت کە سەیری چی دەکات منداڵەکەت.

سەیرنەکردنی تەلەفزیۆن لە کاتی خواردندا

هەرگیز لە کاتی خواردندا سەیری تەلەفزیۆن مەکەن، ئەمە وادەکات منداڵەکە بە باشی خواردنەکەی نەخوات و بەردەوام خەیاڵی لای بەرنامەکان بێت.

یاری لەگەڵدا بکە

بەردەوام هەوڵبدە بۆ منداڵەکەت یاری بکەیت و سەرقاڵی بکەیت تاکوو کەمترین کات بیر لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن بکاتەوە، هەروەها گرنگە کاتی بۆ دابنێیت و بەردەوامیش تەلەفزیۆنەکە نەکرابێتەوە.


سەرچاوەکان



1451 بینین