ئارد

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-17-16:30:00 - کۆدی بابەت: 6606
ئارد

ناوه‌ڕۆك

ئارد چییە؟

ئارد (flour) توخمێکی سەرەکی بەرهەمە خۆراکییەکانی ژیانی ڕۆژانەمانە، تۆزێکی سپییە کە لە دانەوێڵەکان دروست دەکرێت، هەرچەندە ئاردی سپی زۆرە و هەرزانترە، بەڵام بژاردەیەکی باش نییە بۆ تەندروستی جەستەی مرۆڤ، ئەمەش لەلایەن شارەزایانی بواری خۆراک و داتا پزیشکییەکانەوە سەلمێنراوە.

ئارد چەندین جۆری هەیە و خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا بە چەندین شێوەی جیاواز بەکاریدەهێنن، جا چ بە شێوەی نان بێت، یاخود کێک، پاستا، شیرینی، پیتزا، ئارد دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکانی وەک: پڕۆتین، ڤیتامینەکان، ڕیشاڵەکان، کاربۆهیدرات، بەڵام ڕێژەی چەوری و کۆلیسترۆڵ تیایدا نزمە.

جۆرەکانی ئارد

لە جیهاندا زیاتر لە بیست جۆری ئارد بەردەستە بەڵام تەنها سێ لەوان سەرەکین، ئەوانیش:

ئەو ئاردەی بۆ هەموو مەبەستێک بەکاردێت

 ئەم جۆرە ئاردە پڕفرۆشترینە لە هەموو جیهاندا و بە ئاسانی لە هەموو بازاڕ و مارکێتەکان دەست دەکەوێت، ئەگەر ڕەچەتێک وتی "ئارد بەکاربهێنە" بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەبەستی لەم جۆرە ئاردەیە، کە لە بەریتانیا بە واتای ئاردی سادە دێت، ئاردی سادە بەکاردێت بۆ هەندێک جۆری هەویرکاری وەک: بسکویت، پیتزا، وە هەروەها لە دروستکردنی سۆس و سوپیشدا بەکاردێت.

ئاردی نان

جیاوازی سەرەکی ئەم ئاردە لەگەڵ ئاردی پێشتر لەبەر پرۆتینە، ئاردی نان کە بە تەواوی لە جۆری گەنمی سپی پێکدێت، لە ئاردی سادە پێکهاتەی پرۆتینی بەرزترە.

ئاردی شیرینی

ئاردی شیرینی ئاردێکی کەم پرۆتینە بەشێوەیەک بەرهەم هێنراوە بۆ ئەوەی شیرینیەکان ناسکتر بێت و بۆ هەرسکردن ئاسان بێت.

حەوت کاریگەری تەندروستی زیانبەخشی خواردنی ئارد

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەوانە زیادکردنی کێش و قەڵەوی، نەخۆشیی میتابۆلیک، شەکرە، پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ، کەمبوونەوەی مەعریفی، ئالوودەبوونی خۆراک، خەمۆکی، شێرپەنجە.

- زیادکردنی کێش و قەڵەوی: لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەست پەتای قەڵەوییەوە دەناڵێنێت، کە دوو لەسەر سێی ئەمریکییە بەتەمەنەکان ئێستا پۆلێنکراون بەپێی کێشی زیادە یان قەڵەو. ئارد هۆکاری سەرەکی ئەم پەتایەیە، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی چەوری لە جەستەدا و دەبێتە هۆی پەکخستنی ئۆکسیدی چەوری، ئەو پڕۆسەیەی کە لەش بەهۆیەوە چەوری دەسوتێنێت بۆ سوتەمەنی، هەروەها ئارد بەکتریا لە ناو گەدەدا دروست دەکات کە دەبێتە هۆی دروست بوونی هەوکردن، کە ئەمەش بەرزبوونەوەی کێش زیاد دەکات.

- نەخۆشی میتابۆلیک و شەکرەی جۆری ٢: لە ڕاستیدا، دەرفەتی تووشبوون بە نەخۆشی میتابۆلیک لە سەدا ٤١ زیاترە لە نێوان ئەو کەسانەی کە زۆرترین ئارد دەخۆن، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کەمترین دەخۆن. تاکە چارەسەر بۆ دوورکەوتنەوە لە توشبوون بەو جۆرە نەخۆشییە نە خواردن و بە تەواوی دوورکەوتنەوەیە لە خواردنی هەموو جۆری ئەو خواردنانەی کە پێکهاتەکەیان ئاردە.

- پەستانی بەرزی خوێن: یەکێک لە گرینگترین پەرەپێدەرەکانی فشاری بەرزی خوێن بەرهەڵستی ئەنسۆلینە، بەکارهێنانی ئاردی سپی کە وەک شەکر لە جەستەدا هەڵسوکەوت دەکات، دەتوانێت پەیوەندی نێوان گلوکۆز و ئەنسۆلین تێکبشکێنێت و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن.

- نەخۆشی دڵ و خوێن: چەوری خۆراکی بۆ چەندین ساڵ بە هەڵە بە هۆکاری نەخۆشی دڵ و خوێن دادەنرا، کە ئەو کاتە بە چەندین ڕێنمایی داوا لە ئەمریکییەکان دەکرا ژەمە خواردنەکانیان پڕ بکەن لەو جۆرە خۆراکانەی چەوری تێدا نییە، کە ئەگەری هەیە ئەمە هۆکاری زیادبوونی پەتای نەخۆشیی دڵ و خوێن بووبێت. وتارێکی ساڵی ٢٠١٧ ی گۆڤاری لانست کە یەکێکە لە گۆڤارە پزیشکییە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان ئاشکرای دەکات کە خواردنی کاربۆهیدراتی بەرز پەیوەندی تەواوی بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنەوە هەیە، لە کاتێکدا تەواوی چەوری و جۆرەکانی چەوری پەیوەندیان بە نەخۆشیی دڵ و دەمارەوە نییە.

- ئالودەبوونی خۆراک: ئالودەبوونی خۆراک حاڵەتێکە کە تێیدا مرۆڤ ئالودەی چەند خواردنێکی دیاریکراو دەبێت لەوانەیە یەکێک بێت لە بەرهەمەکانی ئارد، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی.

- خەمۆکی: زۆری خواردنی خواردنە دروستکراوەکان لە بەرهەمەکانی ئارد پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی مەترسی خەمۆکی، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی شەکری خوێن.

- زیپکەی تەمەنی هەرزەکاری: بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری کاربۆهیدرات لە ئارددا کاریگەری جددی لەسەر پێست و كێشەکانی پێست دروست دەکات بە تایبەتی زیپکەی تەمەنی هەرزەکاری.


سەرچاوەکان



1221 بینین