یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-18-00:44:00 - کۆدی بابەت: 6626
یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان

ناوه‌ڕۆك

سوڕی مانگانە

سوڕی مانگانە یەکێکە لە نیشانەکانی باڵغبوون کە لە کچی هەرزەکاردا ڕوودەدات، لە دەستپێکی سوڕی مانگانەدا ڕێژەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە جەستەدا زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی ئەستوربوونی دیواری منداڵدان، ئێستا ئەو دیوارە ئەستوورە ئامادەیە تاکوو هێلکەیەکی پیتێنراو لەخۆ بگرێت و گەورەی بکات، بەڵام ئەگەر هێلکەی پیتێنراو نەبوو ئەوا جەستە ئەم دیوارە تێک دەشکێنێت و بە شێوەی خوێن مانگانە لە زێی ئافرەتەکەوە دێتە دەرەوە.

یەکەمین سوڕی مانگانەی کچان چ کاتێک ڕوودەدات؟

یەکەمین سوڕی مانگانە لە نێوان کچانی ١٢ بۆ ١٣ ساڵیدا ڕوودەدات ئەگەر زووتر یاخود درەنگتر بێت لەم تەمەنەش هەر ئاساییە، دەکرێت بڵێین سوڕی مانگانە دوو ساڵ دوای گەورەبوون و گەشەکردنی مەمکەکان ڕوودەدات، هەندێک لە کچان پێش کەوتنە سوڕی مانگانە دووچاری کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەبن.

کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە:

  • ئازار.
  • با کردنی سک.
  • ڕەق بوون و ئازاری مەمکەکان.
  • ئازاری پشت.
  • قەبزیی.
  • سکچوون.
  • هەستکردن بە هیلاکییەکی زیاد لە پێویست.
  • زۆر هەستیاربوون و پەستانی دەروونی.
  • حەزی زۆر بۆ خواردنی شیرینی.
  • دەردراوی سپی و ئاویی لە زێدا.

لەبەرئەوەی هیچ کەسێک بە دیاریکراوی نازانێت یەکەمین سوڕی مانگانە لە چ کات و ڕۆژێکدا دەبێت، پێویست دەکات کچان کاتێک تەمەنیان نزیک بوو لەوەی کە بکەونە سوڕی مانگانەوە هەمیشە لە کاتی چوونە دەرەوەدا کۆمەڵێک کەلوپەلیان پێ بێت، وەک:

  • جلی ژێرەوە.
  • سانتی.
  • کلێنس.
  • ئازارشکێن کە لەم تەمەنەدا پاراسیتامۆڵ گونجاوە.

کۆمەڵێک هۆکار کە کار دەکەنە سەر یەکەمین سوڕی مانگانە

  • جۆری خۆراک.
  • وەرزش و جوڵەی جەستەت.
  • بۆماوەیی. 
  • ئاو و هەوا.
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەت.
  • پەستانی دەروونی زیاد لە پێویست.

ئەگەر لە دەرەوە تووشی سوڕی مانگانە بوویت چی بکەیت؟

ئەگەر لە دەرەوەیت و بۆ یەکەمجار دەکەویتە سوڕی مانگانەوە و هیچت پێ نییە دەتوانیت چەند کلێنسێک دابنێیت تاکوو دەگەیتەوە ماڵەوە، چونکە سەرەتا خوێنەکەش ئەوەندە زۆر نییە کە پیست بکات، وە ئەگەر لە قوتابخانە بوو دەتوانیت داوای هاوکاری لە مامۆستا یاخود هاوپۆل و هاوڕێکانت بکەیت.

یەکەمین سوڕی مانگانە چەند ڕۆژ درێژە دەکێشێت؟

یەکەمین سوڕی مانگانە لەوانەیە تەنها دوو ڕۆژ بێت و چەند مانگێک یاخود چەند ساڵێکی پێ دەچێت تاکوو سوڕی مانگانە ڕێک ببێتەوە و بە گشتی سوڕەکە لە نێوان ٢ بۆ ٧ ڕۆژدایە یەکەمجار.

بڕی خوێن لە یەکەمین سوڕی مانگانەدا

یەکەمین سوڕی مانگانە بە گشتی خوێنەکەی کەمە و سەرەتا بە پەڵە خوێنی قاوەیی دەردەکەوێت، بەڵام دەکرێت هەندێک جار یەکەمین سوڕی مانگانە زۆر توند بێت و بڕی خوێنەکە زۆر بێت، خانمان بە درێژایی ماوەی سوڕی مانگانە ٦ کەوچکی چێشت خوێن لە دەست دەدەن.
ئەگەر هەست دەکەیت خوێنبەربوونی منداڵەکەت ئاسایی نییە و زۆرە ئەوا بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پێ بکە.

بەرزبوونی باڵای کچان دوای یەکەمین سوڕی مانگانە

دوای کەوتنە سوڕی مانگانە باڵای کچان کەمتر بەرز دەبێت و بە گشتی دوای سوڕەکە زیاتر لە ٦ سانتیمەتر بەرز نابێت.

چ کاتێک دەبێت کچەکەت ببەیتە لای پزیشک؟

  • ئەگەر هەر دوو کاتژمێر جارێک ناچارە سانتییەکەی بگۆڕێت بە هۆی خوێنی زۆرەوە.
  • هەستکردن بە سەر قورسی.
  • سەرگێژخواردن.
  • زیادبوونی لێدانی دڵ.
  • بەردەوامی خوێن بەربوون زیاتر لە ٧ ڕۆژ.

بەکارهێنانی سانتی

سانتی دەتوانێت خوێنەکە هەڵبمژێت و پێویستە هەموو کچێک کاتێک دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە بەکاری بهێنێت، بە ئاسانترین شێوە بەکاردێت و چەسپ بە پشتەکەوەیەتی و دەیدەیت لە جلەکەی ژێرەوەت و پێیدا دەلکێت و لێنابێتەوە، هەر ٤ بۆ ٨ کاتژمێر جارێک دەبێت سانتییەکەت بگۆڕیت، بەڵام ئەمە یاسایەکی تایبەت نییە و هەر کاتێک کە هەستت کرد سانتیەکەت پڕ بووە دەبێت بیگۆڕیت.

سوڕی مانگانە و پاکوخاوێنی

زۆر گرنگە کە کچان لەماوەی سوڕی مانگانەدا پاکوخاوێن بن و زوو زوو سانتی بگۆڕن و ئەگەر جلەکانیان خوێناوی بوو بیگۆڕن هەروەها گرنگە کە خۆیان بشۆن و بە پێچەوانەی پێشینانەوە کە دەیانوت کچ لە ماوەی سوڕی مانگانەدا نابێت خۆی بشوات، کچان دەبێت لەم ماوەیەدا زیاتر لە کاتی ئاسایی خۆیان بشۆن و پاکوخاوێن بن.

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە 

  • پاڵکەوتن و پشوودان.
  • دانانی جەوەنەی گەرم لەسەر سک یان پشت.
  • زۆر خواردنەوەی ئاو.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی ماددە کافاینەکان وەک چا و قاوە.
  • خۆشۆردن بە ئاوی گەرم.
  • بەکارهێنانی حەپی ئازار شکێن بەڵام بە هۆی کەمی تەمەنەکەوە تەنها حەپی پاڕاسیتامۆڵ بەکاربهێنە.

سوڕی مانگانە چەند جار ڕوودەدات؟

کەوتنە سەر خوێن بەشێکە لە سوڕی مانگانە و سوڕەکە هەموو مانگێک و بەگشتی ٢٨ ڕۆژ درێژە دەکێشێت و یاخود دەکرێت ٢١ بۆ ٤٥ ڕۆژیش بێت، کەوتنە سەرخوێنیش لە نێوان ٣ بۆ ٧ ڕۆژدایە، هەندێک کات دوای یەکەمین سوڕی مانگانە چەندین ساڵی پێ دەچێت تاکوو سوڕەکە ڕێک ببێتەوە.

چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت؟

  • کچەکە تەمەنی لە ١٥ ساڵ زیاتر بێت و نەکەوتبێتە سوڕی مانگانەوە.
  • زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕیبێت بەسەر یەکەمین سوڕی مانگانەدا و هێشتا سوڕەکە ڕێک نەبووبێتەوە.
  • لە نێوان دوو سوڕی مانگانەدا کچەکە خوێنبەربوونی هەبێت.
  • ئازارێکی زۆری هەبێت کە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی لێ تێک دابێت.
  • خوێن بەربوونەکەی زۆر توند بێت.


سەرچاوەکان



1842 بینین