موتەنەبی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-19-12:43:00 - کۆدی بابەت: 6627
موتەنەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

موتەنەبی گەورە شاعیری ناوداری عەرەبی و شاعیری سەردەمی عەباسییەکان، لە ساڵی 303ـی کۆچی لە ناوچەی کیندەی سەر بە پارێزگای کوفەی وڵاتی عێڕاق لەدایکبووە، هۆزەکەی و ناوی تەواوی ڕوون نییە و چەند ناوێکی دراوەتە پاڵ، چوونکە هەر بە موتەنەبی ناسراو بووە، بەڵام بەشێك لە شارەزایانی مێژوو بە ئەحمەدی کوڕی حسێنی کوڕی عەبدولسەمەدی ئەلجەعفی ناساندوویانە، چەند ڕاوبۆچوونێکی جیاواز هەیە لە وەرگرتنی نازناوی موتەنەبی، هەندێك لە مێژوونووسان دەڵێن بە هۆی ئەوەی خاوەن کەسایەتییەکی زۆر زانا بووە و کەسێکی داوێن پاک بووە، هەموو کاتی خۆی بۆ زانست و نووسین تەرخان کردووە، هەروەها پێگەی تایبەتی هەبووە لە نێو زانایان و ڕۆشنبیران بۆیە ئەو نازناوەی پێدراوە، هەندێکی تریش هۆکاری نازناوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە موتەنەبی لەسەرەتای لاویدا بانگەشەی بۆ پێغەمبەرایەتی کردووە و زۆر خۆی پێ باش بووە بەو هۆیەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە زیندانی کراوە.

موتەنەبی هەرگیز لە شیعرەکانی ئاماژەی بە باوک و دایکی نەکردووە، داپیرەی پەروەردەی کردووە، هیچ کات باسی ڕەچەڵەکی خۆی نەکردووە کە لەو سەردەمەدا وەسف و سەنای ڕەچەڵەك و باوباپیران و عەشیرەت زۆر گرنگ و باو بووە، لەسەر ئەم بنەمایە هەندێک لە نووسەران هاوشێوەی تەها حسێن گوومان لە ڕەچەڵەك و باوکی موتەنەبی دەکەن.

موتەنەبی لە سەرەتای لاویەوە بنەماکانی زمان و ڕێزمانی عەرەبی و یاسا و ڕێساکانی شیعر فێربووە و خولیایەکی زۆری بۆ خوێندنەوە هەبووە، و زۆربەی کاتەکانی بە خوێندنەوەی کتێب بەسەربردووە، زیرەکی و ژیری ناوی دەرکردووە توانای لەبەرکردنی زۆر باش و خێرا بووە.

موتەنەبی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بیابان و دەشت و چۆڵ ژیاوە لەگەڵ خەڵکی دەشتەکی ئەو ناوچانە ژیاوە کە بە زمان پاراوی ڕەسەنایەتی ناسراون، بۆیە موتەنەبی زیاتر لە زمانی عەرەبیدا شارەزایی پەیدا کردووە و لەوانەوە فێری زمان پاراوی بووە، هەروەها هاوڕێ و دۆستی زۆربەی زانا و شاعیرانی سەردەمی خۆی بووە و لە سایەی ئەوانەوە پەرەی بە تواناکانی داوە لە زماندا لەو زانایانەیش (ئەبوو عومرانی موسا و سوکەری، ئەبووبەکری موحەمەدی کوڕی دورەید و ئەبولقاسمی کوڕی سەیفی بەغدادی و چەندانی تر).

گەشتەکانی موتەنەبی

گەشتکردنی بۆ شاری بەغداد

کاتی گەشتکردنی بۆ شاری بەغداد ناڕوونە، لە سەرەتای لاویدا کاتێك لە شاری کوفە نیشتەجێ بوو گەشتی کرد بۆ شاری بەغداد و لەوێ مایەوە.

گەشتکردن و کۆچکردنی بۆ وڵاتی شام

مێژووناسان ساڵی 321ـی کۆچیان دیاری کردووە بۆ گەشتکردنی موتەنەبی بۆ وڵاتی شام، لەو کاتەدا تەمەنی 18 ساڵان بووە و تامەزرۆی پلە و پۆست بووە لە وڵاتی شام سەیفی دەولەی حەمدانی ئەو کاتە دەستی بەسەر شاری حەلەب گرت و چەند جەنگێکی بەرپاکرد لە وڵاتی شام، موتەنەبی ئەوەی بە هەل وەرگرت، چەندان شیعری ستایشی بۆ جەنگاوەر و پیاوانی دەسەڵاتدارانی عەرەبی ئەو سەردەمە نووسیوە، پاش ماوەیەك مانەوەی لە وڵاتی شام بە هۆێ شیعرە بەهێزەکانی لە ستایشکردنی سەیفی دەولەی حەمدانی، توانی خۆی لێ نزیك بکاتەوە و پەیوەندیەکی دۆستانە لە نێوانیاندا درووستبوو، لە ژێر ڕکێفی ئەودا خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی بەڕێکرد، لە ماوەی نۆ ساڵدا نزیکەی هەشتا شیعری ستایش و پیاهەڵدانی بۆ نووسیوە، شیعرەکانی لە باشترین و بەهێزترین شیعری عەرەبی ئەو سەردەمە و ئێستاشە، بەهۆی نزیکی لە سەیفی دەولە و پەیوەندییەکەیان کەسانی دەوروبەری ئیرەییەکی زۆریان هەبوو بەرامبەری و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەبوون دووبەرەکی لە نێوانیان درووست بکەن و هاوڕێتییەکەیان لەناوبەرن، تاکوو لە کۆتایدا سەرکەوتوو بوون و موتەنەبی و سەیفی دەولە نێوانیان تێکچوو، موتەنەبی بڕیاریدا وڵاتی شام بەجێبهێڵێت.

گەشتکردن و کۆچکردنی بۆ وڵاتی میسڕ

لە ساڵی 340ـی کۆچی وڵاتی شامی بەجێهێشت دڵ شکاوی و بێدەسەڵاتی ڕووی لەو وڵاتی میسڕ کرد موتەنەبی ویستی خۆی نزیک بکاتەوە لە کافووری ئەخشیدی دەسەڵاتداری ئەوکاتەی وڵاتی میسڕ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ شیعری ستایش و پیاهەڵدانی بۆ نووسییەوە بە ئومێدی ئەوەی داواکارییەکانی جێبەجێ بکات، موتەنەبی هیچ ڕێز و خۆشەویستییەکی بۆ کافوور نەبوو، بەڵکو تەنها ستایشی دەکرد بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی، بۆیە کافووریش ئاگای لەوە هەبوو کە موتەنەبی ڕێزی ناگرێت بەڵکوو تەنها دەیەوێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت، بۆیە هیچ لە خواست و داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو دژایەتی کرد و ژیانی لێ قورس کرد، موتەنەبی ماوەی ژیانکردنی لە میسڕ زۆر دژوار و قورس بووە، و زۆر دەردەسەری و ناخۆشی چەشتووە، بۆیە شیعرەکانی ئەو سەردەمەی زۆر تایبەتمەندن و جیاوازن لە قۆناغەکانی تری ژیانی، وێنای ناخۆشی و تەنگەژەکانی ژیانی ئەو سەردەمەی دەکەن.

گەڕانەوەی بۆ وڵاتی عێڕاق

دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لە فەراهەمکردنی داواکارییەکانی لە لایەن کافووری دەسەڵاتداری  میسڕەوە، موتەنەبی بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ عێڕاق، لە نێوان شاری کوفە و بەغداد هاتووچۆی هەبوو، چووە لای چەند بەرپرس و دەسەڵاتدارێکی وڵات و شیعری ستایشی بۆ نووسینەوە، و لەسایەی ئەواندا دووبارە خۆشگوزەرانی بۆ گەڕایەوە.

کۆچی دوایی

لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتێك بۆ وڵاتی عێڕاق، لە لایەن کەسێک بە ناوی فاتك ئەسەدی کوژرا، موتەنەبی لە یەکێك لە شیعرەکانی بە خراپە باسی کردبوو، بۆیە ئەویش بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی داوبوو، لەگەڵ کۆمەڵێك لە پیاوانی عەشیرەتەکەی ڕێگریان کرد لە موتەنەبی کاتێك لە شیرازوە دەگەڕایەوە بۆ عێڕاق، لە ڕۆژئاوای بەغداد لە ناوچەی نوعمانییە ڕێگریان لە موتەنەبی و پیاوەکانی هاوەڵی کرد، موتەنەبی و هاوەڵانی لەسەر دەستی ئەو کوژران، شایەنی باسە چەندان چیرۆك هەیە لەسەر چۆنێتی و هۆکاری کوشتنەکەی، بەڵام مێژوونوسان ئەم چیرۆکە بە ڕاستترین دانێن.

پێگەی موتەنەبی و تایبەتمەندی شیعرەکانی

هیچ شاعیرێکی عەرەبی پێگەی مەزن و باڵا نییە وەکوو موتەنەبی لە نێو ئەدەبی عەرەبیدا، شیعرەکانی تاکوو ئێستا وەکوو سەرچاوە و بنەما دەخوێندرێت و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، شیعرەکانی تایبەتمەندە بە هێز و هەست و سۆزێکی ڕاستی بنیاتنراو لەسەر ئەزموونی ژیانکردنی خۆی، واتا وێنای ڕاستەقینەی ژیانی خۆیەتی، شیعرەکانی قووڵ و پڕ لە واتان، شێواز و ڕێبازی تایبەت بە خۆی هەبووە لە شیعر نووسیندا واتا و وشەی زۆر قورس و واتاداری هەڵبژاردووە بۆ شیعرەکانی و چەندان شیعر و دیوانی هەیە.


سەرچاوەکان



1732 بینین