دانیشتنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-21-21:19:00 - کۆدی بابەت: 6661
دانیشتنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵ لە تەمەنێکدا ئیتر خۆی دەتوانێت دابنیشێت بە بێ هیچ پاڵپشتیەک، کاتێک ماسوولکەکانی پشت و مل جێگیر دەبن وردە وردە منداڵەکە فێری دانیشتن دەبێت و پشت بە خۆی دەبەستێت.

تەمەنی گونجاو بۆ دانیشتنی منداڵ

منداڵ بە گشتی لە ٦ بۆ ٧ مانگی فێر دەبێت کە دابنیشێت بە هۆی پاڵپشتییەکەوە، پێش ئەمەش فێری خۆ سوڕاندن و خۆ خستنە سەر سک و هەروەها ڕاگرتنی سەری بووە، زۆرینەی منداڵان تاکوو ٩ مانگیش دەتوانن بە بێ پاڵپشتێک تاکوو چەند خولەکێک دابنیشن، هەروەها ئەو منداڵانەشی کە زۆر بە باشی دەتوانن دانیشن هێشتا چەند جارێک دەکەون چونکە منداڵ بە تەواوی ناتوانێت خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و یاخود لەوانەیە بێزار ببێت و بییەوێت ئیتر دانەنیشێت.

چ کاتێک بزانیت منداڵەکەت ئامادەیە بۆ دانیشتن؟

دانیشتنی منداڵ پەیوەندی بە جەستەی منداڵەکەوە هەیە، هەندێک منداڵ لە تەمەنی ٦ مانگییەوە دەتوانن دانیشن و هەندێکیشیان درێژە دەکێشێت تاکوو ١٠ مانگی.

نیشانەکانی ئامادەیی منداڵ بۆ دانیشتن

  • سەرەتا کاتێک منداڵەکەت ٢ مانگە و کاتێک لە باوەشی دەکەیت هەوڵ دەدات سەری لەسەر شانت جێگیر بکات.
  • کاتێک منداڵەکەت دەتوانێت لەسەر زەویەکە کاتی پاڵکەوتن خول بخوات و بسوڕێت بەو واتایە دێت کە ماسولکەکانی گەشەی باشیان کردووە و بەهێزتر بوون.
  • هەندێک کات منداڵەکە خۆی بە تەنها دەتوانێت لەسەر کورسی دابنیشێت بێ ئەوەی بکەوێت، هەرچەندە ئەمە ناتوانیت کاتێکی دیاریکراوی بۆ دابنێیت منداڵ هەیە لە ٦ مانگی و منداڵیش هەیە لە ٨ یاخود ٩ مانگیدا.

ڕۆڵی دایک و باوک لە فێرکردنی دانیشتنی منداڵدا

هەرچەندە هەرگیز نابێت زۆر لە منداڵەکەت بکەیت تاکوو دابنیشێت، چونکە منداڵ دەبێت ماسولکەکانی سەر و ملی بە تەواوی گەشە بکەن ئینجا توانای دانیشتنی دەبێت بۆیە زۆرلێکردن هەڵەیە، بەڵام بە یارمەتیدانی و ئەنجامدانی ئەم ڕاهێنانانە دەتوانیت ماسولکەکانی بەهێزتر بکەیت، گرنگە ئاگاداربیت پێش ئەوەی دەست بکەیت بەم ڕاهێنانانە منداڵەکەت دەبێت توانای ئەوەی هەبێت کە کاتێک لەسەر سنگی ڕاکشاوە سەری بەرز بکاتەوە.

چەند ڕاهێنانێک بۆ یارمەتیدانی منداڵ بۆ دانیشتنی

  • منداڵەکەت پاڵبخە بە پشتدا دواتر دەستەکانی بگرە و بە هێواشی بەرزی بکەرەوە، ئەم کارە ٣ بۆ ٤ جار دووبارە بکەرەوە.
  • منداڵەکەت لە باوەشتدا بگرە و بهێڵە کە پاڵ بدات بە تۆوە و دواتر بە هێواشی بەجێی بهێڵە و بەمەش دەتوانێت چەند چرکەیەک بە تەنهایی دابنیشێت.
  • منداڵەکەت بخە بە پشتدا و یارییەکی لەسەرییەوە بۆ دابنێ و ئەمە وادەکات کە بییەوێت بەرەو یارییەکە بچێت و بەمەش دەجوڵێت.
  • سەرینێک یاخود هەندێک جلوبەرگ بخەرە پشتی منداڵەکەتەوە دایبنێ بەم شێوەیە ماوەیەیەکی زۆر کەم با دابنیشێت.

تێبینی

ئەگەر هەست دەکەیت کە ئەم ڕاهێنانانە ئازاری منداڵەکەت دەدەن ئەوا زۆری لێ مەکە.

ئەگەر منداڵەکەت دانەنیشت چی بکەیت؟

ئەگەر منداڵەکەت تاکوو کۆتایی مانگی ٩ـی تەمەنی دانەنیشت پێویستە بیبەیتە لای پزیشک.

زیانەکانی زوو دانیشاندنی منداڵ

  • دایک و باوک بە هۆی خۆشەویستی زۆریان بۆ منداڵەکەیان و بۆ چاکەی ئەو دەست دەکەن بە زۆر دانیشاندنی منداڵەکەیان بەڵام نازانن کە ئەمە زیانێکی زۆر دەدات لە منداڵەکە، منداڵ پێویست دەکات خۆی دابنیشێت نەک بە زۆرلێکردن.
  • ماسولکەکانی دەست و قاچ و شان و ملی منداڵەکە لاواز دەکات و هەر بۆیە لەوانەیە منداڵەکە درەنگتر بتوانێت پێ بگرێت. 
  • زیان دەگەیەنێت بە پشتی منداڵەکەت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا کێشەی دڕکە پەتکی بۆ دروست ببێت.
  • جوڵەی جەستەیی منداڵەکە کەم دەکاتەوە.
  • کێشە دروست دەکات لە گەشەکردنی ئاسایی منداڵەکەدا.
  • زۆر لێکردنی واتە ناهێڵیت ماوەیەکی زیاتر لە سەر سنگی بێت و سنگە خشە بکات و بەمەش جوڵەی کەم دەکات.

جیاوازی نێوان دانیشتنی کوڕ و دانیشتنی کچ

لە کۆندا وتراوە کە منداڵی کوڕ زووتر لە منداڵی کچ دەکەوێت بە دەمدا و سنگە خشە دەکات و دەتوانێت دابنیشێت، بەڵام ئەمانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و دانیشتنی منداڵ چ کوڕ بێت یان کچ پەیوەندی هەیە بە ماسولکەکانی جەستەی منداڵەکەوە و تاکوو ماسولکەکان بەهێزتر بن منداڵەکە زووتر دەتوانێت دابنیشێت.


سەرچاوەکان



3225 بینین