جیاوازی نێوان ڕێبازەکانی ئیسلام

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-26-14:30:00 - کۆدی بابەت: 6720
جیاوازی نێوان ڕێبازەکانی ئیسلام

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

لە ئاینی ئیسلامدا چوار ڕێبازی سەرەکی هەیە ئەوانیش: رێبازی شافعی و مالیكی و حەنەفی و حەنبەلی، ڕێباز واتا شوێنکەوتن و ڕێچکە گرتنی یەکیك لەو ڕێبازانە و جێبەجێکردنی زانستە شەرعییەکانی ئیسلام بە پێی فەتوا و یاسای ئەو ڕێبازە. 

مێژووی دەرکەوتنی ڕێبازەکانی ئیسلام 

ڕێبازەکانی ئیسلام لە سەردەمی پاش"صحابة و التابعين"هاوەڵان و شوێنکەوتوانی هاوەڵانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەرکەوتن، ژمارەیەك شوێنکەوتوان زانستە شەرعییەکانیان لە هاوەڵانی پێغەمبەر وەرگرتووە لەو هاوەڵانەش: زەیدی کوڕی سابت، عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود و عەبدوڵڵای کوڕی عەباس.

هەندێك لە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) زانستە شەرعییەکانییان لە دایکە عایشەوە وەرگرتووە و تۆماریان کردووە لەوانە: عوروەی کوڕی زوبێر، بە هۆی دەرکەوتنی ئەو ژمارە زۆرەی زانا  شوێنکەوتووەکانی هاوەڵان لە نێو نیمچە دوورگەی عەرەبی و بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام لە هەموو جیهان و موسوڵمان بوونی نەتەوە جیاوازەکان، هەروەها گرفتی تێگەیشتن لە فەرموودە و دەقە شەرعییەکان، لەم سەر بەندەدا ژمارەیەك زانا و کەسایەتی ئاینی دەرکەوتن و خەڵکیان فێری بنەماکانی ئاین دەکرد، لە نێو جیهانی ئیسلامیدا کۆمەڵێك زانای زۆر بە توانا و لێزان و شارەزا لە بابەتە ئاینییەکان و دیاریکردنی حەڵاڵ و قەدەغەکراوەکان دەرکەوتن و بوونە پێشەنگی موسوڵمانان، هەر یەکێك لەم ڕێبازانە زانای ئاینی و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە.

هەروەها بنەمای سەرەکی هەر چوار ڕێبازەکە قورئان و ڕێبازی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و گێڕانەوەی هاوەڵان و شوێنکەوتوانی هاوەڵانە، لە بابەتە بنچینەییە ڕوونەکانی ئیسلام و حەڵاڵ و قەدەغەکراوەکاندا هیچ جیاوازییەك نییە لە نێو ئەم ڕێبازانە، بەڵکوو جیاوازی تەنها لە سەر هەندێك بابەتی لاوەکی شەریعەتە. 

هۆکاری جیاوازی نێوان ڕێبازەکانی ئیسلام 

هۆکارەکانی  پەیوەندیدار بە زمانەوانی و واتازانی

لە زمانی عەرەبیدا هەندێك وشەی تایبەت هەیە کە چەند واتایەك دەدات، بۆ نموونە لە سوڕەتی البقرة ئایەتی 228 خودای گەورە لەسەر بابەتەی تەڵاق دەفەرموێت: {وَالْمُطَلَّقَاتُ يَتَرَبَّصْنَ بِأَنْفُسِهِنَّ ثَلَاثَةَ قُرُوءٍ} واتا: عیدده‌ی ژنی ته‌ڵاقدراو، ئه‌و ژنانه‌ی پاش چوونه‌ لایان ته‌ڵاق دران، تا سێ پاكیی ده‌بێ خۆیان بگرن ومێرد نه‌كه‌نه‌وه‌، (قوروء) له‌سه‌ر وته‌ی ئیمامی شافیعی و ئیمامی مالیك پاكیه‌، لەسەر وته‌ی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌  و ئیمامی ئه‌حمه‌دی کوڕی حەنبەل واتای سێ سوڕی مانگانەیە، ده‌بێت ئەو ماوەیە شوو نەکەنەوە، له‌ پاشان ئاره‌زووی خۆیانه‌ ئەگەر شوو بكه‌نه‌وه‌ یان نا. لەسەر وشەی "قوروء" کە واتای پاکی یاخود سوڕی مانگانەیە، زانایان ڕای جیاوازیان لە سەر ماوەی عیددەی ژنی تەڵاقدراو هەیە.

هۆکارەکانی پەیوەندیدار بە ڕوایەت و گێڕانەوەی سونەتەکان و فەرموودەکان

هەندێك فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) بە هۆی ئەوەی چەند کەسێك گێڕانەوەی بۆ کردووە، زانای ڕێبازەکان کۆک نیین لەسەری و چەند ڕاو بۆچوون و دیدگایەکی جیاوازیان هەیە، هەندێ کاتیش بە هۆی ڕاڤەکردن و تێگەیشتنی جیاوازی زاناکان بۆ فەرموودەکان ڕاجیایی درووست دەبێت. 

ئادابەکانی جیاوازی نێوان خاوەن ڕێبازەکانی ئیسلام 

لە کتێبەکانی مێژوودا بەڵگەی زۆر هەیە کە خاوەن ڕێبازەکانی ئیسلام چەند رێزیان لە جیاوازییەکانی یەکتر گرتووە، جیاوازییەکانی نێوانیان نەبووەتە هۆکاری دووبەرەکی، و هەمیشە باوەڕیان بە فەتوا و ڕێبازەکانی یەکتر هەبووە و تەبایی لە نێوانیاندا بەرقەرار بووە، نموونەی ئەو ڕوودا و هەڵوێستانە زۆرن کە چەند پاڵپشتی یەکترییان کردووە لەوانە، ئیمامی شافیعی خوێندکاری ئیمامی مالیك بووە و هەمیشە ئەوی بە مامۆستای خۆی داناوە وتوویەتی ئەگەر هەرچی قسە و باسێکتان لەلایەن ئیمامی مالیکەوە پێگەیشت ئەوا ڕاستە و شوێنی بکەون، نموونەیەکی تر لە تەبایی و ڕێزی نێوان ئیمامەکانی خاوەن ڕێبازەکان ئەوەیە کاتێك پرسیاریان لە بارەی ئیمامی شافعی کرد لە ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل وەڵامی دایەوە گوتی ئیمامی شافعی وەکوو خۆرێکی درەوشاوە بووە بۆ هەموو جیهان، وەکوو چاکە و خێرە بۆ خەڵکی.

گرنگی و حیکمەتی جیاوازی نێوان ڕێبازەکانی ئیسلام

ڕاجیایی و جیاوازی دیدگای نێوان ڕێبازەکانی ئیسلام نابنە هۆکاری گومڕایی و ناتەبایی و دووبەرەکی، بەڵکوو دەرخستنی فراوانی و ئازادی بیروڕا و بەرتەسک نەکردنەوەی ئاینە لە کۆمەڵگەدا، و بە پێی سەردەم و کات و شوێن فەتوا و بڕیارەکان دەگونجێن.

بۆیە لە ئیسلامدا دەتوانین بڵێین چوار خوێندنگەی بەناوبانگ و پشت پێ بەستراو هەن کە پشتیان پێدەبەسترێت لە بابەتە شەرعی و ئاینییەکاندا، هەر یەکێکیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، هەر چواریان درووست و باوەڕ پێکراوە و لە بیر و بڕوادا و بنەمایان قورئانی پیرۆز و سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر محەمەدە (د.خ). 


سەرچاوەکان



1047 بینین