کوللە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-29-11:15:00 - کۆدی بابەت: 6748
کوللە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کوللە (بە عەرەبی: جراد، بە ئینگلیزی: locust یان grasshopper)، کوللەکان مێروون لە کۆمەڵەی باڵ ڕێکەکان، لە هەموو جیهاندا زیاد لە ٢٠ هەزاری جۆری جیاوازی هەیە، کە لە ژێر ٢٨ خێزاندا دانراون، لە هەموو نشینگەکاندا هەن جگە لە ناوچە بەستووەکانی جەمسەرەکان، کوللە گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە و بەتەنها دەژی، تەنها کاتی یەکگرتن نەبێت یاخود ئەو جۆرانەی کە کۆچەرین کۆمەڵەی ملیۆنان و ملیاران دەبن و پێکەوە کۆچدەکەن، ئەو دەنگە میوزیکییەی کە دەریدەکات لە ئەنجامی خوراندنی دوو پێی کۆتاییەتی و خشاندنیەتی لە باڵەکانی، و لە کاتی فڕیندا دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ١٢,٨٧ کیلۆمەتر ببڕێت واتە نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر.

شێوەی دەرەوەی

کوللەکان هاوشێوەی ئەو مێرووانەیە کە پێیەکانی دواوەی زۆر بەهێزن و هاوکارییەتی لە بازدان، درێژی مەودای بازدانەکانی ٢٠ هێندەی قەبارەکەی خۆیەتی، کە درێژی کوللە پێگەیشتووەکان لە نێوان ٣-١٣ سم دەبێت، بەڵام قەبارەی مێینەکان گەورەترن بە بەراورد بە نێرینەکان، شێوازی دروستبوونی کوللە بریتییە لە سەر و سنگ و سک (کە دابەشبووە بۆ ١١ بەش) لەگەڵ ٦ پێ، هاوشێوەی هەموو گیانەوەرە پێ جومگەدارەکانی دیکە جەستەی بە چینێک کیتین ڕوپۆشکراوە، دەمی ددانی تیژی تێدایە و سەریشی دوو شاخی بچووکی تایبەتمەندی پێوەیە کە بۆ هەستکردن بەکاردێت، کە دوو جۆرن شاخەکانی بە گوێرەی درێژییەکەی، هەندێک لە کولـلەکان شاخەکانیان درێژە و ئەوانی دیکە کورتە، هەروەها هەندێک لە کوللەکان ڕەنگی کراوە  هەیە لەسەر باڵەکانیان کە بۆ سەرنجڕاکێشانی مێینەکان بەکاردێت.

خۆراک

ئەم مێرووانە ڕووەکخۆرن، بەڕۆژدا چالاکن و خۆراک دەخۆن بەڵام هەندێک جار بە شەویشدا چالاک دەبن، کولـلە لەبەرئەوەی قەبارەی بچووکە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە بڕێکی کەم خۆراک دەخوات، بەڵکو بە کۆمەڵە و پێکەوە توانای خواردنی ١٠٠ تەن ڕووەکیان لە یەک کیلۆمەتردا لە ڕۆژێکدا، هەر کوللەیەک بە شێوەیەکی ئاسایی دەتوانێت ١٦ هێندەی کێشی جەستەی خۆراک بخوات، هەروەها کوللەکان دەتوانن گەڵا و گوڵ و خونچە و بەر و تۆوەکانیش بخۆن، هەندێک لە جۆرەکانیان ڕووەکی ژەهراوی دەخۆن و دواتر ژەهرەکە لە جەستەیاندا هەڵدەگرن بۆ پاراستنیان، سەرەڕای ئەوەی کوللەکان ڕەنگیان تێر و کراوەیە کە ئاماژەیە بۆ ئاژەڵەکانی دیکە بەوەی کە تامی ناخۆشە، بەڵام لە سروشتدا دوژمنیان زۆرە باڵندە و مشک و مار و قالۆنچە و جاڵجاڵۆکەکان دەیانخۆن، هەروەها بە خۆراکی پەسەندی زۆرینەی گەلەکانی ئاسیا و وڵاتە عەرەبییەکان دادەنرێت، چونکە ئەم جۆرە مێرووە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و چەوری و کانزاکان، کوللەکان لێهاتوون لە خۆحەشاردان لە نێو گژوگیادا، هەرکاتێک مرۆڤ یاخود گیانەوەری دیکە بیگرێت، خێرا خۆی دەکێشیت بە زەویدا و بازدەدات بۆ نێو گژوگیای بەرز بۆ خۆپاراستن.

زۆربوون و سوڕی ژیان

ماوەی یەکگرتنی نێرینە و مێینەی کوللەکان لە نێوان ٣-١٤ کاتژمێردایە، دواتر مێینەکان هێلکەکانیان لە ژێر زەویدا دادەنێن، کە سەرەتا چاڵی بۆ هەڵدەکەنن بە سود وەرگرتن لە ئامێرێکی تیژ کە هاوشێوەی شمشێرە، دواتر هێلکەکانی تێدەخات و شلەیەک دەکات بەسەریدا کە پارێزگارییان لێدەکات لە سەرما، دەکرێت ژمارەی هێلکەکانی لە نێوان ٩٥-١٥٨ هێلکە بێت و زیاد لە جارێک دەتوانن هێلکە دابنێن لە ژیانیاندا، دوای نزیکەی مانگێک لە دانانیان هێلکەکان هەڵدێن و دەڕۆنە قۆناغی پەرەسەندنەوە، سوڕی ژیانی کوللەکان بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت سەرەتا هێلکە و دواتر پێکزڕە (قۆناغێکی ژیانی هەندێک لە پێ جومگەییەکانە)، و لە کۆتایدا قۆناغی پێگەیشتن، ماوەی هەر قۆناغێکیش بە گوێرەی کەشوهەوا دەگۆڕێت.   

جۆرە سەرەکییەکانی

لە بنەڕەتدا کوللەکان پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆری سەرەکی، کە بریتین لە کوللە کۆچەرییەکان و کولە جێگیرەکان، بەڵام ئەمانە نموونەی باوترین جۆرەکانی کوللەن لە جیهاندا:

  • کوللەی بیابان: توانای گەشتکردنی بۆ مەودای درێژ هەیە، و لە ناوچە گەرمەکاندا دەژی.
  • کوللەی کۆچەری ئەفریقی.
  • کوللەی کۆچەری ڕۆژهەڵاتی: دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
  • کوللەی سوور: دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.
  • کوللەی قاوەیی: دەکەونە باشووری ئەفریقا.
  • کوللەی میسڕی.
  • کوللەی ئوستوڕالی.
  • کوللەی درەخت: دەکەونە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتەوە.
  • کوللەی مەغریبی.


سەرچاوەکان



2111 بینین