لێکەوتەکانی منداڵبوونی سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-01-00:24:00 - کۆدی بابەت: 6762
لێکەوتەکانی منداڵبوونی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی سروشتیش زیانی هەیە؟

منداڵبوونی سروشتی باشترین ڕێگایە بۆ منداڵبوون، چونکە وەک لە ناوەکەیدا دیارە سروشتییە هەروەها سوودی زۆری هەیە بۆ دایک و منداڵەکەش، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا خانمان بە سروشتی منداڵیان دەبێت و تاکوو زۆر ناچار نەبن پزیشک بڕیار نادات کە نەشتەرگەرییان بۆ بکات، بەڵام منداڵبوونی سروشتی لەگەڵ ئەو هەموو سوودانەشدا کۆمەڵێک لێکەوت و زیانی هەیە بۆ دایک و کۆرپەکە.

لێکەوتە خراپەکانی منداڵبوونی سروشتی 

دڕانی خوارەوەی زێ

خوارەوەی زێ بەشێکی نەرمە دەکەوێتە نێوان زێ و کۆم کە کێشی دێت لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا تاکوو پڕۆسەی منداڵبوونەکە ئاسانتر بێت، ئەم دڕانە زۆر قورس و ئازاربەخشە.

چی بکرێت تاکوو مەترسی دڕانی بەشی خوارەوەی زێ کەم ببێتەوە؟

  • دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی بڕینی بەشی خوارەوەی زێ ئەگەر پێویست نەبوو.
  • منداڵبوون بەپێوە، چونکە فشار کەم دەکاتەوە لەسەر ئەو ناوچەیە.
  • دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی ئازارشکێن.
  • داواکردنی یارمەتی لە کەسانی دەوروبەرت لە کاتی پاڵنانت بە منداڵەکەتەوە بۆ هاتنە دەرەوەی.
  • دانانی جەوەنەی گەرم لەسەر بەشی خوارەوەی زێ کە مەترسی دڕان و خوێنبەربوون کەمتر دەکاتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە پەلەکردن و پاڵنان بە منداڵەکەوە بە شێوەیەکی خێرا.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئامێری موکێشی گەورە بۆ دەرهێنانی منداڵەکە.

زیان گەیشتن بە ناوچەی حەوز

لە هەندێک کاتدا ماسولکەکانی ناوچەی حەوز لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا زیانیان بەردەکەوێت، کە خانمان ماوەیەک دوای منداڵبوون ئازاریان هەیە لەناوچەی حەوزدا، ئەو دایکانەی کە قەڵەوون و کێشیان زۆرە ئەم ئازارەیان زیاتر تووش دەبێت.

چی بکرێت تاکوو مەترسی ئازاری ناوچەی حەوز کەمتر بێت؟

  • مەساج کردنی بەردەوام کە لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا منداڵبوونەکە ئاسانتر دەکات.
  • وەرزش و ڕاهێنانی تایبەت بە ناوچەی حەوز لە ماوەی دووگیانیدا.
  • منداڵبوون بە پێوە.
  • دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی بڕینی بەشی خوارەوەی زێ ئەگەر پێویست نەبوو.
  • دوورکەوتنەوە لە هەندێک جوڵەی قورس کە زیان دەگەیەنێت بە ناوچەی حەوز.

داکەوتنی ناوچەی حەوز

کاتێک کە ماسولکەکانی ناوچەی حەوز زیانیان پێدەگات خانمەکە تووشی داکەوتنی ناوچەی حەوزی دەبێت و بە گشتی کۆم و ناوچەی خوارەوەی زێ و منداڵدان زیانیان پێ دەگات لەم داکەوتنەدا.
ئەو خانمانەی تەمەنیان زیاترە یاخود کێشیان زۆرە زیاتر ئەگەری هەیە کە تووشی ئەم حاڵەتە ببن.

هەوکردنی پاش منداڵبوون

لەوانەیە هەندێک جار بە هۆی بێ ئاگایی و چاودێری نەکردنی برینەکەوە شوێنی تەقەڵەکان تووشی هەوکردن ببێت.

خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون

ئەم خوێنبەربوونە لەوانەیە لە کاتی درێژە کێشانی منداڵبوونەکە و کۆنەبوونەوەی منداڵدان بە شێوەیەکی ئاسایی و هەروەها گیربوونی سەری منداڵەکە لە ناوەوەی حەوز و تەقینی منداڵدان ڕووبدات، کە ئەمانە دەگمەنن.

گۆڕانی شێوەی زێ و ئەندامەکانی دیکە

بە هۆی فشاری زۆرەوە زێ دەکشێت و ئەندامەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، بەمەش دەکرێت شێوەی بگۆڕێت، بەڵام بە وەرزش و ڕاهێنانی تایبەت ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت.

گیربوونی شانی منداڵ

ئەو خانمانەی کە باڵایان کورتە یاخود شەکرەی کاتی دووگیانیان هەیە و یاخود بۆ هێنانە دەرەوەی سەری منداڵەکە سوود لە ئامێر وەردەگرن ئەگەری ئەوەی کە شانەکانی منداڵەکە گیر بکات، کە دەتوانێتت ببێتە هۆی زیان گەیشتن بە زێ و خوێنبەربوون 

نەگەشتنی ئۆکسجین بە منداڵ

لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا ئۆکسجین ناگات بە منداڵەکە و بەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر مێشکی منداڵەکە

کۆنتڕۆڵ نەکردنی میز و پیسایی

گەر چی ئەگەری ئەم حاڵەتە لە منداڵبوون بە نەشتەرگەریشدا بوونی هەیە بەڵام لە منداڵبوونی سروشتیدا زیاتر و باوترە، کاتێک منداڵبوونەکە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ڕێڕەووی میز و کۆم ئەو ناوچانەش دەکشێن، هەروەها ئەگەر خانمێک بڕینەکەی زۆر بێت ئەگەری ڕوودانی ئەمەی زیاترە.

ئەو هۆکارانە چین وادەکەن کە مەترسی ئەم حاڵەتە زیاتر ببێت؟

  • درێژە کێشانی کاتی منداڵبوون.
  • گەورەیی قەبارەی منداڵ.
  • قەڵەوویی دایکەکە.
  • جگەرەکێشان و خواردنەوە کحوولییەکان.
  • هۆکاری بۆماوەیی.
  • پێشینەی چەند منداڵبوونێک بە ڕێگای سروشتی.

گیربوونی وێڵاش لە منداڵداندا

لەوانەیە وێڵاشەکە لە منداڵدان جیاببێتەوە بەڵام لە پشت دیواری منداڵدانەوە گیربکات، هەندێک کات بە ڕاکێشانی ناوکەپەتک وێڵاشیش دێتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر ناوکەپەتک ناسک بێت و بقرتێت، ئەوا وێڵاشەکە لە ناو منداڵداندا دەمێنێتەوە و زۆرجار بە گرژبوونێکی تری منداڵدان وێڵاشەکەش دێتە دەرەوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەر لەوێ دەمێنێتەوە، کە نیشانەکانی ئەمانەن:

  • تا.
  • خوێنبەربوونی توند.
  • ئازاری سک.
  • دەردراوی بۆن ناخۆش لە زێدا.
  • کەمبوونەوەی شیری دایک.

ئەگەر خانمێک ئەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبێت، ئەگەری ئەم لێکەوتە خراپانەی زیاترە

تێبینی

هەموو ئەم لێکەوتە خراپانەی منداڵبوونی سروشتی کاتیین و نامێنن، باشترین جۆری منداڵبوون منداڵبوونی سروشتییە و مەترسییەکانی زۆر کەمترە لە منداڵبوون به نەشتەرگەری بۆ دایک و منداڵەکەشی.


سەرچاوەکان



2838 بینین