ڕێنمایی بۆ کاتی لەگەچگرتنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-01-12:54:00 - کۆدی بابەت: 6763
ڕێنمایی بۆ کاتی لەگەچگرتنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک منداڵێک دەست یاخود قاچی دەشکێت و زیانی پێ دەگات لە گەچ دەگیرێت تاکوو چارەسەر ببێت، دەبێت دایک و باوک ئاگاداری منداڵەکەیان بن و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ گەچەکەدا دەکەن.

ڕێنماییەکان چین کاتێک منداڵەکەت دەست یان قاچی لە گەچدایە؟

گەچەکە بە وشکی بهێڵەرەوە

مەهێڵە ئەو ماوەیە منداڵەکەت شوێنی گەچەکە تەڕ بکات، خۆت بیشۆ و ئاگاداربە تەڕ نەبێت، هەروەها مەهێڵە مەلە بکات، چونکە تەڕبوون دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەشی دەرەوەی گەچەکە و تەڕبوونی بەشی ناوەوەی.

سەرنجی هەر حاڵەتێکی نائاسایی بدە

دوای شکان کەمێک هەڵئاوسان ئاساییە لەو ناوچەیەدا، بەڵام هەر کاتێک هەڵئاوسانێکی زۆر کە شینبوونەوەشی لەگەڵدا بێت دەبێت سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

بەرز کردنەوە

ئەو شوێنەی منداڵەکەت دەست بێت یاخود قاچی کاتێک کە شکا و لە گەچدا بوو دەبێت بەرز ڕایگریت تاکوو چەند ڕۆژێک.

هیچ پێکهاتەیەک بەکارمەهێنە

کاتێک شکان ڕوودەدات و شوێنەکەی لە گەچدایە، کاتی چاکبوونەوەی پێستەکەی دەخورێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک نابێت هیچ پاودەر و دەرمانێک بەکاربهێنیت بۆ نەمانی خوورانەکەی.

ئاگاداری پێستەکەی بە

ئەو شوێنەیەی کە لە گەچدایە، زوو زوو سەیری پێستەکەی بکە و ئاگاداری هەر هەوکردن و سووربوونەوە و شینبوونەوەیەکی ببە.

وشککەرەوە بەکاربهێنە

وشککەرەوە بخەرە سەر هەوا ساردەکەی و دەمەکەی بخەرە سەر ئەو شوێنانەی گەچەکە کە ڕێڕەوێکی تێدایە تاکوو هەوای ساردی بۆ بڕوات.

مەهێڵە بیخورێنێت

بە هیچ شێوازێک نەهێڵیت کە منداڵەکەت هیچ جۆرە ئامێرێک و شتێک بباتە ناو گەچەکەوە تاکوو بیخورێنێت، ئەگەر هاتوو خوورانەکەی زۆر بێزارکەربوو و بەردەوام دەخورا سەردانی پزیشک بکەن تاکوو چارەسەری تایبەتی بۆ دابنێت.

بهێڵە وێنە بکێشێت لەسەر گەچەکە

با منداڵەکەت و هاوڕێکانی پێکەوە لەسەر گەچەکە وێنە بکێشن و شت بنووسن، هەڵبەتە بە مەرجێک کە پەستان نەخەنە سەر گەچەکە.


سەرچاوەکان



336 بینین