هەڵە باوەکانی نوێژخوێنان لە کاتی نوێژکردن 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-05-14:07:00 - کۆدی بابەت: 6797
هەڵە باوەکانی نوێژخوێنان لە کاتی نوێژکردن 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نوێژ یەکێکە لە پایەکانی ئیسلام، ئەرکێکی سەپێنراو و فەرزە لەسەر هەموو موسوڵمانێك لە شەو و ڕۆژێکدا پێویستە پێنج جار نوێژ بکات، نوێژ خۆراکی ڕووحە و لە پەرستشە بایەخدارەکانی ژیانی باوەڕدارانە، ئەگەر کەسی ئیماندار لە ژیانی دونیایدا نوێژێکی ڕاست و درووست ئەنجام بدات ئەوا دەروون و ڕووحی ئارام دەبێت هەروەها لە خووڕەوشت و کاری خراپ پارێزراو دەبێت بە بەڵگە و دەقی ئایەتی قورئانی لە سوڕەتی العنكبوت ئایەتی 45 خودای باڵادەست دەفەرمووێت: {وَأَقِمِ الصَّلَاةَ إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ} واتا: بە بەردەوامی نوێژ ئەنجام بدە، به‌ڕاستی نوێژی درووست و ڕاست به‌رهه‌ڵستی و بەرگری لە نوێژخوێن دەکات له‌ كاری خراپ و ناپه‌سه‌ند و گوناهو تاوان.

لە ڕۆژی دواییشدا ئەو نوێژە دەبێتە هۆکاری چوونە بەهەشت، لە سەر بناغەی ئەنجامی نوێژکردن پێوەر بۆ کردەوەکانی تر دادەنرێت، بۆیە بە هۆی پێویستی و گرنگی ئەم پەرستشە، نوێژخوێن دەبێت زۆر ئاگادار بێت لەگەڵ تایبەتمەندی و مەرجە سەرەکییەکانی نوێژدا، گرنگی بە چەند وردەکارییەکیش بدات، چوونکە هەندێك کات لە کاتی نوێژکردندا چەند ڕەفتارێك ئەنجام دەدەرێت بێ ئەوەی کەسی نوێژخوێن بزانێت هەڵەیە و نادرووستە و قەدەغەکراوە.

هەڵە باوەکانی نوێژخوێنان لە کاتی نوێژکردندا

نییەت هێنان بە دەنگی بەرز

نییەت هێنان لە مەرجە سەرەکییەکانی نوێژ کردنە، نییەت و نیاز کردن بۆ ئەنجامدانی هەرکارێك پێویستە لە ناخی دڵەوە بێت، بۆیە یەکێك لە دیارترین هەڵە باوەکانی هەندێك لە نوێژخوێنان ئەوەیە کە بە دەم و بە ئاشکرا نییەت دێنن بۆ نوێژکردن.

نوێژکردن بە دانیشتنەوە، لەگەڵ ئەوەی توانای هەیە بە پێوە ئەنجامی بدات

بە پێوە وەستان لە مەرجە سەرەکییەکانی نوێژکردنە خودای گەورە ئاماژەی پێداوە لە سوڕەتی البقرة ئایەتی 238 دەفەرموێت: {حَافِظُوا عَلَى الصَّلَوَاتِ وَالصَّلَاةِ الْوُسْطَىٰ وَقُومُوا لِلَّـهِ قَانِتِينَ} واتا: ئاگاداری نوێژه‌کانتان بکه‌ن به‌ تایبه‌تی نوێژی ناوه‌ڕاست که‌ نوێژی عه‌سره‌، له‌ نوێژدا بوه‌ستن بۆ خودا به‌گه‌ردن که‌چی و بێ قسه‌کردن، بۆیە ناکرێت بەبێ هۆکار بە دانیشتنەوە نوێژ ئەنجام بدرێت، تەنها مەگەر چەند هۆکارێکی پێویست و گرنگ نەبێت، لەوانە هۆکارە تەندروستییەکان.

بە هەڵە خوێندنەوەی قورئان لە نوێژدا

پێویستە بە ئارامی و لەسەرخۆیی ئایەتەکانی سوڕەتەکانی قورئان بخوێندرێتەوە، و بە جوانی دانبنرێت بە پیت و وشەکاندا و بە خێرایی نەخوێندرێنەوە.

نەکردنی تەکبیرەی ئیحرام (الله اكبر)ی دەستپێك

ئەم حاڵەتە لە کاتی نوێژکردنی بە کۆمەڵدا زۆر هەیە کاتێك نوێژخوێن دوادەکەوێت بۆ نوێژی بە کۆمەڵ، ئەگەر پێشنوێژ (ئیمام) و نوێژخوێنەکانی تر لە ڕکوع یان کڕنووش (سجود) بردندا بن، بە خێرایی ئەویش دەچێتە ڕکوع یان کڕنووش بە بێ وتنی "اللە أكبر" لە سەرەتای نوێژەکەدا.

نەگەشتن بە ئاسوودەیی و ئارامی (خشوع)

لە کاتی ئەنجامدانی ڕووکنەکانی نوێژدا وەکوو: چەماندنەوە، نووشتانەوە، سەردانەواندن يان كڕنووش بردن، پێویستە بە لەسەرخۆیی و بە هێمنی ئەم کارانە ئەنجام بدرێن، تاکوو هەموو ئەندامەکانی لەش بگەن بەو ئارامی و ئاسوودەییە کە نوێژ دەستەبەری دەکات، خێرا کردن و هەوڵدان بۆ زوو تەواوکردن، و هەروەها بە جێگەیاندنی نوێژەکە وەکوو ڕۆتینێك و کارێکی دووبارەی ڕۆژانە، ڕێگر دەبن لە گەیشتن بەو "خشوع" و ئاسوودەییەی ناخ کە نوێژ فەراهەمی دەکات.

چاو هەڵبڕین و سەیرکردنی ئەملاولا

ئەم هەڵەیە زۆر باوە لە نێوان نوێژخوێنان، پێویستە لە کاتی نوێژکردن سەیری شوێنی کڕنووش بردنەکەت بکەیت و ئاڕاستەی سەرت نە زۆر بەرز بێت بەرەو ئاسمان نە زۆریش خوار بێت.

بە جێگەیاندنی نوێژە سوننەتەکانی دوای نوێژ لە مزگەوت

پێویستە نوێژە فەرزەکان لە مزگەوت ئەنجام بدرێت، نوێژە سوننەتەکان (نافلة) دەکرێت لە مزگەوت بکرێت، بەڵام لە ماڵ بکرێت باشتر و پەسەندترە و خێری زیاترە، حیکمەت و مەزنی ئەم کارە ئەوەیە کە نوێژکردنی باوك و سەرگەورە لە ماڵەوە هاندەر دەبێت بۆ نوێژکردنی خێزان و منداڵەکانی.

پێشکەوتن و پێشڕەوی کردنی ئیمام

لە کاتی نوێژکردنی بە کۆمەڵدا، درووست نییە بە هۆی خێرایی و پەلەپەل کردن نوێژخوێن پێش ئیمام بکەوێت لە چەماندنەوە، نووشتانەوە، کڕنووش بردندا، کارێکی نادرووستە و هەڵەیەکی گەوری نوێژکردنی بەکۆمەڵە.

بۆنی ناخۆشی ناو دەم

بە هۆی خواردنی هەندێك خۆراك کە دەبنە هۆی درووستبوونی بۆنی ناخۆشی ناو دەم وەکوو پیاز و سیر و توور و کەوەر، لە کاتی نوێژی بە کۆمەڵدا ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی نوێژخوێنی تەنیشتت بێزار بکات، بۆیە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) لە فەرموودەیەکدا ئاماژەی داوە بەم حاڵەتە و دەفەرموێت: (مَن أَكَلَ البَصَلَ وَ الثُّومَ وَالكُرَّاثَ فَلا يَقرَبَنَّ مَسجِدَنَا، فَإِنَّ المَلائِكَةَ تَتَأَذَّى مِمَّا يَتَأَذَّى مِنهُ) واتا: هەرکەسێك ئەگەر پیاز یان سیر یان کەوەری خواردبێت با توخنی مزگەوت نەکەوێت، چوونکە فریشتەکان ئازار دەچێژن بەو شتەی کە دەبێتە هۆی ئازاردانی مرۆڤەکان، بۆنی ناخۆشی ناو دەمیش یەکێکە لەو کارانەی دەبنە هۆی بێزارکردن و ئازاردانی نوێژخوێنان. 


سەرچاوەکان



2711 بینین