سووتانی پلە یەک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-08-22:06:00 - کۆدی بابەت: 6833
سووتانی پلە یەک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتان سێ پلەی هەیە، پلەی یەکەمی سووتان سووتانێکە کە تێیدا بەشی سەرەوەی پێست دەسووتێت و کەمترین زیان دەگەیەنێت بە پێستەکە بەڵام زۆرترین ئازاری هەیە، کە حاڵەتێکی زۆر باو و ئازاربەخشە کە زیاتر لە ماڵەوەدا ڕوودەدات، بە تایبەت بۆ منداڵان و خانمان لە کاتی خواردن ئامادەکردندا، لێکۆڵەرەوان دەڵێن کە ٪٨٠ـی ئەو سووتانانەی کە بۆ منداڵ ڕوودەدات سووتانی پلە یەکە و بە هۆی ئاو و شلەمەنی گەرمەوەیە.

نیشانەکانی سووتانی پلە یەک

نیشانەکانی سووتانی پلە یەک بە گشتی کاتییە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک چاک دەبێتەوە، باوترین نیشانە کە لە سەرەتادا هەستی پێ دەکەیت سووربوونەوەیە، دواتر ئازار و ئاوسانە، ئازار و ئاوسانەکە زۆرجار زۆر کەمە و دوای تێپەڕبوونی ڕۆژێک نامێنێت و پێستەکە دەست دەکات بە نوێ بوونەوە.

چەند هۆکارێک کە دەبنە هۆی سووتانی پلە یەک

سووتان بە تیشکی خۆر

سووتان بە خۆر کاتێک ڕوودەدات کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەردەم تیشکی خۆردا بمێنیتەوە و کرێمی دژەخۆریشت بەکارنەهێنابێت، خۆر تیشکی سەروبنەوشەیی بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانێت زیان بگەیەنێت بە پێستەکەت و ببێتە هۆی سووربوونەوە و هەڵدانی پێستەکە.

سووتان بە شلەی گەرم 

سووتان بە شلەمەنی گەرم یەکێکە لە ڕێگا باوەکانی سووتانی منداڵی خوار تەمەن ٤ ساڵ، کاتێک لە ماڵەوە ئاوی گەرم و شلەی گەرم دەڕژێت پێتدا یاخود ئاوی گەرمی گەرماو هەموو ئەمانە هۆکارێکی دیکەن بۆ سووتانی پلە یەک.

سووتان بە کارەبا

هەندێک کەلوپەلی کارەبایی وەک سیم و وایەر زۆر جار دەبنە هۆی سووتان، منداڵی بچووک دەست دەکات بە دەمیدا و دواتر بە دەستی تەڕەوە کە دەست بدات لە سیم یاخود وایەرێک بە هۆی ئەو کارەباوە دەسوتێت.

چارەسەری سووتانی پلە یەک لە ماڵەوە

ئەگەر هاتوو قەبارەی سووتانەکە کەم بوو و هەروەها شوێنێکی هەستیاری جەستە نەبوو و تووشی ئاوسان و هەوکردن نەبوو دەتوانیت لە ماڵەوە چارەسەری بکەیت و ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەیت:

  • جل، کاتژمێر، ئەڵقە و هەر جۆرە خشڵێک کە نزیک بێت لە شوێنی سووتانەکەوە لایببە.
  • شوێنی سووتانەکە بە خێرایی بخەرە ناو ئاوێکی فێنکەوە نەک ئاوێکی زۆر سارد یاخود سەهۆڵ، و نزیکەی ١٠ خولەک پێویست دەکات لەناو ئەو ئاوەدا بمێنێتەوە، ئەگەر ئەو شوێنەی کە سووتاوە ناکرێت بخرێتە ئاوەوە ئەوا جەوەنەی بخەسەر و ئاوی فێنکی تێبکە و هەرگیز ڕاستەوخۆ سەهۆڵی لەسەر دانەنێیت.
  • ناوچەی سووتانەکە بە باشی بشۆ بە ئاو و سابوون.
  • دوورکەوە لە بەکارهێنانی هەندێک ماددەی کیمیایی و ماددەی ناوماڵ وەک دۆشاوی تەماتە و هەویری ددان و هەندێک شتی دیکە.
  • کرێمی تایبەتی سووتان بدە لە شوێنی سووتانەکە و بە لەفاف دایپۆشە و هەموو ڕۆژێک سووتانەکە تەداوی بکە و لەفافەکەی بۆ بگۆڕە و پاکی بکەرەوە.

چارەسەری سووتانی پلە یەک لە نەخۆشخانە

زۆرینەی سووتانەکانی پلە یەک لە ماڵەوە دەتوانیت چارەسەری بۆ بکەیت، ئەگەر نیگەرانیت دەربارەی دەتوانیت پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت، پزیشک بۆ دیاریکردنی سووتانەکە پشکنینی بۆ دەکات و گرنگی دەدات بەوەی کە بزانێت ئایا:

  1. قووڵییەکەی چەندە و چەندێک چووەتە ناوەوە.
  2. چەندێک گەورە یان بچووکە و ئایا لەشوێنکی جەستەدایە کە پێویستی بە چارەسەرکردنی خێرا هەبێت، وەک چاو و دەم.
  3. ئایا شوێنی سووتانەکە تووشی هەوکردن نەبووە.

کاتێک شوێنی سووتان تووشی ئاوسان یاخود هەوکردن ببێت دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت، یاخود بێت و سووتانەکە لە چەند ناوچەیەکی هەستیاردا بێت کە زیانی زیاتریان بەردەکەوێت وەک لە ناوچەکانی دیکەی جەستە ئەوانیش:

  • ڕووخسار.
  • ڕان و بنی ڕان.
  • دەست و قاچ.

ڕێنمایی بۆ چاودێریکردنی سووتانی پلە یەک

  • هەرگیز قەتماغەی شوێنی سووتانەکە هەڵمەکەنە و دەستی لێ مەدە، چونکە هۆکارێک دەبێت کە برینەکە تووشی هەوکردن ببێت.
  • ئەگەر ئازاری زۆر بوو دەتوانیت ئازارشکێنی وەک (مێفینامیک ئەسید، پاڕاسیتامۆڵ) بەکاربهێنیت.
  • ڕۆژانە بڕێکی باش ئاو و شلەمەنی بخۆرەوە.
  • ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا سووتانەکە هیچ نیشانەیەکی بەرەوباشبوونی نەبوو بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکە.
  • دووربکەوە لە بەکارهێنانی هەر جۆرە کرێم و زەیتێک لەخۆتەوە و بۆ کرێمی سووتان، بەدڵنییایەوە لە دەرمانخانەکان بیکڕە و یاخود دەبێت پزیشک بینوسێت.

چەند کات پێویستە تاکوو سووتانی پلە یەک چاک ببێتەوە؟

  • بە شێوەیەکی گشتی دەرمانی سووتان لە نێوان ٣ بۆ ٢٠ ڕۆژ درێژە دەکێشێت.
  • کاتی چاکبوونەوەکەی پەیوەندی هەیە بە شوێنی سووتانەکە لە جەستەدا، شوێنێک لە شوێنێکی دیکە زووتر چاک دەبێتەوە یاخود درەنگتر، هەروەها سووتانێک هەوکردنی هەبێت درەنگتر چاک دەبێتەوە.

ڕێگریکردن لە سووتانی پلە یەک

  • بەکارهێنانی دژەخۆر بۆ هەر چوونە دەرەوەیەک تەنانەت بە شەویشدا.
  • کاتێک لە ماڵەوە منداڵی بچووکت هەیە زۆر ئاگاداری کتری و مەنجەڵی گەرم بە و لەنزیک ئەوەوە دایمەنێ و مەهێڵە منداڵەکەت بێتە چێشتخانەوە.
  • دوورکەوە لە هەڵگرتنی شتی گەرم بەبێ دەستگیر.
  • تەواوی سیم و وایەرە ڕووتەکان داببپۆشە لە ماڵەکەتدا.

چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت بۆ سووتانی پلە یەک؟

  • قەبارەی ناوچەی سووتانەکە گەورەتر بێت لە لەپی دەست.
  • کەسی سووتاو منداڵ یاخود پیر بێت.
  • سووتانەکە لە شوێنکی هەستیاری جەستەدا ڕوویدابێت، وەک پەنجەکان ڕووخسار، چاو، دەم.
  • سووتانەکە سووربوونەوە و ئازارێکی زۆری لەگەڵدا بێت کە بە فێنک کردنەوە باش نەبێت.
  • هەست بکەیت سووربوونەوەکە تەنها لە شوێنی سووتانەکەدا نییە و دەوروبەری ئەو جێگایەشی گرتووەتەوە.
  • برینەکە تووشی هەوکردن و ئاوسان ببێت و دەردراوی زەرد و سپی لێوە بێتە دەرەوە.

نیشانەکانی چاکبوونەوەی شوێنی سووتانی پلە یەک

  • خورانی ئەو جێگایە نیشانەیەکە بۆ چاکبوونەوەی، بەڵام نابێت بیخورێنیت و دەستی لێ بدەیت.
  • ڕەنگی پێستی  شوێنی سووتانەکە تۆختر دەبێت لە بەشەکانی تری پێستەکە.


سەرچاوەکان



766 بینین