فینلەندا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-09-15:22:00 - کۆدی بابەت: 6840
فینلەندا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی فینلەندا

وڵاتی فینلەندا (بەئینگلیزی: Finland) کە بە شێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت کۆماری فینلەندا، وڵاتێکی ئەسکەندەناڤی هەڵکەوتەی ئەوپەڕی باکووری کیشوەری ئەورووپایە، لە باکوورەوە لەگەڵ وڵاتی نەرویج هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵاتەوە خاکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ ڕووسیادا، هەرچی لە ڕۆژئاواشەوەیە وڵاتی سوید هەڵکەوتووە، لەڕووی ڕووبەری ئاوییەوە کەنداوی بۆسنیا دەکەوێتە ڕۆژئاوای و هەریەک لە کەنداوی فینلەندا و دەریای بەڵتیک دەکەونە باشووری ئەم نیشتیمانەوە، ڕووبەری خاکەکەی ٣٣٨ هەزار کیلۆمەترە و نزیکەی ٥ میلیۆن و نیو خەڵکی لێ دەژی، هێلسینکی گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات فینلەندا
پایتەخت و گەورەترین شار هێلسینکی 
زمانی فەرمی فینلەندی، سویدی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٩٢ فینلەندی
  • ٪٤ ئەورووپییەکانی تر
  • ٪٣ ئاسیاییەکان
  • ٪١ ئەفریقییەکان
ئایین
  • ٪٧٠ مەسیحی
  • ٪٢٩ بێ ئایین
  • ٪١ ئایینەکانی تر
ئۆتۆنۆمی وڵات ١٨٠٩
چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا ١/١١٩٩٥
ڕووبەر ٣٣٨ هەزار و ٤٥٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە
سەرژمێری دانیشتووان (٢٠٢٠) ٥,٥٣٦,١٤٦
چڕی دانیشتووان ١٦ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٢٧٧ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٤٨,٤٦١ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +2
کاتی هاوینە UTC +3
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی  +٣٥٨

جوگرافیا

وڵاتی فینلەندا وڵاتێکی ئەسکەندەناڤی باکووری ئەورووپایە، سنووری وشکانی لەگەڵ سێ وڵاتی ڕووسیا سوید و نەرویج دا هەیە، لە ڕێی دەریای بەڵتیک و کەنداوی فینلەنداوە بە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەورووپاوە بەستراوە، وڵاتی فینلەندا لە نێوان هێڵی درێژی ٦٠ بۆ ٧٠ پلەی باکوور و هێڵی ٢٠ بۆ ٣٢ ی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە، ئەم وڵاتە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە پایتەختەکەی دووەم بەرزترین پایتەختی باکووری زەوییە و تەنها پایتەختی وڵاتی ئایسلەندا “ڕێکیاڤیک” ـە کە لەو لەسەرترە، درێژی وڵات لە سەرووترین خاڵی لە باکوورەوە کە ناوچەی “نوۆرگام” بۆ خوارووترین خاڵی وڵات کە “هانکۆ”ـیە ١,١٦٠ کیلۆمەتر دەبێت.

ئەم وڵاتە نزیکەی ١٦٨ هەزار دەریاچەی گەورە و بچووکی تیایە لەگەڵیدا ١٧٩ هەزار دوورگە بوونی هەیە، گەورەترین دەریاچەی بەناوی “سایما”ـوەیە لە باشووری وڵاتەکە هەڵکەوتووە لەسەر ڕووبەری ٤ هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە بەم ڕووبەرەشەوە دەبێتە چوارەم گەورەترین دەریاچەی کیشوەری ئەورووپا، “خاکی دەریاچەی فینلەندی” کە یەکێکە لە چوار هەرێمە سەرەکییەکەی فینلەندا، وەک بەناوەکەیدا دیارە زۆرترین دەریاچەی وڵاتەکەی تیا هەڵکەوتووە، چڕترین و زۆرترین ژمارەی دوورگەش لە فینلەندا دا لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەڵکەوتووە، جوگرافیای وڵاتەکە زۆرتر زەوی تەخت و نزماییە و ڕێژەیەکی کەم گرد و چەند دانەیەک شاخی تیایە، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە ١,٣٢٤ مەتر بەرزە و دەکەوێتە ناوچەی “هاڵتی” لەسەر سنووری وڵاتی فینلەندا و نەرویج و خاڵێکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە، بەرزترین لووتکەی چیاش کە بە تەواوی بکەوێتە ناو وڵاتەکەوە بەناوی “ڕیدینت شۆهکا”ـیە و ١,١١٦ مەتر بەرزە.

تەنها یەک لەسەر چواری خاکی وڵاتی فینلەندا دەکەوێتە ناو نیوەگۆی جەمسەری باکووری زەوییەوە کە ئەوانیش خاکەکانی باکووری وڵاتەکەن، ئەو وڵات و ناوچانەی دەکەونە ئەو شوێنەوە دیاردەی خۆرهەتاوی نیوەشەو یان (بەئینگلیزی: Midnight sun) یان تیا دەرەکەوێت کە بەردەوام لە وەرزی هاویندا خۆر بەدەرەوەیە بەڵام بەپێی ڕۆژ و شەو تیشک و بەهێزییەکەی دەگۆڕێت، بەهەمان شێوە لە وەرزی زستاندا کاتەکانی هەمووی شەوە و خۆر هەڵنایەت، لە وەرزی هاویندا خۆر بۆ ماوەی ٧٣ ڕۆژ ئاوا نابێت و لە زستانیشدا بۆ ماوەی ٥١ ڕۆژ هەڵنایەت.

کەشوهەوا

گرنگترین هۆکار کە کار بکاتە سەر کەشوهەوای وڵاتی فینلەندا بوونی جوگرافیای وڵاتەکەیە لەنێوان دوو هێڵی تەریبی ٦٠ و ٧٠ ی باکوور، تەواوی وڵاتەکە کەوتۆتە ناو کەشی نیوە جەمسەری باکوورییەوە کە کەشێکە لەو وڵاتانە هەیە لە هێڵی ٥٠ بۆ ٧٠ ی باکوورن، ئەم وڵاتانە بە زستانی سارد، بەستنی زۆر و شەختە ناسراون و وەرزی زستانتان درێژە، هاوینیشیان کورت و تا ڕادەیەک فێنکە و گەرم نییە، ئاووهەوای فینلەندا لەنێوان باشوور و باکوور جیاوازە و هەر یەکەیان بەجۆرێکە، بەهۆی نزیکی لە زەریای ئەتڵەسییەوە کاریگەری ئاووهەوای ئەو زەریایەی لەسەرە و بەشی باشووری گەرمی و شێی پێوە دەبینرێت لە هاویندا، ئەو وڵاتانەی دەکەونە ئەم کاریگەرییەیان لەسەرە تا ڕادەیەک گەرمترن لەچاو وڵات و ناوچە زۆر ساردەکانی هەمان هەڵکەوتەی جووگرافییەوە وەک (باکووری گرینلاند، ئالاسکا و سیبیریا) کە لەهەمان هێڵی درێژی هەڵکەوتوون بەڵام کاریگەری زەریای ئەتڵەسییان لەسەر نییە.

زستان لە باشووری فینلەندا و بە ڕۆژدا پلەکانی گەرما لە ژێر سفر پلەی سیلیزییدا دەمێننەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ، لە هەندێک ناوچەی بەفر بەتەواوی زەوییەکە دادەپۆشێت و ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت لە کۆتاییەکانی مانگی ١١ وە دەڕوات تا نزیکی مانگی ٤ درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە هێلسینکی کەمێک باشترە و لە کۆتایی مانگی ١٢ تا کۆتایی ٣ دەخایەنێت، لە زستان و باشووری وڵات و کاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ ٣٠ پلە ژێر سفر، لە باشووری وڵات و وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما دەچنە سەروو ١٠ پلەی سیلیزی و لە ماوەی مانگی ٥ بۆ نیوەی مانگی ٩ بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، گەرمترین کاتی کە هەیبێت لە مانگی تەمووز (٧) دا یە کە پلەکان لە هەندێک شوێنی نیشتیمانەکەدا دەچنە ٣٥ پلەی سیلیزی.

لە باکووری وڵات وەرزی زستان زۆر ساردتر و درێژترە، پلەکانی گەرما دەچنە خوار ٤٥ پلەی سیلیزییەوە بە تایبەت لە شوێنێکی بەناوی “لاپلاند” کە بە ساردترین ناوچەی دادەنرێت، زستانی سەرەوەی وڵاتەکە ماوەکەی ٢٠٠ ڕۆژ و زیاتر دەخایەنێت و لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ وە تا سەرەتای مانگی ٥ دەخایەنێت، هاوینی باکووری وڵات کورتە و دوو بۆ سێ مانگ دەخایەنێت، بەڵام دەتوانرێت پلەی گەرمی بەرز ببینرێت لەچاو سەرماکەیدا کە پلەی گەرمی ڕۆژ دەچێتە ٢٥ پلەی سیلیزی یاخود پێشی دەوترێت گەرمی ژوور (بەئینگلیزی: Room Temperature).

بۆ کشتووکاڵ تەنها ناوچەکانی ئەوپەڕی خوارەوەی وڵات گوونجاون کە ئاووهەوا بە تێکڕا لە تەواوی ناوچەکانی تری وڵات گەرمترە، بەڵام بەشەکانی باکووری کشتووکاڵی تیا ناکرێت بەڵام دەتوانرێت سوود لە بەرهەمە ئاژەڵییەکان و بەخێوکردنیان ببینرێت بۆ گۆشت و پێست و شیر و هێلکە و بەرهەمەکانیان کە لێیەوە دەستدەکەوێت.


سەرچاوەکان



1771 بینین