سوید

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-27-14:43:00 - کۆدی بابەت: 6734
سوید

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی سوید

وڵاتی سوید (Sweden) کە بە شێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت شانشینی سوید، ئەم وڵاتە وڵاتێکی ئەسکەندەناڤی هەڵکەوتەی باکووری کیشوەری ئەورووپایە لەوپەڕی سەرەوەی گۆی زەوی، لە باکوور و ڕۆژئاوایەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتی نەرویجدا، وڵاتی فینلەندا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەوە، لە باشووری ڕۆژئاواشەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتی دانیمارکدا لەڕێی (پردی تونێل)ـەوە کە ڕێگایەکی زەمینی ژێر دەریاییە و لە نێوانی سوید و دانیمارکدایە و یەکێکە لە پردە سەرنجڕاکێشەکانی دنیا، ئەم پردە لەسەر ڕێڕەوی ئاوی و لە تەنگەڵانی “ئۆریسوند” دا درووستکراوە.

ڕووبەری وڵاتی سوید ٤٥٠ هەزار و ٢٩٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەم ڕووبەرەوە گەورەترین وڵاتی باکووری کیشوەری ئەورووپایە، ڕێژەی دانیشتووانی وڵات ١٠.٤ میلیۆن کەس دەبێت هەربۆیە چڕییەکی کەمی دانیشتووانی هەیە بە بوونی ٢٥ کەس لە یەک کیلۆمەتردا، زۆرترین دانیشتووانی وڵاتەکە لە ناوەڕاست و باشووردا دەژین.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات شانشینی سوید
پایتەخت ستۆکهۆڵم
زمانی فەرمی سویدی
گرووپە ڕەگەزییەکان ٪٧٥ سویدی، ٪٢٥ بیانی
ئایین
  • ٪٦٧ مەسیحی
  • ٪٢٧ بێ ئایین
  • ٪٥ ئیسلام
  • ٪١ ئایینی تر
 ناساندنی شانشینی سوید سەرەتاکانی سەدەی ١٢
یەکێتی سویدی-نەرویجی ٤/١١/١٨١٤ - ١/٨/١٩٠٥
ڕووبەر ٤٥٠,٩٠٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ١٠,٤٠٢,٠٧٠ کەس
چڕی دانیشتووان ٢٥ کەس/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٥٢٨.٩٢٩ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٥٠,٣٣٩ دۆلار
دراو: کرۆنی سویدی
کات UTC +1 
کاتی هاوینە UTC +2
 شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٦

مێژوو

مێژووی سوید لە ماوەی ١٢٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دەست پێدەکات، لەکۆتایی چاخی بەردینەوە کە سەردەمی ڕاو و شکار بووە و خەڵکەکەی بە ڕاوکردنەوە خەریکبوون، سویدییەکان لە ٤٠٠٠ پێش زاییندا کشتووکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵییان زانیووە، جگە لە درووستکردنی کێل بۆ سەر گۆڕەکان و گڵکاری و سیرامیک و نەخشەکاری کە ھەموو ئەمانە لە کیشوەری ئەورووپاوە ھاتووە و فێربوون، زیاتر لە دوو لەسەر سێی خاکی باشووری سوید بۆ کشتووکاڵ گونجاوە، جگە لەوەی لە چاخی بڕۆنزی لەباکووری سوید ئاژەڵداری کراوە.

وڵاتانی باکووری ئەورووپا لە چاخی بڕۆنزی زۆر بە سادەیی ژیاون، ھەر خێزانە و بە تەنھا لە دارستانێک لەخانووێکی دارینی بچووکدا ژیاون تاوەکو نەکەونە بەرچاوی ڕۆمانییەکان و ئیمڕاتۆریەتی ڕۆمانی تا ناچار نەبن ملکەچ بکەن و خاکەکەیان داگیربکرێت و باج و سەرانە بدەن، لە ھۆکارەکانی درەنگ گەیشتنی شارستانی بە باکوور کەشوھەوای ساردی ناوچەکە بوو، کە ئەسکەندەناڤییەکان لەسەریان پێویست بوو ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیان لە ژوورەوە بپارێزن لە ترسی سەرمای زستان و بەکارھێنانی پاشماوەی ئاژەڵەکان بۆ سووتان و ھەڵسووانیان لە خانووەکانیان تا گەرم بێتەوە، جگە لە سەختی پەیداکردنی خۆراک لە وەرزی بەفردا، ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی چوندین جار هەوڵی داگیرکردنی ئەم خاکەی داوە بەڵام یەکێک بوو لەو خاکانەی نەکەوتە ژێر دەسەڵاتیان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سەرمای زستانی، یەک لەو نموونانە سەرنەکەوتنی سەربازانی ڕۆمان لەکاتی پەڕینەوەیان لە ڕووباری ئەڵب ھەوڵەکەیان شکستی ھێنا، بەھۆی بەرەنگاربوونەوەی ھۆزە جێرمەنییەکان کە هۆزێکی ئەڵمانی بوون و لە ناوچەیەکی سوید بەناوی پارێزگای “جێرمەنیا” نیشتەجێبوون.

جوگرافیا

وڵاتی سوید کە کە وڵاتێکی باکووری ئەورووپایە سنووری وشکانی هەیە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی نەرویج و دانیمارک و فینلەندادا، هەروەها لەڕێی دەریای “بەڵتیک”ـەوە سنووری ئاوی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیادا، بەهەمان شێوە سنوورێکی زۆری کەنار دەریای هەیە لەگەڵ کەنداوی “بۆسنیا” دا، زنجیرە چیاکانی ئەسکەندەناڤیا دەکەونە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە و وڵاتی سوید و نەرویج لێک دادەبڕێت، سنووری نێوان سوید و نەرویج یەکێکە لە درێژترین سنووری وڵاتان لە جیهاندا و وە گەورەترین سنووری نەپچڕاوە لە ئەورووپادا کە درێژییەکەی ١٦١٩ کیلۆمەترە.

وڵاتی سوید دەکەوێتە نێوان هێڵی درێژی ٥٥ بۆ ٧٠ ی باکوور و هێڵی پانی ١١ بۆ ٢٥ ی ڕۆژهەڵات، بە ڕووبەری ٤٥٠,٩٠٥ کیلۆمەتر دووجا دەبێتە ٥٥ مین گەورەترین وڵاتی جیهان و پێنجەم گەورەترین وڵاتی کیشوەری ئەورووپا و گەورەترینی باکووری ئەورووپا، نزمترین خاڵی وڵاتەکە دەریاچەی “هامارسجۆن”ـە کە ٢.٤١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزمترە (واتا لە ئاستی ئاسایی نزمتر) بەرزترین خاڵیشی “کێبنێکایس”ـە کە بەرزترین چیایە لە وڵاتەکەدا و بەرزی لووتکەکە ٢١١١ مەترە.

ئەم وڵاتە خاوەنی ٢٥ پارێزگای سەرەکییە، کە هەریەکەیان خاوەنی کلتوور و جوگرافیا و مێژووییەکی جیاوازن لە وڵاتەکەدا، ئەم پارێزگایانە دابەشبوون بەسەر سێ ناوچەی سەرەکیدا، بەشی باکووری پێی دەوترێت (نۆرلاندی باکوور) و بەشی ناوەڕاست (سڤیلاندی ناوەند) و بەشی خوارووشی پێی دەوترێت (گۆتالاندی باشوور)، نزیکەی لە ٪١٥ ی باکووری وڵاتی سوید دەکەوێتە ناو نیوەگۆی جەمسەری باکووری زەوی، باشووری وڵات خاکێکی کشتووکاڵی هەیە، زۆربەی خاکی وڵاتەکە دارستانە کە بە نزیکەیی ڕێژەی لە سەدا ٦٥ ی خاکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، زۆربەی دانیشتووانی وڵات لە هەرێمی “ئۆریسۆند”ـن کە دەکەوێتە باشوورەوە. 

کەشوهەوای سوید و پلەی گەرمییەکەی بە شێوەیەکی گشتی لە مەودایەکی گەورەدایە و هەر چوار وەرزی ساڵی تێدا دەبینرێت، زستان لە باشووری وڵاتەکەدا وەک باشووری نییە ونکەمتر ساردە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرمی دەچێتە سفر پلەی سیلیزی، باکووری وڵاتەکە کاریگەری جەمسەری باکووری لەسەرە و پلەکانی گەرما دەچنە ژێر سفرەوە، وڵاتی سوید لەچاو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر هەمان هێڵ گەرمترە، کاریگەری زەریای ئەتڵەسیشی لەسەرە و پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی هاویندا و گەرمترین مانگی ساڵدا (تەمووز) دەچێتە ١٧ بۆ ٢٠ پلەی سیلیزی، گەرمترین کات کە تۆمارکرابێ لە مێژووی وڵاتدا لە ساڵی ١٩٤٧ دا بووە کە پلەی گەرمی چۆتە ٣٨ پلەی سیلیزی، وە ساردترینیشی لە ساڵی ١٩٦٦ دا بووە کە پلەکان دابەزیوون بۆ ٥٢ پلە ژێر سفر و سەختترین کات بووە بۆ ژیانکردن.

ئابووری

وڵاتی سوید یەکێکە لە وڵاتە خاوەن ئابوورییە باشەکان و پلەیەکی بەرزی هەیە لە وڵاتانی جیهاندا، کەمی دانیشتووانیش یارمەتیەکی ترە بۆ وڵات تا بتوانێ داهات بە شێوەیەکی باش دابەشبکات، لەگەڵ بەرزی داهاتی تاکدا بەڵام باج لە وڵاتەکەدا زۆرە و خەڵکەکەی باجێکی زۆر دەدەنە حکومەت لە بوارەکانی خوێندن و تەندرووستی و ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانی ژیان، سوید ئابوورییەکی تێکەڵی ھەیە بەئاڕاستەی ھەناردەکردن و بەرھەمھێنەرێکی پێشکەوتووی جیھانییە لە ھەموو بوارەکانی ئەلیکترۆنی و بەرنامەکاری ئابووری و دەستی کاری لێھاتوو و وزەی کارۆئاوی و کشتووکاڵ و پیشەسازییەکانی تر، %٥٠ بەرھەمی ھەناردەی سویدی بریتییە لە کەرتی ئەندازیاری و پارچەکانی ئامێرەکان و کەرەستە بیناسازییەکان، پاشان لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل و دەرمانسازی و بوارە جۆربەجۆرەکانی تر، بەڵام لە بواری کشتوکاڵ تەنھا %٢ ی"کۆی بەرھەمی ناوخۆ" پێکدێنێت،

ئابووری سوید بەوە تایبەتمەندە کە خاوەنی کەرتێکی پیشەسازی ھەناردەکارە زۆرینەی بەرھەمە پیشەیی و دەستییەکانی دەنێرێتە بازاڕە جیھانیەکان، خاوەنی گەورەترین ٢٠ مۆدێلە تەکنەلۆژییەکانی جیهانە لە نێوانیاندا ڤۆڵڤۆ و ڤاتینڤۆڵ و سکانسکا و ئەریکسۆن.

نزیکەی ٤.٥ میلیۆن کەسی بێگانە لە سوید کاردەکەن و بوونەتە دەستی کار و جوڵاندنی بازاڕ لە نێوانیاندا ژمارەیەکی زۆریان کوردن، نیوەی ئەو ژمارەیە لەکەرتی خوێندنن لەزانکۆکان، کۆی کارکردن بەپێی داتا ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ھەر کاتژمێرێک ٣١ دۆلارە، کە بەمەش لە ڕیزبەندی نۆیەمین وڵاتانی جیھاندا هاتووە، سوید لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی جیھانە بۆ کرێی کاری دەست و پارەی خانەنشینی کە داهاتی بەرزن لەچاو وڵاتانی تری جیهاندا ھەر کرێکارێکی ئاسایی %٤٠ ی داھاتی بۆ دەمینێتەوە دوای دەرکردنی باج،

سویدییەکان لەکاردا بە دڵسۆزی لە کارەکانیان دەناسرێنەوە ئەمەش بۆ پەروەردەکردنی قوتابخانەکان دەگەڕێننەوە، تا ئێستا سوید دراوی کرۆن بەکاردێنن، ئەمیش دوای ئەوەی سویدییەکان بەدەنگدان یۆرۆیان ڕەت کردەوە، "بانکی ناوەندی سویدی" لە ساڵی ١٦٦٨ دا دامەزراوە کە کۆنترین بانکی جیھانە، زۆرترین پەیوەنی بازرگانی وڵات لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەمریکا و نەرویج و شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا و دانیمارک و فینلەندا دا ھەیە.


سەرچاوەکان



3895 بینین