هەڵبژاردنی هەویری ددانی گونجاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-10-23:58:00 - کۆدی بابەت: 6848
هەڵبژاردنی هەویری ددانی گونجاو

ناوه‌ڕۆك

هەویری ددان 

بریتییە لەو هەویرە یان ئەو جێڵەی کە تایبەتە بە خاوێن ڕاگرتن و هێشتنەوەی جوانی و پاراستنی تەندروستی پووک و ددان و لەگەڵ فڵچەی ددان بەکاردێت، هەروەها خاوێن کەرەوەیەکی بەهێزە بەکاردێت بۆ لابردنی کانزا و خۆراکی نەخوازراو لەسەر ددان و لەناو دەمدا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دروستی و خاوێنی ناودەم.

پێویستە چ شتێک بکرێت بە پێوەر بۆ هەڵبژاردنی هەویری ددانی گونجاو؟

گرنگترین شت لە هەویری دداندا توانای خاوێنکردنەوەکەیەتی (لە بابەتی هەویری دداندا ئاماژە بە جۆری پاککەرەوەکان دراوە)، واتە دەبێت توانای لابردنی پاشماوەی بەجێماوی خواردن و کلسی هەبێت، پێویستە بەکارهێنەر ئاگاداربێت کە هەویری ددانەکان پێکهاتەی تایبەتمەندییان تێدایە بۆ پێدانی تایبەتمەندی بەهێزی پاککردنەوە، لە کاتێکدا کە پێکهاتەیەکی باشن بۆ لێکردنەوەی پیسی بە ددانەوە، بەڵام ئەگەر زۆر بەهێزبن مەترسییان دەبێت بۆ سەر تەمەنی ددانەکە و زوو خراپ بوونی لە هەندێک حاڵەتدا، ئەگەر بەکارھێنەر ڕۆژانە دووجار ددانەکانی بشوات ئەوا ڕووکاری ددانەکەی بە ڕێژەی ١/١٠٠٠ ـی میلیمەترێک لێدەکاتەوە، دوای چەندین ساڵ ڕووکاری ددانەکەی بە تەواوی لێدەبێتەوە، ئەمە هەموو جار ڕوونادات، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەگەری ڕوودانی زیاترە.
بەکارهێنەر دەبێت ئەمەی لەبیربێت، ئەو هەویری ددانە بکڕێت کە ددانی خاوێن دەکاتەوە و نەرمە لەسەر ددان، نەک ئەوەی کە زۆر بەهێزە لە پاککردنەوەی دداندا، ئەگەر بەکارهێنەر هەستی کرد هەویری ددانەکەی زبر و لمینە ئەوا پێویستە بوەستێت لە بەکارهێنانی، ئەگەرنا ددانەکانی تووشی زیان دەبن.

هەویری ددانی باش ددان بەهێز دەکات

یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی هەویری ددان بریتییە لە تایبەتمەندی بەهێزکردنی ددان بە پێکهاتەیەکی بنچینەیی کە بریتییە لە فلۆراید، بوونی فلۆراید لە هەویری دداندا مانای ئەوەیە بەکارھێنەر بە تەواوی پێکهاتەیەک دەدات لە ددانەکانی کە بەشی دەرەوەی ددانەکە بەهێز و توند دەکات، بەڵام دەبێت بەکارھێنەر وریای ئەوە بێت کە ڕێژەی جیاواز لە فلۆراید بوونی هەیە لەناو هەویری دداندا، کە پزیشکی ددان دەتوانێت ئەو ڕێژەیە دیاری بکات بۆ بەکارهێنەر کە گونجاوە بۆ ددانی، ئەو کەسانەی مەترسی پووکانەوەی ددانیان هەیە دەبێت ئەو هەویری ددانانە بەکاربێنن کە خەستی فلۆرایدی تێیاندا زۆرە.

ئایا پێویستە هەویری ددان پێکهاتەی دژەبەکتریای تێدابێت؟

لە ئێستادا پێکهاتەی دژەبەکتریا بووە بە پێکهاتەیەکی گرنگ لە هەویری دداندا، پێکهاتە دژەبەکتریاکان ڕێگری دەکەن لە کلس و بۆنی ناخۆشی ناودەم، ئەگەر بەکارهێنەر ڕۆژی دووجار ددانەکانی بشوات ئەوا پێویستی بە هەویری ددانی دژەبەکتریا نییە تاکوو هەموو ڕۆژێک بەکاری بهێنێت، بە دڵنیاییەوە لابردنی کلسی ددان سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەگەر لەلای پزیشکی ددان ئەنجام بدرێت باشترە، هەروەها ئەگەر بەکارھێنەر بیەوێت هەویری ددانەکەی دژەبەکتریای تێدابێت، دەبێت زانیاری لەسەر ئەوە هەبێت کە هەموو هەویرێکی ددان ئەو یێکهاتەیەی تێدانییە و پێویستە زانیارییەکانی سەر بوتڵی هەویری ددانەکە بخوێنێتەوە و بەدوای وشەی (antibacterial)دا بگەڕێت.

هەویری ددانی Colgate Total یەکێکە لە باشترین هەویرە ددانەکان کە دژەبەکتریای تێدابێت، چونکە بەخێرایی ددان پاک دەکاتەوە و ماددە پاککەرەوەکانی ناوی زۆر بەهێزنین بۆ ددان، هەروەها ڕێژەیەکی گونجاوی لە فلۆراید تێدایە کە ئەم ڕێژەیە بۆ زۆربەی مرۆڤەکان گونجاوە.

ئایا هەویری ددانی سپیکەرەوە بەڕاستی کاریگەرە؟

لەگەڵ ئەوەی هۆکارەکانی سپیکردنەوەی ددان زۆرن، هەروەها ئەوە سەرسوڕهێنەرە بۆ مرۆڤ کە پێی بووترێت تەنها بە فڵچەیەک و هەویرێکی ددان دەتوانێت ددانی سپی و بریسکەدار بکات، بەڵام ئەم بیروباوەڕە بە تەواوی هەڵەیە، چونکە تەنانەت ئەو هەویری ددانانەی کە بە بەرهەمێکی تایبەت و ناوازە دەناسێنرێن، هەرگیز ناتوانن ئەوەندەی یەکجار سپیکردنەوەی ددان بەو بەرهەمانەی لەلای پزیشکی ددان بەکاردێن کاریگەربن، یەکێک لە مەترسییەکانی هەویری ددانی سپیکەرەوە بریتییە لە توانای کارلێککردنی پێکهاتەی وەک پێرۆکساید (peroxide) لەگەڵ ئەو ماددانەی کە بۆ چارەسەری ددان لەلای پزیشک بەکارهاتوون وەک سپیکردنەوەی ددان، لە ڕاسیتدا بەکارهێنانی هەویری ددانی سپیکەرەوە پێش چارەسەری ددان دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی کاتی مانەوەی چارەسەری ددان، بۆیە پێویستە نەخۆش لەکاتی بەکارهێنانی ئەم جۆرەی هەویری ددان و وەرگرتنی چارەسەری دداندا پزیشکەکەی ئاگادار بکاتەوە، چونکە پێویستە بە لایەنی کەمەوە سێ هەفتە پێش وەرگرتنی چارەسەری ددان هەویری ددانی سپیکەرەوە بەکارنەهێنرێت.

باشترین هەویری ددان بۆ منداڵ

ئامانجی سەرەکی هەموو دایک و باوکێک پاراستنی تەندروستی منداڵەکەیانە، بۆیە بۆ پاراستنی تەندروستی ددان زانینی تەکنیکی گونجاوی بەکارهێنانی فڵچەی ددان و شۆردنی ددان و هەویری ددان گرنگترین شتە، بۆ منداڵ باشترین شت بەکارهێنانی ئەو هەویری ددانەیە کە خۆی ئاسوودەیە بە بەکارھێنانی، لە بازاڕەکاندا هەویری ددانی تایبەت بە منداڵان هەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت دیزاین کراون تاکوو گونجاوبن بۆ منداڵ، چوونکە ناودەمی منداڵ هەستیارە بەرامبەر تامە بەهێزەکەی هەویری ددانی تایبەت بە کەسانی پێگەیشتوو، هەروەها هەویری ددانی تایبەت بە منداڵ ڕێژەیەکی کەمتری فلۆرایدی تێدایە.

ئایا ئەو هەویری ددانانەی کە خەڵووزی چالاکیان تێدایە کاریگەرن؟

وەک چۆن ئەو هەویری ددانانەی کە تایبەتن بە سپیکردنەوەی ددان و ماددەی چالاکیان تێدایە خواستی زۆریان لەسەرە، بە هەمان شێوەش ئەو هەویری ددانانەی کە خەڵووزی چالاکیان تێدایە ناوبانگێکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم جۆرەی هەویری ددان کاریگەریش بێت ئەوا کاریگەرییەکەی تا ماوەیەکی دیاریکراوە، کاریگەری سەرەکی ئەم هەویری ددانە بریتییە لە توانا بەهێزەکەی بۆ پاککردنەوەی ددان، کە ئەمەش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر ددان و زیانی پێ بگەیەنێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربێت، بۆیە پێویستە بەکارهێنەر بە شێوەیەکی مامناوەند و بە وریاییەوە ئەم جۆرەی هەویری ددان بەکاربهێنێت، چونکە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەم بەکاربێن دەتوانن سوودبەخش بن، هەروەها ناتوانن لەگەڵ ئەو پێکهاتانە کارلێک بکەن کە بۆ چارەسەری ددان بەکاردێن.

ئەو هەویری ددانانەی کە سروشتین و فلۆرادیان تێدانییە بەسوودن؟

ئەو هەویری ددانانەی کە فلۆرایدیان تێدانییە بریتین لە هەویری ددانی گیایی یان سروشتی، هیچ مەترسییەک نییە لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە هەویرانەدا، بەڵام بە هەمان شێوەی هەویری ددانی دیکە ناتوانن کاریگەربن بۆ بەهێزکردن و توندکردنی مینای ددان، لەبەر ئەم هۆکارانە ناتوانن یارمەتیدەربن بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ددان بە هەمان ڕێژەی هەویری ددانی دیکە.


سەرچاوەکان



731 بینین