کۆمپانیای نایکی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-12-14:35:00 - کۆدی بابەت: 6860
کۆمپانیای نایکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای نایکی (بە ئینگلیزی: Nike)، بە فەرمی بە نایکی دەخوێندرێتەوە، بەڵام نایک باوترە لەنێو خەڵکی، کۆمپانیایەکی ئەمریکی گەورەی بەرهەمهێنانی پۆشاک و پێداویستییە وەرزشییەکانە، لە ساڵی 1964 بە ناوی "بلو ڕیبۆن سپۆرت" دامەزرا، بەهای پشکەکانی لە بازاڕە نێوخۆییەکان گەیشتووەتە 37% کە بە یەکەمین کۆمپانیای پێشەنگ دادەنرێت بۆ فرۆشتنی کاڵای وەرزشی، تەنها لە وڵاتی ئەمریکا 22000 فرۆشگای تاک فرۆشی هەیە، لە 160 وڵات لقی هەیە، بەرهەمەکانی بریتین لە پێڵاوی وەرزشی، بۆردی خلیسکێنە، پێداویستی یاری گۆڵف، پۆشاکی وەرزشی و پێداویستییە وەرزشییەکانی تر.

مێژووی دروستبوونی کۆمپانیای نایکی

کاتێک "فێڵ نایت" دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و کار بوو لە زانکۆی ستانفۆرد هەروەها نێردراوی خوێندکارانی ئەمریکا بوو بۆ زانکۆی ئۆریگۆن لە وڵاتی ژاپۆن، لەوێ ئاشنای کۆمپانیایەکی تایبەتی دروستکردنی پێڵاوی وەرزشی بوو بە ناوی "ئۆنیتسوکا تایگەر" بڕیاریدا بە هاوردەکردنی هەندێک لە بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتی ئەمریکا، بەڵام بە بڕێکی بچووک و هەر بۆیە پەیوەندی پێیانەوە کرد، پێی وابوو بەرهەمی ژاپۆنی دەتوانێت ببێتە ڕکابەری بەرهەمە ئەڵمانییە وەرزشییەکان لە نێو بازاڕی ئەمریکادا، کە لەو سەردەمەدا بەرهەمە ئەڵمانییەکانی وەکوو ئەدیداس و پوما زۆر بەربڵاو و ناودار بوون لە جیهاندا، هەربۆیە ناوێکی دانا بۆ هاوردەکردنی بەرهەمەکان لە ژاپۆنەوە وەکوو کۆمپانیاییەکی فەرمی دەریخست و ناوی لێنا کۆمپانیای "Blue Ribbon Sports"

قۆناغەکانی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کۆمپانیاکە

ـ لە ساڵی 1963 کاتێک "فێڵ نایت" لە ژاپۆن گەڕایەوە بڕی 200 پێڵاوی وەرزشی لەگەڵ خوی هێنایەوە بۆ ئەمریکا و ژێرزەمینی ماڵی باوکی وەکوو کۆگا دانا و لە ناوچەکەی خۆی بازرگانی پێوە کرد.
ـ لە ساڵی 1964 ڕاهێنەری تایبەتی فێڵ نایت بە ناوی "ویلیام بێرمان" بووە هاوبەش و پاڵپشتی پڕۆژەکە.
ـ لە ساڵی 1968 بۆ ناساندنی پڕۆژەکەیان پەیوەندیان بە گۆڤاری "ڕێنزەر" کرد کە لەو کاتەدا یەکەمین دیزاینی پێڵاوی کۆمپانیا نمایشکرا و ناسێندرا بە ناوی"کۆرتیز". 
ـ لە کۆتایی شەستەکان بەهای فرۆشتنی بەرهەمەکانی کۆمپانیا گەیشته 300 هەزار دۆلار و بەردەوام بوو لە گەشە کردن و ناوی کۆمپانیاکە بە فەرمی گۆڕا بۆ "نایکی".
ـ 1972بۆ یەکەم جار کۆمپانیاکە بەشداری لە بانگەشەی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی ئەمریکا کرد، دیزاینی پێڵاوە وەرزشییەکانی تایبەتمەند بوون بە وەرزشەوانە بەتواناکان و یارییە قورسەکان.
ـ لە سەرەتای هەشتاکان فرۆشییەکانی لە ئەمریکا بووە پێشەنگ و کۆمپانیای ئەدیداسی تێپەڕاند.
ـ لە ساڵی 1980 کۆمپانیاکە دوو ملیۆن پشکی هەبوو و هەروەها گرنگی زیاتری بە بازاڕی ئەورووپا و ئەمریکادا و چەندان لقی نوێی کردەوە.
ـ لەساڵی 1981 لە هەریەک لە وڵاتانی چین و تایوان و کۆریای باشوور لقی کردەوە.
ـ لە نەوەدەکان کۆمپانیای نایکی ڕووبەڕووی چەند کێشەیەکی دارایی بووەوە.
ـ لە سەدەی بیست و یەک کۆمپانیای نایکی بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنێکی ناوازەی بە خۆیەوە بینی، ڕێگا و شێوازی سەردەمیانەی بەکاردەهێنا، بواری فرۆشتنی هەمەچەشن و فراوانتر کرد، بەرهەمەکانیان هەمەجۆر بوون وەکوو پۆشاکی ورزشی و پێداویستیسەکانی یاری گۆڵف، هەر بۆیە لە جیهان و لە جیهانی تۆپی پێی ئەوروپا بووە پێشەنگ و بووە پێشەنگی ڕکابەرەکەی کۆمپانیای ئەدیداس.

واتای ناوەکەی 

واتای ناو و لۆگۆی کۆمپانیاکە لە ناوی خوداوەندێکی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە هێمای سەرکەوتنە و لۆگۆکەشی هێمایە بۆ ڕێگای فڕینی خوداوەندەکان، لە بارەی شێوازی دەربڕین و خوێندنەوەی ناوی کۆمپانیا مشتومڕێکی زۆری لەسەر بووە و بە ئێستاشەوە، هەندێك بە "نایک" دەیخوێننەوە و بەشێکی تریش بە "نایکی"، بۆیە دوو هاوڵاتی بەڕیتانی نامەیەکیان ئاڕاستەی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە کرد و داوایان کرد شێوازی ڕاستی دەربڕینی ناوەکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە، هەر بۆیە دامەزرێنەر ناوی "نایکی" بە ڕاستترین دانا بۆ دەربڕین و خوێندنەوەی ناوەکەی. 


سەرچاوەکان



3707 بینین