موسەننا ئەمین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-16-23:58:00 - کۆدی بابەت: 6904
موسەننا ئەمین

ناوه‌ڕۆك

موسەنا ئەمین

موسەننا ئەمین نادر (بە عەرەبی: مثنى امين نادر)، سیاسەتوان و بانگخوازێکی ئیسلامیی هەرێمی کوردستانە، لە ساڵی ١٩٧٢ لە شارەزوور لەدایکبووە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان، ماوەی چوار ساڵ لە سودان و چوار ساڵ لە میسڕ خوێندوویەتی و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەی ئیسلامی و دیبلۆمی باڵا و ماجستێری لە زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، سێ ساڵیش لە وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت کوەیت نوێنەری یەکگرتوو و ڕاوێژکاری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بووە.

لەدوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان ماوەی چوار ساڵ دەبێتە مامۆستای عەقیدەی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی، لە یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە پێشڕەوی چەندین گەنج دەکات و دروشمی بڕوخێ گەندەڵی و نا بۆ دزیکردن بەرزدەکاتەوە و هەتاوەکوو کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکان یەکێک لە چالاکترین بەشداریکەرەکانی دەبێت.

لە لیژنەی ئیسلامیی جیهانی ژن و منداڵ لە قاهیرە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاوێژکاری بواری کێشەکانی ژن و منداڵان بووە.  

سیاسەت

موسەننا ئەمین کەسایەتییەکی دیاری شەقامی کوردی و ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، ساڵی ٢٠١٠ خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، لە ساڵی ٢٠١٤ خۆی هەڵدەبژێرێتەوە و سەرکەوتوو دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ جاری دووەم دەبێتە ئەندامی پەرلەمان و لەم خولەدا چارەسەری کێشەی ٢٠٠ ملیاری حەقی گەنمی جووتیاران دەکات و لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا دەبێت و چارەسەری کێشەی سەدان هاوڵاتی عێراقی دەکات کە لە دەرەوە کێشەیان بۆ دروست بووە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ دەبێتە دووەمی بازنەکەی خۆی و بۆ جارێکی دیکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.


سەرچاوەکان



535 بینین