لیۆنێل مێسی

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2021-10-27-15:02:00 - کۆدی بابەت: 7009
لیۆنێل مێسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیۆنێل ئەندرێس مێسی ناسراو بە لیۆ مێسی، یاریزانێکی ئەرجەنتینی پێشەنگی تۆپی پێیە، زۆرجار بە باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکراوە، بەتواناترین یاریزانی یانەی بارشەلۆنە بووە و ئێستا لە یانەی پاریس سان جێرمانە بە درێسی ژمارە ٣٠ وە یاریدەکات.

ژیان

مێسی لە ٢٤ـی حوزەیرانی ١٩٨٧ لە ناوچەی "ڕۆزاریۆ"ـی "سانتا فی" لەدایکبووە، سێیەم منداڵی ناو خێزانەکەیەتی، خاوەنی دوو برا و خوشکێکە، باوکی ناوی خۆرخێ ھۆراسیۆیە و ناوی دایکی سیلیا ماریا کوتشیتینی یە. مێسی لە خانەوادەیەک ژیاوە کە خۆشەویستییان بۆ تۆپی پێ ھەبووە، ھەر لە تەمەنێکی بچووکەوە خۆشەویستی بۆ وەرزش ھەستپێکردووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا چووەتە ناو یانەی ناوخۆیی گراندۆڵی کە لەلایەن باوکیەوە مەشقیپێدەکرا، ئەو کاریگەرییەی لەسەری دروستبوو بەرانبەر تۆپی پێ، بەھۆی داپیرەیەوە بووە کە ھاودەمی دەکرد لە ڕاھێنانەکاندا، مێسی لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا تووشی نەخۆشیەک بوو کە ھەڕەشە بوو بۆ سەر داھاتووی، ئەویش بریتی بوو لە نەخۆشی "کەمی ھۆڕمۆنی گەشە" کە کاریگەری هەبوو لەسەر باڵای، خێزانی لیۆ هەژاربوون بەجۆرێک ئەگەر هەموو سامانەکەیان بخستایەتە خزمەتی لیۆ تەنها توانای دوو مانگ چارەسەریان دەبوو، بەوهۆیەشەوە یانەی ڕیڤەرپلەیت ڕەزامەندی خۆی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکەی پارەی تەواوەتییان نەبوو بۆ ئەو هاوکارییە کە مانگی ٩٠٠ دۆلار بوو هەربۆیە لە بڕیارەکەیان پاشگەزبوونەوە.

لە ڕێگەی بانگەوازێک کە لە خزمەکانی میسی لە لاریدای کەتەلۆنیا گوێبیستی بەهرەکەی بوو بوو، سەرنجی کارلۆس ڕێکساچی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارشەلۆنەی ڕاکێشا لەبەر ئەمەش خێزانەکەی میسی هەلێکیان هەبوو بۆ بەشداریکردن لە یانەی بارشلۆنەدا، بەو هۆکارە لیۆ و باوکی چوون بۆ ئیسپانیا و لیۆ بەهرەکانی خۆی بۆ بەڕێوبەری یانەکە خستەڕوو و هەمووانی سەرسام کرد تا ئەو شوێنەی کە ئەوان پێشنیاری جوڵانەوەیان بۆ خێزانی میسی کرد بۆ ئیسپانیا لە بەرانبەر خەرجی چارەسەرەکەی، بەم پێیە خێزانەکەی چوون بۆ ئەورووپا و میسی دەستی کرد بە یاریکردن لە تیپی لاوانی یانەکە.

لیۆ لە ٢٠٠٦ وە لەلایەن کۆمپانیای ئەدیداسەوە سپۆنسەری بۆ کراوە و خۆی وەک بەشێک لە مارکەکەیان سەلماندووە، بە گوێرەی ڕۆژنامەی فرانس فوتبۆڵ یەکێک بووە لە گرنگترین یاریزانەکان بۆ ماوەی ٥ ساڵ و بەگوێرەی تۆڕی میدیایی فۆڕبسەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا مێسی بەرزترین نرخی هەبوو بۆ گرێبەست لەگەڵ یانەکاندا، بە پێی گۆڤاری تایم لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢دا لەنێو ١٠٠ کاریگەرەکانی جیهاندا بووە.

میسی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ هاوسەرگیری لەگەڵ (ئانتۆنیل ڕۆکوزیۆ)، کچە هاوڕێی دێرینی خۆی کرد، میسی و ڕۆکوزیۆ خاوەنی سێ منداڵن: تیاگۆ، لەدایکبووی مانگی تشرینی دووەمی 2012، ماتیۆ، لەدایکبووی ئەیلولی 2015 و سیرۆ لە مانگی ئازاری 2018 لەدایکبووە.

میسی لە شاری خۆی (ڕۆزاریۆ) و لە تەمەنی 5 ساڵیدا چاوی بە ڕۆکوزیۆ کەوت، هاوسەرگیریەکەیان ئاهەنگێکی شارستانی بوو لەلایەن ڕۆژنامەی کلارینی ئەرجەنتینەوە بە "زەماوەندی سەدە" تۆمارکرا، ئاهەنگەکە لە هۆتێلێکی گرانبەهای رۆزاریۆدا و لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی ئەستێرەی تۆپی پێی هاوڕێی لەگەڵ ئەستێرەی پۆپی کۆڵۆمبی شاکیرا بەڕێوەچوو،

دەستکەوتەکانی مێسی

- مێسی تاوەکوو ٢٠٢١ لەگەڵ یانەی بارشەلۆنە بوو کە یانەیەکی لێهاتووی ئیسپانی تۆپی پێیە، لەو ماوەیەدا ٣٠نازناوی بەدەستهێنا.
- ڕیکۆردی ٦ خەڵاتی تۆپی زێڕین، ٦ خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتوونی ئەورووپا هەروەها ١٠ نازناوی خولی ئیسپانی و ٤ نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستهێناوە و خاوەنی ٧ نازناوی کۆپا دێڵ ڕێیە.
- شەشەمین خەڵاتی تۆپی زێڕینی لە ساڵی ٢٠١٩ بەدەستهێنا و هەر لەو ساڵەدا بە باشترین یاریزانی پیاو دەستنیشانکرا.
- مێسی خاوەنی زۆرترین گۆڵ تۆمارکردنە لە خولی ئیسپانیادا کە (٤٧٤) گۆڵە، کە پێکهاتووە لە: خولی ئیسپانی و یەکێتی یانەی وەرزشی ئەورووپا (٥٠ گۆڵ)، زۆرترین هاتریک کە (بریتییە لە تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یارییەکدا) لە خولی ئیسپانیادا (٣٦ هاتریک)، هەروەها زۆرترین ئەسیست لە خولی ئیسپانیدا (١٩٢ ئەسیست).
- مێسی بووە بە باشترین یاریزانی جامی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٤ دا کە تێیدا تۆپی ئاڵتوونی بردەوە و خاوەنی خەڵاتی باشترینی یاریزانی کۆپا ئەمریکای ٢٠١٥ و ٢٠١٦یە.
- دوای ڕاگەیاندنی وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی لە ٢٠١٦، لە بڕیارەکەی پەشیمان بوویەوە و وڵاتەکەی گەیاند بە جامی جیهانی ٢٠١٨  و دواتر گەیاندنی بە جامی کۆپا ئەمریکای ٢٠١٩.
- لە شوباتی ٢٠٢٠ خەڵاتی وەرزشی جیهانی لاوریوسی بۆ وەرزشکارانی ساڵ بەدەستهێنا و بووە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ و یەکەمین یانەی وەرزشی کە خەڵاتەکەیان بردەوە.

- لە ساڵی ٢٠٢١ جامی کۆپا ئەمریکای لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەدەست هێناوە.

- لیۆنێل مێسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەرجەنتیندا، باشترین یاریزانی هێرشبەر و گۆڵکار بووە و لەسەر ئاستی گەنجەکاندا بووەتە خاوەنی جامی گەنجانی فیفای ٢٠٠٥ و کۆتایی بە پاڵەوانییەتیەکە هێنا بە بەدەستهێنانی هەردوو تۆپ و پێڵاوی ئاڵتوونی.
- بووە خاوەنی مەدالیای ئاڵتوونی ئۆڵۆمپی لە خولی هاوینەی یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا.

بارشەلۆنە

مێسی تەمەنی ١٣ ساڵبوو کاتێک لە ئەرجەنتینەوە ڕۆشت بۆ ئیسپانیا تاوەکو بەشداری بکات لە یانەی بارشەلۆنەدا، بۆ یەکەمجار کە بۆ بارشەلۆنە یاریکرد تەمەنی ١٧ ساڵبوو لە مانگی ١٠ ی ٢٠٠٤دا بوو، بۆ سێ ساڵی داهاتووتر خۆی وەک یاریزانی سەرەکی یانەکە دەستنیشانکرد، لە یەکەم وەرزی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ کە تەمەنی ٢٢ ساڵبوو، یەکەمین سێ نازناوی لە یەک وەرزدا بەدەستهێنا کە ئەوانیش: نازناوی خولی ئیسپانی، نازناوی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و نازناوی شای ئیسپانی.
پاشان لە سێ وەرزی داهاتووتریشدا سەرکەوتووبوو و چوار خەڵاتی تۆپی زێڕینی یەک بەدوای یەک بەدەستهێنا، ئەمەش وایکرد کە ببێتە یەکەمین یاریزان کە چوارجار بە بەردەوامی خەڵات بەدەستبهێنێت، هەروەها لە ماوەی یەک وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ ڕیکۆردی زۆرترین گۆڵی لە خولی ئیسپانیا و ئەورووپادا تۆمارکرد کە ٩١ گۆڵبوو، هاوتا لەگەڵ جێگیربوونی وەک باشترین یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە.
لە دوو وەرزی دواتردا مێسی دووەمین خەڵاتی تۆپی زێڕینی بەدەست هێنا، سێیەمین خەڵاتی تۆپی زێڕینی لە ساڵی ٢٠١١ لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا بردەوە، چوارەم خەڵاتی تۆپی زێڕینیشی لە ٢٠١٢ لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بەدەستهێنا پاشان لە ٢٠١٥ پێنجەم خەڵاتی تۆپی زێڕینی بردەوە و بوو بە نایابترن گۆڵکاری خولی ئیسپانی و بەرشەلۆنەی گەیاندە ئاستێکی زۆرباش، دواتر بوو بە کاپتنی بەرشەلۆنە لە ٢٠١٨ دا و بووە خاوەنی شەشەمین تۆپی زێڕین لە ٢٠١٩ دا.

مێسی و کۆتایی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا

لە یانەی بەرشەلۆنەدا بە کۆی گشتی مێسی ٧٧٨ جار یاریکردووە و ٦٧٢ گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و ٢٢٨ ئەسیستی دروستکردووە، بەڵام دواجار دوای ئەم دەستکەوتە گەورانە لە ٥ـی ئابی ساڵی ٢٠٠٢١ یانەی بەرشەلۆنە ڕایگەیاند کە لیۆنێڵ مێسی لە یانەکە نامێنێت، هەرچەندە هەردوولایان ڕیککەوتبوون بەڵام بڕیار وابوو کە دەبێت لەو ڕۆژەدا گریبەستێک واژوو بکرێت، یانەکە ئاماژەی بە ئاستەنگی دارایی و پێکهاتەیی کرد کە لەلایەن ڕێنماییەکانی لالیگاوە سەپێنراوە وەک هۆکارێک بۆ ڕۆیشتنی میسی، بەوهۆیەوە نەتوانرا بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە دوای ئەوەی فەرمانی پێدرا مووچەکەی زیاتر لە  ٪٥٠ کەم بکاتەوە بۆ هاوتاکردنی ئەو دەرماڵەی کە لەلایەن خولی ئیسپانیەوە دانراوە دواتر لە 8ـی ئابدا لە "کامپ نۆ" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا میسی بە فرمێسکەوە ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ پاشکۆی بەربەستەکان و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەهێلێت و نیوەی مووچەکەی لابدات بەڵام ئەمانەش بەس نەبوو و ڕیکنەکەوتن.

مێسی و یانەی پاریس سان جێرمان

لە 10ی ئاب، میسی چووە پاڵ پاریس سان جێرمان، گرێبەستێکی دوو ساڵەی ئیمزا کرد تا مانگی حوزەیرانی 2023 بە بژاردەی درێژکردنەوە بۆ ساڵێک زیاتر و درێسی ژمارە ٣٠ هەڵبژارد کە هەمان ژمارەبوو لەبەری کرد کاتێک بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرشەلۆنە دەرکەوت.

خێرخوازی و یونیسێف

هەرچەندە بەشێوەیەکی بەناوبانگ تایبەت لە یاریگاکە، بەڵام میسی بە بێدەنگی یارمەتی کەسانی پێویست دەدا ساڵی 2007 دامەزراوەی لیۆ میسی پێکهێنا بۆئەوەی دەرفەت بۆ گەنجانی کەم دەست بڕەخسێنێت، یونیسێف لە سەرەتای ساڵی 2010 دا بە نوێنەری بەئەمەک ناوی برد، لەگەڵ جەختکردنەوە لە شەڕ کردن بۆ مافەکانی منداڵان لە سەرانسەری جیهان.


سەرچاوەکان



3192 بینین