حوسنی موبارەك

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-31-20:33:00 - کۆدی بابەت: 7050
حوسنی موبارەك

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

حوسنی موبارەک (بە عەرەبی: حسني مبارك) ناوی تەواوی محەمەد حوسنی موبارەک لە ساڵی 1928 لە ناوچەی کەفر مسیڵەحەی شاری منوفیە لە میسڕ لەدایکبووە، چوارەمین سەرۆکی کۆماری وڵاتی میسڕ بووە، باوکی کارمەندی "دادگای تەنتا" بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە ناوچەکەی خۆیان تەواو کردووە پاشان لە ساڵی 1949 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی سەربازی بەدەستهێناوە پلەی ئەفسەری دووەمی وەرگرتووە، دواتر چووەتە کۆلێجی فڕۆکەوانی لە ساڵی 1950 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی فڕۆکەوانی ئاسمانی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1964 بڕوانامەی لە پلەکانی خوێندنی باڵابەدەستهێناوە لە "ئەکادیمی فرۆنزی سەربازی" لە یەکێتیی سۆڤیەت، لە پاش خوێندنی سەربازی هیچکات سەردانی ناوچەکەی خۆیانی نەکردەوە سەرەڕای ئەوەی کە دایک و باوکی تێیدا دەژیان.

قۆناغەکانی ژیانی و سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی

ـ پیشە گرنگەکانی: پاش دەرچوونی لە کۆلێجی سەربازی و فڕۆکەوانی، چەند پلە و پۆستێکی گرنگی گرتەدەست، لە ساڵی 1950 لە هێزی ئاسمانی کاری وەرگرت، پاشان گواسترایەوە بۆ "فڕۆکەخانەی حەلوان" وەکوو مەشقپێکەر و ڕاهێنەری سەربازی فڕۆکەوانی دەستبەکار بوو، لە ساڵی 1953 وەکوو مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێجی سەربازی دەستبەکار بوو پاشان کرا بە بەڕێوبەری کۆلێجی فڕوکەوانی سەربازی ئاسمانی، لە ساڵی 1972 بووە جێگری وەزیری سەربازی.

ـ ڕۆڵ و پێگەی لە جەنگە عەرەبییەکانی سەدەی ڕابردوو جەنگی ڕیمال (حرب الرمال): ئەم جەنگە لە ساڵی 1963 لەنێوان هەردوو وڵاتی جەزائیر و مەغریب ڕوویدا بەهۆی کێشەی سنوری نێوانیانەوە، میسڕ لەم جەنگەدا پاڵپشتی وڵاتی جەزائیری کردووە، حوسنی موبارەک لەم جەنگە وەکوو دیل زیندانی کراوە کاتێک خۆی و هاوڕێکانی فڕۆکە سەربازییەکەیان بە ناچاری لە خاکی وڵاتی مەغریب نیشتەوە و بە دیل گیران.
- جەنگی داماڵیین (حرب الاستنزاف): لە ساڵی 1967 جەنگ لە نێوان میسڕ و ئیسڕائیل ڕوویدا لە کەنارەکانی کەناڵی سوێس، بەهۆی پێشڕەوەییەکانی وڵاتی ئیسڕائیل بۆ داگیرکردنی ناوچەی "بور فوئاد" لە شاری بور سەعیدی وڵاتی میسڕ، ئەم جەنگە سێ ساڵی خایاند و حوسنی موبارەک ڕۆڵێکی بایەخداری هەبووە لەم جەنگەدا.

- جەنگی ئۆکتۆبەر (حرب اوکتوبر): حوسنی موبارەک بەهۆی پێگە و دەسەڵاتییەوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لەم جەنگە و هەر خوێشی ڕابەری هێزە ئاسمانییەکانی کردووە ئەو یەکەمین لێدانی سەربازی ئاسمانی دژی ئیسڕائیل ئەنجامداوە، جەنگی ئۆکتۆبەر ئەو جەنگە بوو کە هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و سوریا لە ساڵی 1973 وەکوو هاوپەیمانیەک هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئیسڕائیل لە ڕۆژئاوای کەناڵی سویس و ڕۆژهەڵاتی بەرزاییەکانی جۆڵانەوە، ئەم جەنگە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو.

ـ پێگەی لەلای "ئەنوەر سادات" سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ: بەهۆی دەستکەوت و ڕۆڵە مەزنەکەی لە جەنگی ئۆکتۆبەر، پلەی سەربازی بەرزکرایەوە، لە ساڵی 1975 ئەنوەر سادات سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار هەڵیبژارد، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەم پۆستەدا مایەوە، هەروەها کاتێک لە ساڵی 1978 ئەنوەر سادات حیزبی دیموکراتی نیشتیمانی دامەزراند و کردیە حیزبی دەسەڵاتدار لە میسڕ، حوسنی موبارەکی وەکوو جێگری سەرکردەی حیزبەکە دەستنیشان کرد، ئەم پۆستەی حوسنی موبارەک ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندن و دەرخستنی موبارەک، لەم پۆستەیدا زۆرترین سەردانی نێودەڵەتی ئەنجام دا، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پتەو و بەهێز کرد.

ـ گرتنەدەستی دەسەڵات و بوون بە سەرۆکی میسڕ: لە 14ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1981 حوسنی موبارەک وەکوو  سەرۆکی کۆماری وڵاتی میسڕ هەڵبژێردرا، بە ڕاپرسی و ڕاگشتی ئەنجوومەنی گەل وەکوو چوارەم سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا بووە جێگرەوەی ئەنوەر سادات کە لەلایەن گرووبە توندڕەوەکانەوە لە 6ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1981 تیرۆر کرا، حوسنی موبارەک بۆ ماوەی پێنج خول وەکوو سەرۆک کۆماری میسڕ هەڵبژێردرایەوە، و لە ماوەی دەسەڵاتیدا پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، و تاکوو ساڵی 2011 سەرۆک بوو، پاشان بەهۆی زەبر و شۆڕشی گەل لە دەسەڵات دەستی لە کار کشایەوە. 

دەسکەوتەکانی میسڕ لە سەردەمی دەسەڵاتی حوسنی موبارەك

ـ چەند پەیمانامەیکی ئاشتی گرنگی لەگەڵ ئیسڕائیل واژوو کرد و چەند ناوچەیەکی میسڕی گێڕایەوە و لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل نموونەی "ناوچەی تابا".
ـ چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی لە دەستور و یاسای میسڕی کرد.
ـ چەند پڕۆژەیەکی گرنگی درووستکرد، لەوانە پڕۆژەی شەمەندەفەری میترۆ لە قاهیرە و جیزە، بنیاتنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان و بایەخدان بەلایەنی کشتوکاڵی. 

هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی 25ی یەنایەری ساڵی 2011

حوسنی موبارەک بە قۆڕخکاری دەسەڵات ناسراوە، پۆست و پلە و دەسەڵاتی لە پێش هەموو شتێکەوە بووە، ڕاجیایی و بیروڕاکانی تری ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی تری قبوڵنەبووە، هەر بۆیە نزیکەی 18 هەزار زیندانیکراوی سیاسی هەبووە و بەشێکی زۆریان بەبێ دادگایی کردن ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بوونەتەوە، لە بواری ئابووریشدا ئابووری میسڕ لە سەردەمی ئەودا ڕووبەڕووی کێشەی دارایی و قەرزی نێودەوڵەتی و داڕوخانی زۆر گەورە بووەتەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بوونە، هەروەها نزیکەی 1.7 ملیۆن سەرباز و پۆلیس و پاسەوان و هەواڵدەری لە میسڕ دامەزراندبوو، واتا لە هەر 47 کەسێک لە میسڕ پۆلیسێک هەیە، بە پێی گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی ئەمریکی حوسنی موبارەک پلەی 15یەمین سەرۆکی خراپترینی خراپەکانە و دیکتاتۆرە لە جیهاندا.

شۆڕشی 25‌ـی یەنایەر ساڵی 2011

شۆڕشی ٢٥ـی یەنایەر

لە 25ی کانوونی دووەمی ساڵی 2011 چەندان ڕێپێوان و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە میسڕ دەستیپێکرد، داواکاریان لەکارخستن و لادانی موبارەک و دەسەڵاتەکەی بوو لە پۆستەکەی، ڕێژە و ژمارەی خۆپیشاندەران زۆر بوو و ژمارەیان بە هەشت ملیۆن هاونیشتمانی خەمڵێندرا، هەموو شارەکانی میسڕی گرتەوە، دەسەڵاتداران بە قورسی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوه و بە سەدان کەس کوژران، بەڵام گڕوتینی خۆپیشاندەران لە ڕادەبەدەر زۆر و چاونەترس بوون کۆک بوون لەسەرداواکارییەکانیان، موبارەک دوو وتاری خێرای دا بۆ هەموارکردنەوەی بارودۆخەکە و بەڵێنی چاکسازی دا و بڕیاریدا کەمبۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی کاندید نەکاتەوە، بەڵام بارودۆخەکە خراپتر بوو، چەندان کەسایەتی و هونەرمەندی دیار پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دووپاتکردەوە لە مەیدانی تەحریر لە ناوەندی قاهیرە بە هەزاران خۆپیشاندەر داوای ڕوخاندن و لەناوبردنی دەسەڵاتی موبارەکیان کرد، لە 11ی شوباتی 2011 حوسنی موبارەک دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و وازی لە دەسەڵات هێنا، بە ملیۆنان کەس دەرچوونە شەقامەکانی میسڕ و ئاهەگیان گێڕا. 

ژیانی موبارەک پاش دەست لەکارکێشانەوەی لە دەسەڵات

لە پاش دەست لەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەک و خێزانەکەی ڕووبەڕووی چەندان تۆمەت کرانەوە و زیندانی کران، حوسنی موبارەک بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران زیندانی کرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، بەڵام بارودۆخی تەندرووستی تێکچوو بوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و پاشان بۆ "زیندانی تەرە" کە لە باشووری قاهیرەیە کۆمەڵێک زیندانیکراوانی سیاسی دیاری لەخۆگرتووە، هەردوو کوڕەکەی جەمال و عەلا، هەروەها وەزیری ناوخۆ و کۆمەڵێک سیاسی ناوداری میسڕ ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە بەهۆی تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی دەوڵەت، بەڵام هەموویان تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و دانیان بە تاوانەکانیان نەنا، لە ساڵی 2012 بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ حوسنی موبارەک و وەزیری ناوخۆ دەرکرا، بارودۆخی تەندروستی موبارەک خراپتر ببوو، لە ساڵی 2013 بریارەکە گۆڕدرا بۆ دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ و چاودێریکردنی، لە ساڵی 2014 لە هەموو تۆمەتەکانی دژی هەڵوەشێندرایەوە و بێتاوان کرا. 

باری خێزانی

هاوسەرگیری لەگەڵ سوزان ساڵح سابت ناسراو بە سوزان موبارەک کردووە بوونەتە خاوەنی دوو کوڕ بە ناوەکانی عەلا و جەمال. 

کۆچی دوایی

لە ڕوژی 25ی شوباتی ساڵی 2020 لە تەمەنی 91 ساڵی کۆچی دوایی کرد، بە شێوەیەکی سەربازی و شایستە ماڵئاوایی لێکرا، سێ ڕۆژ ماتەمینی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندرا. 


سەرچاوەکان



638 بینین