زەردەواڵە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-02-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7072
زەردەواڵە

ناوه‌ڕۆك

زەردەواڵەکان

زەردەواڵە یان زەنگەسوورە یاخود زەرگەتە (بە عەرەبی: دبور، بە ئینگلیزی: wasp)، لە کۆمەڵەی مێرووەکاندا پۆلێندەکرێت و خاڵی هاوبەشی لەگەڵ مێروولە و هەنگەکاندا هەیە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە لە خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون، نشینگەکەی دەکرێت هەموو ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە تەنانەت بیابانە گەرمەکان و ناوچە بەستەڵەکەکانیش، لەبەر ئەوەی کەمەرێکی زۆر باریکی هەیە لە نێوان سنگ و سکیدا، ئەوا ئەم مێرووە دەتوانێت بە نزیکەیی جەستەی بکاتە نیو هێندەی قەبارە ئاساییەکەی و لە هەموو ئاڕاستەکانەوە توانای پێوەدانی هەیە بۆ دوژمن و قوربانییەکانی نزیکی، پێوەدانەکەی ژەهراوییە و لە ناوچەی کۆتایی سکییەوە توانای دەرپەڕاندنی هەیە، کە پێوەدانێکی زۆر ترسناکە و دەکرێت ببێتە هۆکاری مردن لە ئەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە، جیاوازییەکەشی لەگەڵ هەنگەکان ئەوەیە کە پێوەدانی زەردەواڵەکان لە ڕێگەی دەرپەڕیوی بچووکترەوەیە و پێکهاتەکەشی لەجەستەی قوربانییەکەدا جێناهێڵیت بەڵکو بە زیندووی دەمێنێتەوە و چەندین جار توانای دووبارە پێوەدانی هەیە.

سوودەکانی

شێوازی دروستی مامەڵەکردن لە کاتی بینین یاخود دۆزینەوەی ماڵی زەردەواڵەکان بریتییە لە دەستکاری نەکردنیان، سەرەڕای ئەوەی زەردەواڵە مێروویەکی بێزارکەرە، بەڵام بە بێ هەبوونی هۆکاری پێویست نابێت ماڵ و جێگەکەیان وێرانبکرێت، چونکە یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە سوودێکی زۆری هەیە لە بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو نەخۆشییە زیانبەخشانەی کە ڕووبەڕوی دارستان و کێڵگەکان دەبنەوە، ئەگەر شوێنەکەی نەگونجاو بوو ئەوا دەکرێت هەتا کۆتایی وەرزی پاییز چاوەڕوان بن پاشان بیگوازنەوە بۆ جێگەیەکی دیکە بەڵام بەبێ زیان گەیاندن بە ماڵەکەیان.

شێوەی دەرەوەی و خۆراک

بە گشتی لەناو خەڵکیدا وا باوە کە جەستەی زەردەواڵەکان لە دوو ڕەنگی زەرد و ڕەش پێکهاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت ڕەنگی زۆری جیاوازتری هەبێت، درێژییەکەی لە نێوان ١.٥-١٠ سم دەبێت و ٤ باڵی پەردەیی هەیە کە قەبارەی دوو باڵەکەی دواوەی بچووکترن بە بەراورد بە ئەوانەی پێشەوە، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی باڵیان نییە، شێوەی ناوچەی سکی هاوشێوەی لوولەیە و بە موو داپۆشراوە، هەروەها لە هەردوو تەنیشتەکانی سەریدا دوو چاوی گەورە و ئاڵۆزی هەیە کە هاوکاریدەکات لەهەمان کاتدا هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان ببینێت و لەسەر سەرییەوە دوو شاخی هەیە کە کۆمەڵێک فرمانی جیاواز ئەنجام دەدەن، وەک بەکارهێنانی بە مەبەستی هەستەکانی بۆنکردن و بەرکەوتن، جگە لە ئەمانەش توانای ناسینەوەی لەرینەوەکانی هەوای هەیە و وەک چەژەگۆپە کاردەکات و لە کاتی دروستکردنی لانەکەیدا بە سوود وەرگرتن لە درێژی شاخەکانی پێوانەی ئەو پێکهاتانە دەکات کە دەیهێنێت بۆ دروستکردنی لانەکەی، دەمی ئەم مێرووە بەجۆرێک دروستبووە کە دەبێتە هۆی وردکردن و هاڕاندنی پارچە بچووکەکانی ڕووەکەکان و بەکارهێنانی وەک ژەمی خۆراکی یاخود بۆ دروستکردنی لانەکەی سوود لە لیک و پێکهاتەکانی دەبینێت.

یەکگرتن و زۆربوون

بە گشتی کاتی زۆربوونی زەردەواڵەکان دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە و زۆربوونەکەش ڕوودەدات لە ئەنجامی دانانی ژمارەیەکی زۆری هێلکە لە منداڵدانی شاژنەکەدا، کە تەنها یەکجار لەلایەن نێرینەکەیەوە دەپیتێنرێن، واتە زۆربوونەکەیان لە ئەنجامی یەکگرتنی نێرینە و شاژنەوە دەبێت، پاشان شاژنەکە جێگەیەک هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لانەیەکی تیادا دروستبکات، پاشان هێلکەکانی بە شێوەیەکی ڕێکخراو دادەنێت، دەکرێت تەنها لە یەکجاردا زیاتر لە ٢٠٠٠ هێلکە دابنێت، دوای ماوەیەک کرمۆکەی ئیشکەر لە هێلکەکان هەڵدێن، دواتر کرمۆکەکان دەگۆڕێن بۆ قۆزاخە و پاشان بۆ زەردەواڵەی پێگەیشتوو، دوای تەوابوون سەرلەنوێ هێلکەدانی شاژن بە دانانی هێلکەی نوێوە سەرقاڵدەبێت، لە سەرەتای دروستکردنی لانەی زەردەواڵەکاندا شاژنەکە ژمارەیەک جاڵجاڵۆکەی کوژراوی بۆ دەهێنێت بۆ ئەوەی دواتر کرمۆکەکان وەک سەرچاوەی خۆراکی سوودی لێ ببینن، دوای ئەمە هێلانەکە بەتەواوەتی دروستدەکات و دایدەخات، کرمۆکەکانیش بەشێوەیەکی سروشتی خۆیان پەرەدەسێنن و مێرووەکان دەخۆن، دوای کۆتایی هاتنی سوڕەکەشیان هەر زەردەواڵەیەک جێگەیەکی نوێ بۆ ژیانکردنی دەدۆزێتەوە، لە وەرزی زستاندا و بە هاتنی سەرمای زۆر و سەخت هەموو نێرینە و کرێکارەکان دەمرن و تەنها شاژنەکە بەزیندویی دەمێنێتەوە و دوای زستان زۆربوونەکە دەستپێدەکاتەوە.

جۆرە سەرەکییەکانی

بە شێوەیەکی گشتی زەردەواڵەکان دابەشدەبن بۆ دوو نەوەی جیاواز، کە بریتین لە زەردەواڵەی کۆمەڵایەتی و زەردەواڵەی تاک، نموونەوەکانی جۆری یەکەم وەک زەردەواڵەی باو و زەردەواڵەی گەڵا و زەردەواڵەی بەرگ زەرد، نموونەی جۆری دووەمیش وەک زەردەواڵای سیکادای بکوژ و زەردەواڵەی قوڕ و زەردەواڵەی پۆرسەلین، بەناوبانگترین جۆرە دیارەکانیش بریتین لە ئەمانە:

  • زەردەواڵەی گەڵا

  • زەردەواڵەی ڕێگا

  • زەردەواڵەی ڕاستی

  • زەردەواڵەی ئەڵمانی

  • زەردەواڵەی لمی

  • زەردەواڵەی سکولی

  • زەردەواڵەی تیڤا

  • زەردەواڵەی هورنتس


سەرچاوەکان



1632 بینین