ڕێنوێنی بۆ کڕینی دایبی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-07-21:51:00 - کۆدی بابەت: 7122
ڕێنوێنی بۆ کڕینی دایبی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ڕێنوێنی

دایکان دەبێت زۆر گرنگی بدەن بەو دایبییەی کە دەیکڕن بۆ منداڵەکانیان و تێبینی هەموو خاڵەکان بکەن لە دایبییەکەدا وەک:

ماددەی دایبییەکە

ماددەی دەرەوەی دایبییەکە واباشترە لە کەتان (لۆکە) بێت نەک پلاستیک چونکە ئەگەری ئاڵوگۆڕی هەوا لە ماددەی پلاستیکدا کەمترە و بەمەش ئازاری قاچی منداڵەکە دەدات.

بەرزی و فراوانی دایبییەکە

دەبێت جۆری دایبییەک بکڕیت کە پشتەکەی بەرز بێت و پان بێت چونکە پیسایی منداڵی تازە لەدایکبوو یان ئەوانەی شیری دایکیان دەخۆن و ئەگەری هاتنە دەرەوەی پیساییەکە هەیە هەر بۆیە دەبێت دایبییەکە پان و بەرز بێت.

قەبارەی دایبییەکە

بەپێی تەمەنی منداڵەکە دەبێت بە قەبارەی جیاواز دایبی بۆ بکڕیت و دڵنیابیت لەوەی کە زۆر گەورە یاخود زۆر بچووک نەبێت، بۆ ئەمەش دەتوانیت پەنجەی دۆشاو مژەت بکەیتە پشتەوەی دایبییەکە و بەمەش بۆت دەردەکەوێت کە گەورە بێت یاخود بچووک.

پێوەری گرنگ بۆ هەڵبژاردنی دایبی بۆ منداڵەکەت

  • لە ڕووی دەرەوەی دایبییەکە کونی بچووک هەبێت تاکوو هەوا ئاڵوگۆڕ ببێت.
  • کێش هاتوو بێت تاکوو ئازاری پێی منداڵەکە نەدات.
  • ناوەوەی دایبییەکە نەرم و لۆکە بێت.
  • ڕووی دەرەوەی پلاستیکی نەبێت.
  • چەسپی دایبییەکە زوو لێ نەبێتەوە.
  • پێکهاتەی دژە هەستیاری تیابێت.
  • بەبێ بۆن بێت.
  • کاتێک ناوەوەی پڕ دەبێت خڕ نەبێت و تۆپەڵ نەبێت و لۆکەکانی لەیەک جیانەبێتەوە.
  • کەمەر و ڕانی بە تەواوی دابپۆشێت.
  • نە گەورە بێت و نە بچووک بێت.

هەڵبژاردنی قەبارەی دایبی بۆ منداڵ

لەسەر ڕووی هەر دایبییەک قەبارەی دایبییەکە نوسراوە و قەبارەکەی بە پێی کێشی منداڵەکە دیاری دەکرێت

دایبی قەبارە سفر، گونجاوە بۆ مناڵی تازە لەدایکبوو تا چەند مانگێک

  • دایبی قەبارەی یەک، گونجاوە بۆ کێشی ٣ بۆ ٥ کیلۆگرام.
  • دایبی قەبارە دوو، گونجاوە بۆ کێشی ٣ بۆ ٦ کیلۆگرام.
  • دایبی قەبارە سێ، گونجاوە بۆ کێشی ٤ بۆ ٥ کیلۆگرام
  • دایبی قەبارە چوار، گونجاوە بۆ کێشی ٧ بۆ ١٨ کیلۆگرام.
  • دایبی قەبارە پێنج، گونجاوە بۆ کێشی ١١ بۆ ٢٣ کیلۆگرام.

هەڵبژاردنی قەبارەی دایبی منداڵ پەیوەندی بە تەمەنی منداڵەکەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە جەستە و کێشی منداڵەکەوە هەیە.

چ کاتێک دەبێت قەبارەی دایبی منداڵەکەت بگۆڕیت؟

پەیوەندی هەیە لە نێوان کێشی منداڵ و قەبارەی دایبیەکەدا، ئەگەر کێشی منداڵەکەت لە نێوان دوو قەبارەدایە واباشترە کە قەبارە بچووکترەکە هەڵبژێریت، ئەگەر دایبی منداڵەکەت ناگاتەوە و یاخود بە قورسی هەردوو چەسپەکە دەگاتەوە و بە تەواوی پشتی منداڵەکە داناپۆشێت ئەوا واتە قەبارەکەی بچووکە و دەبێت گەورەتر هەڵبژێریت بۆ منداڵەکەت.


سەرچاوەکان



1165 بینین